"دەنگ کڕین" لە دیالە؛ نرخی دەنگێک گەیشتووەتە 250 هەزار دینار

٧ تشرینی یەکەم ٢٠٢٥ - ٢:٣١ پێش نیوەڕۆ

"دەنگ کڕین" لە دیالە؛ نرخی دەنگێک گەیشتووەتە 250 هەزار دینار

پەنجەرە

بەرپرسێکی کورد ئاشکرای دەکات سەرجەم لایەنە عێراقی و کوردستانییەکان لە پارێزگای دیالە سەرقاڵی "دەنگ کڕین"ـن، بەتایبەت لەو ناوچانەی کێبڕکێی هەڵبژاردن تێیاندا بەهێزە.

ئەمیر خانەقینی، جێگری لێپرسراوی کۆمیتەی خانەقینی حزبی شیوعی کوردستان، بە پەنجەرەی ڕاگەیاند: لەخانەقین کێبڕکێ لە نێوان یەکێتی و پارتیدایە، یەکێتی دەنگی خێزانێکی (5 بۆ 7) کەسی بە 200 هەزار دینار دەکڕێت، بەڵام پارتی دەنگی خێزانێک بە 250 هەزار دینار دەکڕێت.

دەشڵێت: لەهەندێک ناوچەی سونەنشینی دیالە کێبڕکێ لە نێوان لیستی سیادە و تەقەدوم دایە، لە ناوچە شیعەنیشینەکانیش لەنێوان لیستە شیعەکاندایە، ئەوان یەک دەنگ بە 100 هەزار دینار دەکڕن.

پێشتریش ئارام جەمال، بەڕێوەبەری پەیمانگای کوردیی بۆ هەڵبژاردن، ئاماژەی بە پەرەسەندنی "کڕین و فرۆشتنی دەنگ" لە هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقدا کرد و بە پەنجەرەی وت: ئەم حاڵەتە کە لە ناوچەکانی ناوەڕاست و خوارووی عێراق زۆر بەربڵاو و لە هەرێمی کوردستانیش بە شاراوەیی پەرەیسەندووە، "وڵات وێران دەکات و هێزێک دەباتە سەر دەسەڵات کە دەنگەکانی بە پارە کڕیووە."


دواین پێشهات

زۆرترین خوێنراو