دوورخستنەوەی بەرپرسان؛ لە هێز و دەستگیرکردنەوە تا دادگای فیدراڵی 

٥ تشرینی یەکەم ٢٠٢٥ - ٤:٠٦ پاش نیوەڕۆ

دوورخستنەوەی بەرپرسان؛ لە هێز و دەستگیرکردنەوە تا دادگای فیدراڵی 

په‌نجه‌ره‌

دوای ڕووخانی ڕژێمی بەعس بەشێک لەو بەرپرسانەی لەگەڵ لایەنە شیعەکاندا ناکۆک بوون، ڕووبەڕووی دەستگیرکردن و زیندانیکرن کرانەوە، بەڵام لەم چەند ساڵەی دواییدا، جۆری تەسفییەکردن گۆڕاوە و دادگای فیدراڵی بۆ ئەو مەبەستە بەکاردەهێنرێت.


ڕاوەدوونانی بەرپرسان

ئەوکاتەی نوری مالکی سەرۆکوەزیرانی عێراق بوو، بەرپرسانی عەرەبی سونە ڕووبەڕووی هەڵمەتێکی دەستگیرکردن و ناچارکردن بۆ بەجێهێشتنی وڵات کرانەوە، بەتایبەت ئەو بەرپرسانەی لەلایەن هێزە شیعەکانەوە وەکو لەمپەر لێیان دەڕوانرا.

تاریق هاشمی، جێگری پێشووتری سەرۆک کۆماری عێراق، دیارترین ئەو سەرکردانە بوو، کاتێک لەساڵی 2013 تۆمەتی کوشتنی درایە پاڵ و بڕیاری دەستگیرکردنی بۆ دەرکرا، پۆستەکەی و عێراقیشی بەجێهێشت و تا ئێستا نەگەڕاوەتەوە.

تۆمەتی دەست تێکەڵکردن لەگەڵ تیرۆر تا ساڵی 2013، دیارترین ئەو تۆمەتانە بوو کە دەدرایە پاڵ سەرکردە سونەکانی عێراق، ڕافع عیساوی، وەزیری پێشووتری دارایی عێراق، دوای ئەوەی لەگەڵ مالکی دووچاری ناکۆکی بوو، بڕیاری دەستگیرکردنی بۆ دەرکرا و عێراقی بەجێهێشت.

لەساڵی 2020 و لە چوارچێوەی سەفقەیەکی سیاسی دا، رافع عیساوی گەڕایەوە عێراق و دادگا ئەو بڕیارەی هەڵوەشاندنەوە کە بە غیابی بۆ لەسێدارەدانی دەری کردبوو.

ئەحمەد عەلوانی ئەندامی پێشووی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، کە زۆرترین ڕەخنەی لە هێزە شیعەکان دەگرت، بە دیارترین قوربانی ناکۆکییە سیاسییەکان دادەنرێت، بەو پێیەی تۆمەتی تیرۆری درایە پاڵ و بۆ ماوەی 8 ساڵ زیندانیکرا.

ئەو سەرکردانەی عەرەبی سونە بەشێک بوون لە چەندین سەرکردەی تری ئەو پێکهاتە، کە ناچار کران عێراق بەجێبهێڵن یاخود ڕووبەڕووی دەستگیرکردن و زیندانیکردن کرانەوە.


تێپەڕین بە دەڕوازەی هەرێم دا

بەکارهێنانی دەروازەی هەرێمی کوردستان لەلایەن سەرکردە سونەکانەوە بۆ هەڵهاتن لە عێراق، وەکو خۆ دووبارەکردنەوەی مێژوو لێی دەڕوانرێت، بەو پێیەی سەرکردە سەربازیەکانی سەردەمی بەعسیش هەمان دەروازەیان بۆ هەڵهاتن بەکاردەهێنا.

فەریق ڕوکن نزار خەزرەجی، سەرۆک ئەرکانی سوپای عێراقی سەردەمی ڕژێمی بەعس، دیارترین سەرکردە سەربازییەکان بوو کە بەنهێنی و لە ساڵی 1995، خۆی گەیاندە هەرێمی کوردستان و بەرەو دەرەوەی وڵات هەڵهات.

هاوکات تارق هاشمی و ڕافیع عیساویش کاتێک لە ساڵی 2013 بڕیاری دەستگیرکردنیان بۆ دەرکرا، هەر بە دەروازەی هەرێمی کوردستان تێپەڕین و خۆیان گەیاندە دەرەوەی وڵات.


لە هێزەوە بۆ دادگا 

شێوازی مامەڵەکردن لەگەڵ بەرپرسانی ناکۆک و ڕکابەر لەگەڵ لایەنە شیعەکان گۆڕانکاری بەسەردا هاتووە، لە دەستگیرکردن و زیندانیکردنەوە گۆڕاوە بۆ دوورخستنەوەیان لە ڕێگەی دادگای فیدراڵییەوە.

محەمەد حەلبوسی سەرۆکی پێشووی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، ئەوکاتەی لەگەڵ ڕەوتی سەدر و پارتیدا هاوپەیمانێتی ئەنجامدا و تۆمەتبار کرا بە تێکدانی نێوماڵی شیعە، لەڕێگەی دادگای فیدراڵییەوە ڕەوانەی ماڵەوە کرا.

حەلبوسی دوای مانەوەی بۆ ماوەی پێنج ساڵ لە پۆستەکەی، تۆمەتی ساختەکردنی دەستلەکارکێشانەوەی پەرلەمانتارێکی هاوپەیمانێتییەکەی خرایە سەر مێزی دادگای فیدراڵی، ئەمەش بووە هۆی لابردنی لە پۆستی سەرۆکی پەرلەمان.

 ئەگەر ناکۆکی نێوان حەلبوسی و لایەنە شیعەکان بە چەند وێستگەیەکی پڕ لە تەبایی و ڕکابەریدا گوزەری کردبێت، ئەوا دۆخەکە بۆ پارتی دیموکراتی کوردستان جیاوازترە، بەوپێیەی زۆربەی کات لەگەڵ لایەنە شیعەکاندا لە کێشمەکێش دا بووە.

ڕەنگە هۆشیارزێباری، وەزیری پێشووتری دەرەوە و دارایی عێراق دیارترین قوربانی کێشمەکێشی نێوان پارتی و لایەنە شیعەکان بێت، چونکە بە بڕیاری دادگا پۆست وەرگرتنی لێ مەحروم کراوە و هەمیشە دڵی لە بەغدایە.

هۆشیار زێباری کە تۆمەتی خراپ بەکارهێنانی دەسەڵاتەکانی درایە پاڵ و لە پۆستی وەزیری دارایی دوور خرایەوە، دواتر بەهەمان تۆمەت ڕێگەی پێنەدرا خۆی بۆ پۆستی سەرۆک کۆماریش کاندید بکات.

هۆشیار زێباری کاندیدی پارتی دیموکراتی کوردستان بۆ پۆستی سەرۆک کۆمار، دوای دوورخستنەوەی لەلایەن دادگای فیدراڵیەوە، کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانی ئەنجامدا و ڕایگەیاند: ئەمڕۆ ڕۆژێکی دڵتەنگە بۆ عێراق، ئێمە هیچ تاوانێکمان نەکردبوو، ئەو بڕیاڕەی دادگای فیدڕاڵی داویەتی دەرهەق بە من بڕیاڕێکی سیاسیە و ستەمم لێکراوە، بەڵام من ڕێزی لێدەگرم.

ڕوونیشیکردەوە، هێزی سیاسی لە پشت بڕیاری دوورخستنەوەیەوە هەیە لەمافی خۆکاندیدکردن، ئەو هێزانەش دەناسن، وتی: "سی ڤی و ڕابردووی ئێمە لەبەفری سەر چیا پاکترە."


دواین پێشهات

زۆرترین خوێنراو