ئیسرائیل و تۆم باراک؛ دوو لایەنی ڕۆڵداری ئەجێندا جیاواز لە سوریا

٧ تشرینی یەکەم ٢٠٢٥ - ٢:٠٤ پاش نیوەڕۆ

ئیسرائیل و تۆم باراک؛ دوو لایەنی ڕۆڵداری ئەجێندا جیاواز لە سوریا

پەنجەرە

جگە لە تورکیا کە هەژموونی گەورەی بەسەر حکومەتی دیمەشقەوە هەیە، هەریەک لە ئیسرائیل و تۆم باراک نێردەی سەرۆکی ئەمەریکاش ڕۆڵی یەکلاکەرەوەیان لە هاوکێشەکانی ئەو وڵاتەدا هەیە.

دوای گەڕانەوەی ترەمپ بۆ سەرۆکایەتی ئەمەریکا ترسێکی گەورە لای کورد دروستبوو، بەوەی پشتی کورد لە سوریا بەربدرێت و بە “ گورگان خوارد” بدرێت، بەوپێەی ترەمپ لە خولی پێشووی سەرۆکایەتییەکەییدا ئەزموونێکی باشی لەگەڵ کوردی سوریا نەبووە.

تۆم باراک؛ مەترسییە گەورەکە 

هەرچەندە سەرۆکی ئەمەریکا ڕۆڵی یەکلاکەرەوەی لە هاوکێشەکانی سوریادا هەیە، بەڵام هەموو دەسەڵاتەکانی لەو وڵاتە بۆ تۆم باراک ی نوێنەری بەجێهێشتووە.

تۆم باراک، نێردەی سەرۆکی ئەمەریکا لە سوریا تێڕوانینی بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست نێگەتیڤە، پێیوایە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ئاین، خێڵ ، کەسایەتی بەڕێوەی دەبات نەک سیستەم، بۆیە هەمیشە ڕووی دەمی لەو توێژانەیە بۆ دانوستان و یەکلاکردنەوەی هاوکێشەکان.

تۆم باراک، نزیکایەتی زۆری لەگەڵ تورکیاو وڵاتانی کەنداو هەیە، بیرکردنەوەی نزیکە لە ترەمپ و دوورە لە سیاسییەکی قوڵ و خاوەن ستراتیژی دوور مەودا، ئەمەش مەترسی ئەوەی دروستکردووە جوڵەکانی دژی بەرژەوەندی هەسەدە بێت.

تۆم باراک لەلایەن تورکیاو کەنداوەوە وا تێگەیەنراوە، ئەگەر سوریا خاوەنی حکومەتێکی ناوەندی بەهێز نەبێت، کێشەو ئاڵۆزی دروست دەبێت، لەکاتێکدا ناوەندگەری لە سوریا دژی بەرژەوەندییەکانی کوردە.

هەرچەندە خواست و جوڵەکانی تۆم باراک لە بەرژەوەندی هەسەدە نییە، بەڵام ئەوەی بۆ ئەو هێزە کوردییە مایەی دڵخۆشییە ئەوەیە لەسەر ئاستی  دیپلۆماسی و ناوخۆی ئەمەریکا پاڵپشتی گەورەی هەیە، ئەمەش وا دەکات پشت بەردانی قورس بێت.

ئیسرائیل و ئەجێندا جیاوازی 

بەپێچەوانەی نێردەی سەرۆکی ئەمەریکا لە سوریا، تێڕوانینی ئیسرائیل بۆ ئایندەی ئەو وڵاتە جیاوازە، ئیسرائیل نایەوێت حکومەتێکی ناوەندی بەهێز لەو وڵاتە دروست ببێت و ببێتە مایەی مەترسی لەسەر ئاسایشی نیشتمانی وڵاتەکەی.

هەڵوێستی حکومەتی سوریا بەرامبەر ئیسرائیل لاوازە، ئیسرائیل بە ئاشکرا دەستوەردان دەکات و پاڵپشتی دروزەکان دەکات، بەڵام حکومەتەکەی شەرع هیچ جوڵەیەکی نییە.

لاوازی سوریاو گەرەنتیکردنی جۆلان، هەروەها کراوەیی ئاسمانی سوریا بۆ ئەوەی دژی نەیارەکانی بەکاری بهێنێت، گرنگترین شتە بە لای ئیسرائیلەوە، ئەمەش پێچەوانەی ئاراستەی ئیشکردنی نێردەی سەرۆکی ئەمەریکایە.

هەرچەندە خواستی ئیسرائیل لەگەڵ خواستی کورددا لەوەدا یەکدەگرێتەوە، کە سوریا لاواز بێت و خاوەنی حکومەتێکی ناوەندی بەهێز نەبێت، بەو پێیەی بەهێز بوونی سوریا بۆ هەردوولا مایەی مەترسییە.

بەڕای چاودێرانی سیاسی، بۆ کورد مایەی مەترسییە لە ئیسرائیل نزیک ببێتەوە، هەرچەندە  هەردوولا سوریایەکی لاوازیان دەوێت، بەو پێیەی نزیکبوونەوە لە ئیسرائیل نەیارو مەترسی گەورە بۆ کورد دروست دەکات.


دواین پێشهات

زۆرترین خوێنراو