سەرکردەیەکی عەرەب: دوورخستنەوەی سەرکردەکانی عەرەبی کەرکوک شڵەژانی دروستکردووە
٥ تشرینی یەکەم ٢٠٢٥ - ٦:٥٨ پاش نیوەڕۆ

پەنجەرە
سەرکردەیەکی عەرەبی سونە ڕایدەگەیەنێت، دوورخستنەوەی سەرکردەکانی عەرەبی سونە لە کێبڕکێی هەڵبژاردن، لەسەر ئاستی شەقام شڵەژانی دروستکردووە، هیواشی خواست کاریگەری لەسەر ئاقاری پرۆسەی هەڵبژاردن نەبێت.
مەحمود زەیدان، سەرکردەی عەرەبی سونە لە کەرکوک، بە پەنجەرەی ڕاگەیاند: گومانمان لە نەزاهەتی دادگا نییە، بەڵام کاتی دوورخستنەوەی سەرکردەکانی عەرەبی سونە لە دوای پەسەندکردنی ناوەکانیان، گونجاو نەبوو.
وتیشی: دوورخستنەوەی سەرکردەکانی عەرەبی سونە لە کێبڕکێی هەڵبژاردن شڵەژانی لە نێو شەقامی عەرەبیدا دروستکردووە.
ئەمڕۆ یەکشەممە، خالد مەفرەجی سەرکردەی هاوپەیمانی عەرەبی لە کێبڕکێی هەڵبژاردن دوورخرایەوە، مانگی ڕابردووش هەمان ڕێوشوێن بەرامبەر ڕاکان جبوری سەرۆکی هاوپەیمانی عەرەبی گیرایە بەر، ئەمەش لەکاتێکدایە کە پێشبینی دوورخستنەوەی ژمارەیەک کاندیدی دیکەش دەکرێت.