پێشمەرگە و هەسەدە؛ تێپەڕین بەیەک ڕێگەدا

٤ تشرینی یەکەم ٢٠٢٥ - ٣:٠٩ پاش نیوەڕۆ

پێشمەرگە و هەسەدە؛ تێپەڕین بەیەک ڕێگەدا

پەنجەرە

تواندنەوەی هێزەکانی سوریای دیموکرات هەسەدە لە نێو سوپای سوریا یاخود مانەوەی هێزەکە وەکو یەکەیەکی سەربەخۆ بووەتە گرێ کوێرەی ڕێککەوتنی نێوان کورد و دیمەشق، لەکاتێکدا دوای ڕووخانی بەعس هەمان کێشە لەنێوان عێراق و هەرێم دا ڕوویدا.


پێشمەرگە؛ ئالەنگاریی هەڵوەشاندنەوە

دوای ڕووخانی ڕژێمی بەعس لە ساڵی 2003، لایەنە عێراقییەکان داوای تێکهەڵکێش کردنی پێشمەرگەو سوپای عێراقیان کرد، بەڵام لایەنە کوردیەکان ئەمەیان ڕەتکردەوە.

بیانووی لایەنە عێراقیەکان بۆ تێکهەڵکێش کردنی سوپای عێراق و پێشمەرگە ڕووخانی ڕژێمی بەعس و نەمانی مەترسی بوو لەسەر کورد، بەڵام لایەنە کوردیەکان پێداگیریان لەسەر مانەوەی پێشمەرگە وەکو یەکەیەکی سەربەخۆ کرد بەو مەرجەی بەشێک بێت لە سیستەمی بەرگری عێراق.

کورد بەسوود وەرگرتن لە هەلومەرجی ئەوکاتی عێراق و پاڵپشتیکردنی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی، عێراقی ناچار کرد بەوەی ڕازیی بێت بە مانەوەی پێشمەرگە وەکو هێزێکی سەربەخۆ و بەشێک لە سیستەمی بەرگری عێراق.

ئەگەر ئەوکات هێزی پێشمەرگە تێکهەڵکێشی سوپای عێراق بکرایە، پێشمەرگە وەکو سەرباز مامەڵەی لەگەڵ دەکرا، لەنێو سوپای عێراق دا دەتوێنرانەوە.


هەسەدە؛ تێهەڵکێشکردن بەتامی توانەوە

لەکاتی ڕێککەوتنی نێوان کورد و حکومەتی دیمەشق دا، لایەنی کوردی ڕازی بوو بە تێکهەڵکێش کردنی هەسەدەو سوپای سوریا، بەڵام دواتر کورد لەمە پاشگەز بووەتەوە.

کاتێک دوو هێز تێکهەڵکێش دەکرێت، ئەو دوو هێزە دەبنە یەک هێز و هێزە بچووکەکە کۆتایی دێت، بۆیە کورد لەمە پاشگەز بووەتەوە و تێکهەڵکێشکردن ڕەتدەکاتەوە، داوادەکات هەسەدە وەکو یەکەیەکی سەربەخۆ و بەشێک لەسیستەمی بەرگری سوریا بمێنێتەوە.

کێشەی نێوان کورد و دیمەشق لەسەر مانەوەی هەسەدە بەسەربەخۆیی یاخود تێکهەڵکێشکردنی لەگەڵ سوپای سوریا، بە هەڵواسراوی ماوەتەوە؛ هەردولایان پێداگیری دەکەن لەسەر خواستەکەیان.

چاودێرانی سیاسی پێشبینی دەکەن، دواجار کورد و سوریا لەسەر ئەوە ڕێکبکەون هێزەکانی سوریای دیموکرات بچووکتر بکرێتەوە و دەستبەرداری چەکی قورس بێت، هەروەها ئەرکی پاراستنی ناوچە کوردستانییەکانی پێ بسپێردرێت.


دواین پێشهات

زۆرترین خوێنراو