هەڵبژاردنی عێراق؛ لە نێوان ترس و گومانی لایەنە سیاسییەکان دا

١٠ تشرینی یەکەم ٢٠٢٥ - ٣:٣٠ پاش نیوەڕۆ

هەڵبژاردنی عێراق؛ لە نێوان ترس و گومانی لایەنە سیاسییەکان دا

پەنجەرە

مانگێک و یەک ڕۆژی ماوە بۆ ئەنجامدانی هەڵبژادنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، لایەنە عێراقی و کوردییەکان لەڕێگەی بەخشینەوەی پارەو بانگەشەی هەڵبژاردنەوە، دەیانەوێت زۆرترین کورسی پەرلەمانی بەدەست بهێنن.

سەرباری ئەوەی لایەنەکان پارەیەکی زۆریان بۆ بانگەشەی هەڵبژاردن تەرخان کردووە، بەڵام بەپێی پێشبینییەکان پارە نابێتە هۆی ڕەوانە کردنی خەڵکێکی زۆر بۆ سەر سندوقەکانی دەنگدان، بەوپێیەی خەڵکی عێراق و هەرێم لە دۆخەکە ناڕازین.


ڕێژەی بەشداریکردن

بەرپرسانی عێراق و ناوەندەکانی توێژینەوە پێشبینی دەکەن ڕێژەی بەشداریکردنی خەڵک لە هەڵبژاردن دا، بەپێی پێویست نەبێت و خەڵکێکی زۆر بایکۆتی پرۆسەکە بکات.

پێشبینییەکان بۆ کەمی ڕێژەی بەشداریکردن لە هەڵبژاردن دا لەسەر کۆمەڵێک بنەما کراون، لەوانە نەمانی متمانە لای دەنگدەری عێراقی بۆ گۆڕانکاری لە ڕێگەی هەڵبژاردن و بایکۆتکردنی ڕەوتی سەدر، هەروەها ناڕازیبوونی خەڵکی عێراق لە دۆخی سیاسی و ئەمنی و ئابووری وڵاتەکەیان.

بەرپرسانی عێراق کە پەنجەرە قسەی لەگەڵ کردوون، پێشبینی دەکەن ڕێژەی بەشداریکردنی خەڵک لە هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق دا، نەگاتە 25% و ئەمەش بە ڕێژەیەکی زۆر کەم دادەنرێت.


حزبە بچووکەکان

بەرپرسانی عێراق پێشبینی دەکەن لە پاڵ کەمی ڕێژەی بەشداریکردنی خەڵک، هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەران ببێتە هۆی کۆتایی هێنان بە حزبە بچووکەکان بەو پێیەی سیستەمی هەڵبژاردن لە بەرژەوەندی ئەوان نییە.

سیستەمی سانتلیگۆ ئەو سیستەمەیە کە لە هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەران دا پەیڕەو دەکرێت، سیستەمەکە لە بەرژەوەندی حزبە گەورەکان و بەزیانی حزبە بچووکەکان دەشکێتەوە، ئەمەش بۆ ئەو حزبانە مایەی نیگەرانییە.

چاودێرانی سیاسی دەڵێن، سیستەمی سانتلیگۆ تەنها لەبەرژەوەندی نزیکەی شەش لایەن و هاوپەیمانێتی عێراقییە، لەکاتێکدا چەندین حزبی بچووک بێبەش دەکات لە بەشداری پەرلەمانی و بێ نوێنەر دەبن لە پەرلەمان.


ساختەکاری

هەرچەندە سەرۆکوەزیرانی عێراق دڵنایی دەدات لە بەڕێوەچوونی پرۆسەی هەڵبژاردن بە بێ ساختەکاری، بەڵام زۆربەی لایەنە عێراقییەکان گومانیان هەیە لەوەی پرۆسەکە بە پاکی بەڕێوەبچێت.

بەڕای چاودێرانی سیاسی، محەمەد شیاع سودانی و نوری مالکی کە ڕکابەری بەهێزی یەکترین، سەرباری ئەوەی چاودێری جم و جۆڵی یەکتری دەکەن بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا دەستەوەستان نابن و هەموو هەوڵێک دەدەن بۆ مسۆگەرکردنی زۆرترین کورسی پەرلەمانی.

سەرۆکوەزیرانی عێراق گرێبەستی لەگەڵ دوو کۆمپانیای ئەڵمانی و ئیسپانی ئەنجامداوە بە پاساوی ئەوەی چاودێری پرۆسەی هەڵبژاردن دەکەن، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا ئەو کۆمپانیا کۆرییەی پرۆسەکە بەڕێوە دەبات لەڕووی تەکنیکییەوە مایەی گومانە.

هەرچەندە دەنگۆیەک لە نێو سیاسییەکانی عێراق دا بڵاوبووەتەوە، گوایە بۆ ڕێگریکردن لە ساختەکاری هێڵی ئینتەرنێت لەو سیستەمە دەبڕدرێت هەڵبژاردنی پێ بەڕێوە دەبرێت، بەڵام چاودێران ئەمە بەدوور دەبینن.

بەڕای شارەزایان، ئەو سیستەمەی هەڵبژاردنی عێراقی پێ بەڕێوەدەبرێت، بە ئاسانی دەتوانرێت بەکاربهێنرێت بۆ زیاد و کەم کردنی کورسی لایەنەکان، بەتایبەت کۆمپانیا کۆرییەکە خاوەن ناوبانگێکی باش نییە لە جیهان دا.


دواین پێشهات

زۆرترین خوێنراو