نازناو لە عێراق؛ لە هێڵی مۆلیدەوە بۆ کاندیدی پەرلەمان

٥ تشرینی یەکەم ٢٠٢٥ - ٤:١٤ پاش نیوەڕۆ

نازناو لە عێراق؛ لە هێڵی مۆلیدەوە بۆ کاندیدی پەرلەمان

پەنجەرە

ئەو کاندیدانەی لە چوارچێوەی بانگەشەی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق دا پارە زۆر دەبەخشن، نازناوی کاندیدی ئاڵتونییان لێنراوە، لەکاتێکدا ئەم نازناوە لە کرێی مانگانەی مۆلیدە ئەهلییەکانی بەغداوە وەرگیراوە.

نەسیر سەعدی، کە خاوەن مۆلیدەیەکە لە شەقامی کیفاحی بەغدا، بە پەنجەرەی ڕاگەیاند: ئێمە دوو جۆر گرێبەستمان لەگەڵ بەشداربوواندا هەیە، هەر بەشدار بوویەک هێڵی کارەبای ئاڵتونی بوێت کە 24 کاتژمێرییە، مانگانە بۆ هەر ئەمپێرێک 20 هەزار دیناری لێوەردەگرین.

وتیشی: هێڵی سۆپەریشمان هەیەو  نرخی ئەمپێرێک 12 هەزار دینارە، بەڵام ڕۆژانە 12 کاتژمێر کارەبا دەدەین.

نازناوی ئاڵتونی و سۆپەر لە کرێی مۆلیدەوە بۆ کاندیدی پەرلەمانی گواستراوەتەوە. ئەو کاندیدانەی لە کاتی بانگەشەی هەڵبژاردندا نزیکەی سێ ملیار دینار دەبەخشن و زیاتر سەرۆک حزبەکانن، نازناوی کاندیدی ئاڵتونییان لێنراوە، ئەوانەشی نزیکەی ملیارێک دەبەخشن نازناوی سۆپەریان پێ بەخشراوە.

شارەزایەکی بواری سیاسی ئاماژەبەوەدەکات، لایەنەکان پارەیەکی ئێجگار زۆریان بۆ بانگەشەی هەڵبژاردن و کڕینی دەنگ تەرخانکردووە.

سەیف سەعدی، بۆ پەنجەرە دەڵێت: نازناوی ئاڵتونی بۆ ئەو کاندیدانەیە کە سەرووی 3 ملیار دینار خەرج دەکەن، "سۆپەر"ـیش نراوە لەو کاندیدانەی یەک ملیار دینار خەرج دەکەن، هەروەها نازناوی "نایاب"ـیش بۆ ئەوانە دانراوە کە کەمتر لە یەک ملیار خەرج دەکەن.

بەبڕوای ئەو چاودێرە سیاسییە، هۆکاری خەرجکردنی ئەم پارە زۆرە لەلایەن لایەنە عێراقییەکانەوە بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە، خەڵکی عێراق ناڕازییە و ڕێژەی بایکۆتکردنی هەڵبژاردن لە ئاستێکی بەرزدایە.


دواین پێشهات

زۆرترین خوێنراو