پرۆژەی بە هەرێم کردنی کەرکوک؛ ئەو پرۆژەیەی پێش لە دایکبوونی مرد

١١ تشرینی یەکەم ٢٠٢٥ - ١١:٤٥ پێش نیوەڕۆ

پرۆژەی بە هەرێم کردنی کەرکوک؛ ئەو پرۆژەیەی پێش لە دایکبوونی مرد

په‌نجه‌ره‌

دواینجار پرۆژەی بە هەرێم کردنی کەرکوک لە مانگی 12ـى ساڵی 2020 وروژێنرایەوە، بەڵام ئەوکات ڕۆشنبیران لە بری سیاسییەکان چوونە پشت پرۆژەکە و پشتگیرییان لێکرد.

پڕۆژەی بەهەرێم کردنی کەرکوک، لەسەردەمی پۆڵ برێمەر حاکمی مەدەنی ئەمەریکاوە لە عێراق قسەی لەبارەوە دەکرێت، بەڵام چیتر پرۆژەکە بووە بەشێک لە ڕابردوو و پێناچێت چیتر بوروژێنرێتەوە.

نەجمەدین کەریم، پارێزگاری پێشووتری کەرکوک، هەروەها نەتەوە یەکگرتووەکانیش، پێشتر پاڵپشتی پرۆژەکەیان دەکرد، ئه‌مه‌ش وەکو خۆیان ده‌یانوت "چارەسەرێک بۆ کێشەی کەرکوک"، تەنانەت تورکمانەکانیش چەند پرۆژەیەکیان بۆ ئەو مەبەستە پێشکەش کرد. 

ئەو ڕۆشنبیرانەی ساڵی 2020 چوونە پشت پرۆژەی بە هەرێم کردنی کەرکوکەوە، ڕایانگەیاند: پرۆژەکە دەستورییە، دەرەچە و دەرفەتێکە تا جارێکی تر بیر لەوە بکرێتەوە چۆن ژیان لە کەرکوک بکرێت.

جەختیشیانکردەوە: تورکمانەکان پێشتر بۆ ئەم مەبەستە پرۆژەیان هەبووە و پێی ڕازین، عەرەبیش هەندێک ترسیان هەیە، ئەگینا کەرکوک لەچوارچێوەی عێراقدا دەبێت گرفتی نابێت.

پرۆژەی بە هەرێم کردنی کەرکوک تەنها لای تورکمان جێگەی تێبینی و سەرنج و لای عەرەبیش مایەی مەترسی نەبوو، بەڵکو حکومەتی عێراق بە توندی دژی پرۆژەکەیەو نایەوێت ببێتە دەروازەی سەرهەڵدانەوەی کێشەیەکی گەورەتر لە عێراق دا.

بە هەرێم کردنی کەرکوک پرۆژەیەکی دەستورییە، بەو پێیەی دەستوری عێراق ڕێگەی بە دروستبوونی چەندین هەرێم لە چوارچێوەی عێراق دا داوە، بەڵام هێزە دەسەڵاتدارەکانی عێراق دژی ئەمەن.

دانیشتوانی پارێزگای بەسرە، ماوەی چەندین ساڵە داوا دەکەن پارێزگاکەیان بکرێتە هەرێمێکی سەربەخۆ، بەڵام داواکەیان لەلایەن حکومەتە یەک لە دوای یەکەکانی عێراقەوە ڕەتکراوەتەوە.

 دروستبوونی هەرێمی تر لە چوارچێوەی عێراق دا پێچەوانەی ئەجێندای هێزە دەسەڵاتدارەکانە، ئەوان کار بۆ حکومەتێکی ناوەندی بەهێز دەکەن و بەکردار دژی جێبەجێکردنی فیدراڵییەتن.

کاتێک دواجار پرۆژەی بە هەرێم کردنی کەرکوک وروژێنرایەوە، تورکمان بە تێبینییەوە پاڵپشتی لێکرد و پێیوابوو، کەرکوک دەبێتە خاوەنی حکومەت و وەزارەت و ناکۆکی پێکهاتەکان لەسەر پۆست و کورسی کۆتایی دێت.

عەرەبەکانیش دابەش بووبوون بۆ سەر دووبەرە، بەرەیەکیان لارییان لە گرنگی پرۆژەکە نەبوو، بەڵام بەشێکی تریان بەتوندی پرۆژەکەیان ڕەتدەکردەوەو پێیانوابوو دەبێتە هۆی دابڕینی کەرکوک لە عێراق.

دواجار کاتێک پرۆژەی بە هەرێم کردنی کەرکوک لە ساڵی 2020 وروژێنرایەوە، پەیوەندی نێوان پێکهاتەکان لە ئاستێکی خراپدابوو، هیچ جۆرە ڕێککەوتن و لێکتێگەیشتنێک بۆ چۆنیەتی بەڕێوەبردنی شارەکە بوونی نەبوو.

ئەوکات پارتی دیموکراتی کوردستان دژایەتی خۆی بۆ پرۆژەکە پیشاندا، بەڵام حزب و لایەنە کوردستانییەکانی تر ڕای ئاشکرایان لەبارەی پرۆژەکەوە نەخستەڕوو.


دواین پێشهات

زۆرترین خوێنراو