مونیرە عەبدولعەزیز بۆ پەنجەرە: هێرشم نەکردووەتە سەر کوردی ڕۆژئاوا بە گشتی و پەیوەندی سیاسیمان لەگەڵیان هەیە
٣ تشرینی یەکەم ٢٠٢٥ - ١٠:٤٦ پاش نیوەڕۆ

پەنجەرە
مونیرە عەلی عەبدولعەزیز ئەندامی مەکتەبی سیاسی بزووتنەوەی ئیسلامی، ڕەتیدەکاتەوە هێرشی کردبێتە سەر کوردانی ڕۆژئاوای کوردستان بەگشتی و بە "بێ دین و دوور لەدین" وەسفی کردبن.
مونیرە عەلی عەبدولعەزیز، بە پەنجەرەی ڕاگەیاند: من هێرشم کردووەتە سەر زانکۆی ئەمەریکی و ئەو گروپەی لە ڕۆژئاوای کوردستانەوە هاتبوونە زانکۆکە، ڕووی دەمم لەوان بووەو نکۆڵی لێ ناکەم.
دەشڵێت: هێرشم نەکردووەتە سەر کوردانی ڕۆژئاوا بە گشتی، چونکە ئێمە کورد بە گشتی بە میللەتێکی ڕەسەن دەزانین.
سەبارەت بە پەیوەندی نێوان بزووتنەوەی ئیسلامی و حزبە کوردیەکانی ڕۆژئاوای کوردستان، مونیرە عەبدولعەزیز وتی: پەیوەندیمان لەگەڵ زۆربەی گروپ و لایەنەکانی ڕۆژئاوای کوردستان باشە، سەردانیان کردووین و پەیوەندی سیاسی هەبووە لە نێوانمان.