ژن دۆزینەوە بەپارە؛ "50 هەزار بنێرە کچ و بێوەژنت پێ دەناسێنین"
٤ تشرینی یەکەم ٢٠٢٥ - ٣:١٠ پاش نیوەڕۆ

پەنجەرە
"سەردانی نوسینگەکەمان بکە لە (…..) یان 50 هەزارم بۆ بنێرە، لە بەرامبەردا هەندێک کچ و بێوەژنت پێ دەناسێنم، کامیانت بەدڵبوو بیخوازە". ئەمە نامەی یەکێک لە خاوەن نوسینگەکانی "ژن بەشودانە" کە بۆ ئەو هاوڵاتیانە دەینێرێت پەیوەندی پێوە دەکەن.
ژنهێنان و کچ بەشودان، خەریکە دەبێتە بزنس و لە ڕێگەی تۆڕە کۆمەڵایەتیەکانەوە بە ئاشکرا بانگەشەی بۆ دەکرێت، لەهەندێک ناوچەش نوسینگە بۆ ئەم مەبەستە دانراوە.
خاوەن ئەو پەڕە و نوسینگانەی تایبەتن بە ژنهێنان و ژن بەشودان، تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانیان کردووەتە کەناڵێک بۆ برەودان بە کارەکەیان. ئەوان ڕۆژانە ئەو کوڕ و کچانەی کەخوازیاری ژن هێنان و شووکردنن، پەیوەندیان پێوە دەکەن و ناوی خۆیانیان لا تۆمار دەکەن.
ڕۆژنامەنووسێکی پەنجەرە لەگەڵ یەکێک لەو نوسینگانەدا لەرێگەی ئۆنلاینەوە کەوتە قسەکردن. نوسینگەکە کۆمەڵێک ئۆفەری خستە بەردەمی ڕۆژنامەنووسەکە لەوەی چ کچ و بێوەژنێکی بوێت بەمەبەستی هاوسەرگیریی دەیخاتە بەردەمی. بەڵام کاتێک خۆی بە خاوەن نوسینگەکە ناساند، ئەو بێدەنگی هەڵبژارد و ئامادە نەبوو هیچ قسەیەک بکات.
دۆخی یاسایی ئەم حاڵەتە نەزانراوە، بەوەی ئایا کارێکی یاساییە یان نا؟ بەڵام پارێزەرێک ئاماژە بەوەدەکات ئەگەر ئامانج لەم کارە بەدەستهێنانی پارەبێت بە فریودان، ئەوکات دەبێتە تاوان و پێشێلکردنی یاسا.
کاوە لەتیف، پارێزەر، بە پەنجەرەی ڕاگەیاند: ئەگەر ژنهێنان و ژن بەشودان لەلایەن ئەو کەس و نوسینگانەوە لێسەندنی پارەبێت بە فریودان، ئەوا کارە کارەکە دەچێتە چوارچێوەی "فێڵکردن"ـەوە و سزای یاسایی لەسەرە.
پێیشیوایە مەسەلەکە پەیوەندی بە مافی گشتییەوە هەیە و دەبێت داواکاری گشتی دۆسیەی لەسەر بجوڵێنێت.
ئەو کەسانەی کاری ژنهێنان و ژن بەشودان دەکەن، نامەی کچان و ژنان لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان بڵاو دەکەنەوە بەبێ ناوهێنان و بڵاوکردنەوەی وێنەیان، بەڵام ناوەڕۆکی داواکارییەکانیان دەخەنەڕوو.
لە دوو نامەدا کە لەلایەن خاوەن نوسینگەکانی ژنهێنان و ژن بەشودانەوە بڵاوکراونەتەوە و وێنەی لای پەنجەرەیە، ئەو ژنانەی خواستی شووکردنیان بۆ خاوەن نوسینگەکان دەربڕیووە و ئاماژەیان بەوەکردووە پێشتر هاوسەرگیرییان کردووەو جیابوونەتەوە.
خاوەن نوسینگەکان پرسیاری ئەوەیان لێکردوون، تا چەند ئامادەن شوو بە پیاوی هاوسەردار بکەن، ئەوانیش ئامادەییان دەربڕیووە و لارییان نەبووە، لەکاتێکدا بەپێی یاسا بەرکارەکانی هەرێم، فرەژنی قەدەغەکراوە.