خوێندنی کوردی لە ناوچە کێشە لەسەرەکان لە نێوان بەرداشی بەغداو هەولێردا

١٠ تشرینی یەکەم ٢٠٢٥ - ٣:٣١ پاش نیوەڕۆ

خوێندنی کوردی لە ناوچە کێشە لەسەرەکان لە نێوان بەرداشی بەغداو هەولێردا

پەنجەرە

لە دواى 16 ى ئۆکتۆبەرى ساڵى 2017ەوە، خوێندنى کوردى لە ناوچە کێشە لەسەرەکان بەگشتی و پارێزگای کەرکوک بە تایبەتی ڕووی لە لاواز بوون کردووە، بە جۆرێک خوێندکاران خوێندنگا کوردییەکان بەجێدەهێڵن و ڕوو لە خوێندنگای عەرەبی دەکەن.

شێرزاد ڕەشید، بەڕێوەبەری پێشووی خوێندنی کوردی لە کەرکوک، بە پەنجەرەی ڕاگەیاند:ئێستا دۆخەکە باشترە لە کەرکوک، چونکە خوێندکاری خوێندنگا کوردییەکان دوو چانسیان لەبەردەمدایە، لەزانکۆکانی عێراق و هەرێمیش وەردەگیرێن.

دەشڵێت: ناو بە ناو هەندێک خوێندکار ڕوو لە خوێندنی عەرەبی بکات، ئەمە هیچ لە دۆخەکە ناگۆڕێت.

بەپێى ئامارەکان، لە ئێستادا نزیکەى 92 هەزار خوێندکارى کورد لە کەرکوک لەخوێندنى کوردى دەخوێنن، لە کاتێکدا پێش 16 ى ئۆکتۆبەر ژمارەى خوێندکارانى خوێندنى کوردى 100 هەزار خوێندکار بووە.

سەبارەت بەهۆکارى ڕووکردنە خوێندنى عەرەبى لەلایەن خوێندکارە کوردەکانەوە، سەرچاوەیەک لە خوێندنی کوردی لە کەرکوک، دەڵێت: خوێندکارە کوردەکان وا هەست دەکەن دوا رۆژ لەگەڵ خوێندنى عەرەبیدایە.

خوێندنى کوردى لەکەرکوک کەوتووەتە نێوان بەرداشى هەرێم و بەغدا، مامۆستاکانى کەژمارەیان زیاتر لە 7 هەزار و شەشسەد و پەنجا مامۆستایە، لەسەر وەزارەتى پەروەردەى هەرێم میلاکن، بەڵام قوتابخانە و دامەزراوە پەروەردەییەکان سەربە حکومەتى عێراقن، پرۆگرامى خوێندنیشیان لە هەرێمەوە دادەنرێت.

خوێندکارانى خوێندنى کوردى لە کەرکوک، دواى تەواوکردنى قۆناغى ئامادەیى لەزانکۆکانى هەرێم و بەغداش وەردەگیرێن، بەڵام زۆربەیان ڕوو لەزانکۆ و کۆلێژەکانى کەرکوک دەکەن و درێژە بەخوێندن دەدەن.

هێشتا دۆخی خوێندنی کوردی لە کەرکوک باشترە بەراورد بە ناوچە کێشە لەسەرەکانی تر، لە هەندێک ناوچە خوێندنگای کوردی نەماوەو لە ناوچەیەکی وەکو خانەقینی پارێزگای دیالەش تەنها چەند خوێندنگایەک بە دانەخراوی ماونەتەوە.


دواین پێشهات

زۆرترین خوێنراو