"راستی هه‌نارده‌كردنى نه‌وتى هه‌رێم جیاوازە لەوەی ڕاگەیەندراوە"؛ نه‌وتى هه‌رێم ڕاسته‌وخۆ له‌ڕێگه‌ى سۆمۆوه‌ نافرۆشرێت

٩ تشرینی یەکەم ٢٠٢٥ - ١١:٣٢ پێش نیوەڕۆ

"راستی هه‌نارده‌كردنى نه‌وتى هه‌رێم جیاوازە لەوەی ڕاگەیەندراوە"؛ نه‌وتى هه‌رێم ڕاسته‌وخۆ له‌ڕێگه‌ى سۆمۆوه‌ نافرۆشرێت

په‌نجه‌ره‌

توێژەرێكى ئابوریی ڕایده‌گه‌یه‌نێت ئەوەی حکومەتی فیدراڵی لە بەغدا ڕایگەیاندووە سەبارەت بە ڕادەستکردنی 180 بۆ 260 هەزار بەرمیل نەوتی ڕۆژانە بە سۆمۆ بۆ ساغکردنەوەی لە بەندەری جەیهان، بەتەواوی ئه‌وه‌ نییه‌ كه‌ باسكراوه‌، به‌ڵكو لایه‌نێكى سێیه‌م له‌م نێوه‌نده‌دا هه‌یه‌ و ئه‌و نه‌وته‌كه‌ ساغ ده‌كاته‌وه‌.

یه‌عقوب خدر، له‌ وتارێكدا ڕوونیده‌كاته‌وه‌: زانیارییەکانی نێو ڕاپۆرتە نێودەوڵەتییەکان ئاشکرایان کردووە کە ڕێککەوتنێکی نوێ لەنێوان بەغدا و هەولێر و کۆمپانیا نەوتییەکانی هەرێمدا هەیە، کە بریتین لە دەستنیشانکردنی بازرگانێکی سەربەخۆ بۆ بەڕێوەبردنی فرۆشتن لە بەندەری جەیهان، بەو مەرجەی پشت بە نرخە فەرمییەکان ببەسترێت کە کۆمپانیای سۆمۆ دیارییان دەکات. ئەمەش وایکردووە کە پرۆسەی فرۆشتنەکە بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ لە ڕێگەی سۆمۆوە نەبێت وەک ئەوەی لە لێدوانە فەرمییەکاندا هاتووە.

ئاماژەی بەوەشدا، ئەم ڕێکخستنە لەلایەن ئاژانس و ماڵپەڕە ئابوورییە پسپۆڕەکانیشەوە پشتڕاست کراوەتەوە.

یەعقوب خدر وتیشی: "لێدوانەکانی بەڕێوەبەری گشتیی کۆمپانیای سۆمۆ لە کۆتایی مانگی ئەیلولی ڕابردوودا، ڕوونیکردەوە کە نەوتی بەرهەمهاتووی کێڵگەکانی هەرێم دەدرێتە کۆمپانیایەکی بازرگانی کە لەسەر ئاستی جیهان ساغیدەکاتەوە و داهاتەکەی دەخاتە سەر ژمارە حیسابی حکومەتی کوردستان بۆ قەرەبووکردنەوەی کۆمپانیا بەرهەمهێنەرەکان، ئەمەش بە شێوەیەکی ناڕاستەوخۆ ئاماژە بە بوونی لایەنێکی سێیەم دەکات کە لە ڕاستیدا فرۆشتنەکان بەڕێوەدەبات."

هەروەها ڕوونیکردەوە، پەنابردنە بەر بازرگانێکی سەربەخۆ لە جیاتی فرۆشتنی نەوت لە ڕێگەی سۆمۆوە، لەوانەیە بەهۆی هۆکاری کاتییەوە بێت وەک بەردەوامبوونی دۆسیەی دادگاى ناوبژیوانی لە پاریس، یان هەڵوێستی تورکیا و یاخود گومانی کۆمپانیا بیانییەکانی هەرێم لە گۆڕینی شێوازی گرێبەستەکان بە شێوەیەکی کتوپڕ.

زیاتر وتیشی: ئەم شێوازە بۆ ڕازیکردنی کۆمپانیا بیانییەکان هاتووە کە پێشتر نەوتی خۆیان بە ڕاستەوخۆ بە بازاڕەکانی جیهان دەفرۆشت، هەروەها بۆ خۆدزینەوە لە پەکخستنی بەرهەمهێنان.

ئاماژەی بەوەشدا، بوونی بازرگانێکی سەربەخۆ ڕێگە بە بەردەوامبوونی هەناردەکردن دەدات بەبێ ئەوەی دەستبەجێ بچنە ناو پابەندبوونە یاساییە نوێیەکان لەگەڵ بەغدا.

ڕوونیشیکردەوە بیانووه‌كانى تورکیا ڕۆڵیان هەبووە لە پەیڕەوکردنی ئەم ڕێکخستنە، چونکە ئەنقەرە گومانی هەیە لە دەستپێکردنەوەی هێڵی بۆڕی نەوتی عێراق-تورکیا، بەبێ ڕێککەوتنێکی سیاسی و یاسایی نوێ.

لە کۆتاییدا جەختی لەوە کردەوە "ئەم زانیارییانە ئاشکرای دەکەن کە دۆسیەی هەناردەکردنی نەوتی هەرێم هێشتا ئاڵۆزە و لەژێر ڕێکخستنێکی کاتیدایە لەنێوان بەغدا و هەولێردا، لە سایەی گوشارەکانی کۆمپانیا بیانییەکان و حساباتە ئابووری و سیاسییەکانی ئەنقەرە، هەروەها چارەسەری کۆتایی پشت بە ڕێککەوتنێکی گشتگیر دەبەستێت کە لایەنە یاسایی و دارایی و کارپێکردنەکان چارەسەر بکات بۆ دڵنیابوون لە یەکێتیی سیاسەتی نەوتی عێراق."


دواین پێشهات

زۆرترین خوێنراو