قاچاخچێتی ماددەی هۆشبەر: ناوچە سنوورییەکان دەبنە دەروازەی مەرگ
٨ تشرینی یەکەم ٢٠٢٥ - ١٢:٤٩ پاش نیوەڕۆ

پهنجهره
خهریكه ناوچە سنورییەکانى ههرێم و عێراق، دهبن به مۆڵگه و قهڵای بازرگانى مادهى هۆشبهر، بهشێوهیهك باندهكانى قاچاخچێتى ئهم مادهیه تیایدا زیاد و كاراتر دهبن.
هێزە ئەمنییەکانی هەرێمی کوردستان، تەنها لە ماوەی هەفتەیەکدا چوار بازرگانی ماددەی هۆشبەریان لە ناوچە سنورییەکانی گەرمیان و ئیدارەی ڕاپەڕین دەستگیرکردووە، کە بڕی 4 کیلۆ ماددەی هۆشبەریان پێبووە.
زۆربەی ئەو ناوچانەی مادەی هۆشبەریان تێدا بڵاوبووەتەوە، ناوچە سنورییەکانی نزیک لە ئێرانن، هەرلەو ناوچانەشەوە مادەی هۆشبەر دەگاتە شار و شارۆچکەکانی تری عێراق، ئەمەش وایکردووە ژمارەیەکی زۆر باندی بازرگانیکردن بەمادەی هۆشبەر دروست ببن.
سەرچاوەیەکی ئەمنی بەرپرس کە نەیویست ناوی ئاشکرابکرێت، بە پەنجەرەی ڕاگەیاند: ئەوانەی گومانی تێوەگلانیان لە هێنانی ماددەی هۆشبەر لێدەکرێت بە چڕی چاودێری دەکرێن.
بڵاوبوونەوەی مادەی هۆشبەر لە ناوچە جیاجیاکانی عێراق گەیشتووەتە ئاستێک، بەرپرسانی عێراق بەئاشکرا هۆشداری دەدەن لە خراپتربوونی دۆخەکە، بەپێی وتەی هەندێک لە بەرپرسانیش، بەشێک لەوانەی بازرگانی بەمادەی هۆشبەرەوە دەکەن دەسەڵاتدارەکانن.
عەلی مەهدی ئەندامی مەکتەبی سیاسی بەرەی تورکمانی، دەڵێت :گەنجێکی زۆری عێراقی ئالودەی مادەی هۆشبەربوون، دۆخەکە هێندە مەترسیدارە، خەریکە لەدەست دەردەچێت.
مەترسی ئالودەبوون و بازرگانیکردن بەمادەی هۆشبەر تەنها لە مەترسی کۆمەڵایەتی و تەندروستی دا نەماوەتەوە، بەڵکو مەترسی لەسەر دۆخی ئەمنیش دروستبووە، بەو پێیەی چاوەڕوان دەکرێت لەداهاتوودا، باندەکانی بازرگانیکردن بە مادەی هۆشبەر ژمارەیان زیادبکات و پشێویش بنێنەوە.
لەماوەی ڕابردوودا، کاتێک هێزەکانی پۆلیسی پارێزگای سەڵاحەدین، بازرگانێکی گەورەی مادەی هۆشبەریان بەناوی ( محەمەد) دەستگیرکرد، لایەنگرانی بازرگانەکە هەڵیانکوتایە سەر پۆلیس و تەقەیان کرد.
سێ ساڵ لەمەوبەر دادوەر (ئەحمەد خەساف) لە عەممارە کوژرا، کە لە دۆسیەکانی تایبەت بەمادە هۆشبەرەکان کاری دەکرد، ئەمەش ئەوکات وەکو زەنگێکی مەترسیدار لێکدرایەوە.
بەپێی وتەی عتور موسەوی، بەڕێوەبەری فەرمانگەی پاراستنی ژنان لە وەزارەتی کاروباری کۆمەڵایەتی عێراق، زیادبوونی ڕێژەی جیابوونەوەی هاوسەران و گرفتی ئابووری، هۆکاری بڵاوبوونەوەی زیاتری مادە هۆشبەرەکانن لە عێراق.
جۆرەها مادەی هۆشبەر لە عێراق بڵاوبووەتەوە، هەر لە تلیاک، حەشیش، هیرۆین، تا دەگاتە کریستاڵ و جۆرەها مادەی تر، کە باندەکانی فرۆشتن بە ڕێگەی نهێنی دەیگەیەننە دەست کڕیارەکانیان.
سەرچاوە ئەمنییەکە کە قسەی بۆ پەنجەرە کرد دەڵێت: کریستاڵ بەزۆری لە ناوچەکانی عێراق بڵاوبووەتەوە، بەردەوام هێزە عێراقییەکان لەسەر شەقامن، تۆمەتباران دەستگیر دەکەین و ڕادەستی دادگایان دەکەین.
دهستگیركردنى ژمارهیهكى زۆر له بهكارهێنهر و بازرگانى مادهى هۆشبهر، ئهگهر بهدیوێكدا خۆشحاڵانه بێت و ئاماژه بێت بۆ چاوكراوهیی دهزگا ئهمنییهكان، هاوكات به دیوێكى تریشدا دهرخهرى مهترسییهكى گهورهتره، مهترسی ئهوهى پرسهكه له كۆنترۆڵ دهربچێت و لێكهوتهى خراپترى لێبكهوێتهوه.