فەرید ئەسەسەرد بۆ پەنجەرە: هەمووان نیگەرانن لە ڕوودانی ئاڵۆزی و ئەگەری پەکخستنی هەڵبژاردن بەڵام کەس باسی سەرچاوەی نیگەرانییەکەی ناکات
٣ تشرینی یەکەم ٢٠٢٥ - ١٠:٤٧ پاش نیوەڕۆ

پەنجەرە
فەرید ئەسەسەرد بەرپرسی پێشووی پێشووی سەنتەری لێکۆڵینەوەی ستراتیژی یەکێتی ئاشکرایکرد، هەموو لایەنە عێراقییەکان نیگەرانن و ترسیان لە ڕوودانی دۆخێک هەیە ببێتە هۆی پەکخستنی هەڵبژاردن، بەڵام هیچ لایەک سەرچاوەی نیگەرانییەکەی ڕوون ناکاتەوە.
فەرید ئەسەسەرد، بە پەنجەرەی ڕاگەیاند: نیگەرانی لایەنە عێراقییەکان ڕوون نیە، پەیوەندی بە ئەگەری هێرشی ئەمەریکاوە هەیە بۆ سەر هێزە شیعەکان، یاخود جم و جۆڵی ڕێبەری ڕەوتی سەدرو ڕێگریکردن لە ئەنجامدانی هەڵبژاردن.
دەشڵێت: ئەگەر ئەمەریکا هێرش بکاتە سەر هێزە شیعەکان هەڵبژاردن پەک دەخرێت، بەڵام خۆ حکومەتی عێراق دەتوانێت لە ڕێگەی دیپلۆماسییەوە ئەو کێشەیە چارەسەر بکات.
ئەگەری ئەنجام نەدانی هەڵبژاردن دەبەسترێتەوە بە ئەگەری هێرشکردنە سەر ئێران لەلایەن ئەمەریکاو ئیسرائیلەوە، بەڵام بەرپرسانی شیعە سەرباری نیگەرانی دەربڕین ئاماژە بە سەرچاوەی نیگەرانییەکانیان ناکەن.
فەرید ئەسەسەرد وتی: ڕەنگە حزب و لایەن هەبن لە هەڵبژاردن بترسن، پێیانوابێت هەڵبژاردن نەخشەی سیاسی دەگۆڕێت و دەنگەکانیان بەدەست ناهێننەوە، ڕەنگە ئەمەش یەکێک بێت لە سەرچاوەی نیگەرانییەکان و ئەو ترسەی باس دەکرێت بۆ پەکخستنی هەڵبژاردن.
جەختیشیکردەوە: هەموو نیگەرانەو باس لە ئەگەری دواخستنی هەڵبژاردن دەکات بەهۆی سەرهەڵدانی ئاڵۆزییەوە، بەڵام کەس باسی هۆکارو سەرچاوەی نیگەرانییەکە ناکات.