"نیشتمانی گۆڕە بە کۆمەڵەکان"؛ هێشتا بەسەدان گۆڕ لەعێراق هەڵنەدراونەتەوە

٨ تشرینی یەکەم ٢٠٢٥ - ١٠:٠٠ پاش نیوەڕۆ

"نیشتمانی گۆڕە بە کۆمەڵەکان"؛ هێشتا بەسەدان گۆڕ لەعێراق هەڵنەدراونەتەوە

پەنجەرە

ناوچە جیاجیاکانی عێراق پڕن لە گۆڕی بە کۆمەڵ، بەڵام هێشتا ژمارەیەکی کەم لەو گۆڕانە هەڵدراونەتەوە و ڕووفاتەکانیان لێ دەرهێنراوە، لەکاتێکدا بەسەدان گۆڕی تری بە کۆمەڵ لە ناوچەکانی ناوەڕاست و خوارووی عێراق دۆزراونەتەوە و تائێستا هەڵنەدراونەتەوە.

گۆڕە بەکۆمەڵەکان کەڵەبووی چەندین شەڕی یەک لە دوای یەک و چەند قۆناغێکی جیاجیان کە عێراق پێیدا تێپەڕیووە، بەشێکیان سەربازی عێراقین و بەهۆکاری شەڕ نەکردن بەعس زیندە بەچاڵی کردوون. بەشێکی تریان، سەربازی ئێرانین و لەکاتی شەڕدا دەستگیرکراون و کۆمەڵ کوژکراون.

بەشێکی تر لەو گۆڕانە قوربانییەکانی نێویان تۆمەتی جیاوازتریان دراوەتە پاڵ، ئەوانەن کە بەعس بە هۆکاری سیاسی کوشتوونی و بە کۆمەڵ ناشتوونی، بەڵام زۆربەی گۆڕەکان گۆڕی ئەنفالکراوەکانن.

ئەحمەد مەجید، چالاکوانی بواری ئەنفال، بە پەنجەرەی ڕاگەیاند: بەپێی وتەی دانیشتوانی سنوری حەمرین، ناوچەکە نزیکەی 700 گۆڕی بە کۆمەڵی تێدایە، خۆمان گۆڕێکی بە کۆمەڵمان دۆزییەوە کە ڕووفاتی 156 ژن و منداڵی تێدابوو.

دەشڵێت: حەمرین پڕە لە گۆڕی بە کۆمەڵ، بەڵام گرفتەکە ئەوەیە زەوییەکان کێڵراون و گۆڕەکان بە ئاسانی نادۆزرێنەوە.

تا ئێستا چەند وەجبەیەک ڕووفاتی نێو گۆڕە بە کۆمەڵەکان بۆ ناوچەکانی بارزان، دوکان، چەمچەماڵ و گەرمیان هێنراونەتەوە، بەڵام هێشتا هەزاران ڕووفاتی تر لە نێو گۆڕە هەڵنەدراوەکاندا ماونەتەوە.

ئەحمەد مەجید دەڵێت: پارێزگاری سەماوە پێیوتین، نزیکەی 100 گۆڕی بە کۆمەڵ لە سەماوە بوونی هەیە.

هەروەها وتیشی: داوای نوسراوی سەرۆکایەتی کۆمار و لایەنە پەیوەندیدارەکانی لێکردین بۆ هەڵدانەوەی گۆڕەکان و دەستگیرکردنی تاوانبارەکانیش، بەڵام کاتێک چووینە لای سەرۆک کۆماری پێشووتر و بەرپرسانی هەرێم، بەزارەکی بەڵێنیاندا، بەڵام هیچیان نەکرد.

جیاواز لە گۆڕی بەکۆمەڵی ئەنفالکراوەکان، کە ژمارەیان سەدان گۆڕە، ناو بە ناو، گۆڕی بەکۆمەڵی سەربازانی عێراقی و ئێرانی، یاخود دەستگیرکراوە سیاسیەکانی سەردەمی بەعسیش دەدۆزرێنەوە، کە هەندێکیان بە ناسنامەکانیان، یاخود جلوبەرگیان دەناسرێنەوە.

هەرچەندە ڕژێمی بەعس ڕووخا و بەدوور دەزانرا پرۆسەی کۆمەڵکوژکردن لە عێراق دووبارە ببێتەوە، بەڵام کاتێک لە ناوەڕاستی ساڵی 2014 داعش بەشێک لە عێراقی کۆنترۆڵکرد، هەمان سیناریۆ دووبارە بوویەوە و بەدەیان گۆڕی بەکۆمەڵیان دوای خۆیان بە جێهێشت.

زۆربەی ئەو کەسانەی کە داعش کۆمەڵکوژی کردوون، گۆڕە بە کۆمەڵەکانیان دەکەوێتە سنوری پارێزگاکانی نەینەوا، ئەنبار، کەرکوک و سەڵاحەدینەوە، کە قوربانیانی بەشێک لە گۆڕەکان عەرەبن، بەڵام زۆرینەیان کوردن و دانیشتووی ناوچە ئێزدی نیشینەکانی پارێزگای نەینەوان.

بەشێکی کەم لەو گۆڕانە هەڵدراونەتەوە، کە داعش کۆمەڵکوژی کردوون، بەڵام هێشتا ژمارەیەکی زۆر لەو گۆڕانە نەدۆزراونەتەوە و دۆزینەوەیان، پێویستی بە گەڕان و بەدواداچوونی تیمە پسپۆڕەکان هەیە.

شێخ نایف جاسۆ، کەسایەتی ئێزدی لە شەنگال، بە پەنجەرەی ڕاگەیاند: هێشتا گۆڕی بە کۆمەڵی نەدۆزراوە زۆر هەن.

پرسی هەڵدانەوەی گۆڕە بە کۆمەڵەکان، پێویستی بەهەماهەنگی نێوان حکومەتی عێراق و هەرێمی کوردستان هەیە، بەڵام هێشتا ئەو پرسە بەشێک نیە لە ئەولەیەتی کارەکانیان.


دواین پێشهات

زۆرترین خوێنراو