لەنێوان هێز و کۆمیسیۆن و کۆمپانیای چاودێرییکاردا؛ ئایا دەرفەتى ساختەکاریی لە هەڵبژاردندا دەمێنێتەوە ؟
٦ تشرینی یەکەم ٢٠٢٥ - ١:٣٩ پاش نیوەڕۆ

پهنجهره
لەکاتێکدا هەوڵی بەدەستهێنانی ژمارەیەکی زۆر کورسی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق دەدات بۆ ئەوەی مانەوەی لە پۆستەکەی مسۆگەر بکات، محەمەد شیاع سودانی سەرۆکوەزیرانی عێراق، هیچ نوێنەرێکی لە پێکهاتەی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق دا نییە.
پێکهاتەی کۆمیسیۆن
کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق لە نۆ ئەندام پێکدێت، سەرۆکی کۆمیسیۆنەکە و ئەندامێکی پشکی کوردن و لە نێو کوردیشدا پشکی یەکێتی و پارتین.
ئەو حەوت ئەندامەکەی تری کۆمیسیۆن سەر بە لایەنە شیعەو سونەکانی عێراقن، بەو پێیەی کۆمیسیۆنەکە لەسەر بنەمای پشکپشکێنەی حزبی پێکهێنراوە، بەڵام هاوپەیمانێتییە تازەکەی سودانی هیچ نوێنەرێکی لەو کۆمیسیۆنەدا نییە.
هەرچەندە ئەندامانی کۆمیسیۆن هەمیشە ڕەتیانکردووەتەوە، بەڵام هەڵبژاردنەکانی پێشووی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بە هەڵبژاردنی پڕ لە ساختەکاری وێنا کراوە و زۆرجاریش پەنجەی تۆمەت بۆ کۆمیسیۆن درێژ کراوە.
سودانی و هەوڵی جێگرەوە
هەرچەندە هاوپەیمانێتییەکەی سودانی نوێنەری لە پێکهاتەی کۆمیسیۆن دا نییە، بەڵام بەشێک لە هێزە ئەمنی و سەربازییەکانی عێراق لەژێر کۆنترۆڵی سودانیدان بە حوکمی پێگەکەی، بۆیە چاودێران پێیانوایە دەتوانێت سود لەمە ببینێت بۆ ڕێگرتن لە ساختەکاریی ڕێکخراو و گەورە.
سودانی گرێبەستی لەگەڵ دوو کۆمپانیای ئیسپانی و ئەڵمانیدا ئەنجامداوە، بۆ ئەوەی چاودێریی سیستەمی هەڵبژاردنی داهاتووی ئەنجومەنی نوێنەران بکەن، کە بڕیارە لەمانگی 11ـ ی ئەمساڵدا بەڕێوەبچێت.
ئەو دوو گرێبەستەی حکومەتی عێراق لەگەڵ دوو کۆمپانیا ئیسپانی و ئەڵمانییەکەدا ئەنجامیداون، تێچووەکەیان 58 ملیار دیناری عێراقییە، لەکاتێکدا حکومەتی عێراق بۆ سەرخستنی هەڵبژاردن سەرووی 398 ملیار دیناری تەرخانکردووە.
د. عیماد جەمیل محسن، سهرۆكى تیمی راگهیاندن له كۆمیسیۆنى باڵاى سهربهخۆی ههڵبژاردنهكانى عێراق، لە لێدوانێکى تایبهتدا بۆ پهنجهره، دهڵێت: "کارتی دەنگدان لە وڵاتی ئەڵمانیا و لە هەمان ئەو ماددەیە دروست دەکرێت کە بۆ چاپکردنی دراو بەکاردێت، هەروەها چەندین کلیلی ئەمنی تێدایە کە ڕێگە لە ساختەکاری و کۆپیکردنی دەگرێت. هاوکات کارتی بایۆمەتریی دەنگدەرانیش لە وڵاتی ئیسپانیا چاپ دەکرێت بۆ دڵنیابوونەوە لە کوالێتی و پارێزراوی سیستەمەکەی."
ئهم ڕێكارانه لهكاتێكدایه كه لە هەڵبژاردنی پێشووی عێراق دا، رەخنەیەکی زۆر لە کۆمپانیای (میرۆ سیستەم)ـی کۆری گیرا و تۆمەتبار کرا بەوەی نەیتوانیوە ڕێگری لە پرۆسەی ساختەکاریی رێکخراو بکات، ههربۆیه ههمان مهترسی لهم ههڵبژاردنهشدا بوونى ههیه.
لهم سۆنگهیهشهوه ئهوهى دهبێته جێی پرسیار ئهوهیه: ئایا ململانێی بەهێزی نێوان سودانی و بەشێک لە هێزە شیعەکان دەرفەت بۆ ساختەکاریی ڕێکخراو دەهێڵێتەوە، یاخود هەڵبژاردنێکی پڕ لە کێشمەکێش و یەکتری تۆمەتبارکردن بەڕێوەدەچێت؟