فەیلەقی قودس؛ لە پایتەختی چوار وڵاتەوە بۆ تاران 

١١ تشرینی یەکەم ٢٠٢٥ - ٢:٠٧ پاش نیوەڕۆ

فەیلەقی قودس؛ لە پایتەختی چوار وڵاتەوە بۆ تاران 

په‌نجه‌ره‌

فەیلەقی قودسی سەر بە سوپای پاسدارانی ئێران، ئەو هێزە تایبەتەی ئەمەریکا و هاوپەیمانەکانی دەیانەوێت کۆتایی بەڕۆڵی لەناوچەکەدا بهێنن، بەڵام ئێران دەستبەرداری نابێت.

فەیلەقی قودس کە پێشتر قاسم سولەیمانی و ئێستا ئیسماعیل قائانی فەرماندەیەتی، ئەرکی ئەنجامدانی پرۆسە سەربازییەکانە لە دەرەوەی سنوری ئێران، هاوکات ڕۆڵی گرنگیشی هەبووە لە ئاراستەکردنی سیاسەتی عێراق، سوریا، لوبنان و یەمەن لە ڕابردوودا.


دامەزراندنی فەیلەقی قودس

فەیلەقی قودس لە سه‌روبه‌ندى شەڕی هەشت ساڵەی عێراق- ئێران بناغه‌كه‌ى دانرا و له‌دواى شه‌ڕه‌كه‌ش به‌ فه‌رمی پێكهێنرا، ئەرکی ناردنە دەرەوی "شۆڕشی ئیسلامی" بۆ وڵاتانی دەرەوە پێ سپێردرا.

سەرەتا فەیلەقی قودس چەند یەکەیەکی سەربازی بوو، بەڵام دواتر بووە هێزێکی گەورەو ڕۆڵداری ناوچەکە، تەنانەت ئەم هێزە لە ناوخۆی ئێرانیشدا وەکو هێزێکی گەورە ڕۆڵ دەگێڕێت.

ئه‌حمه‌د وه‌حیدیی، یه‌كه‌م فه‌رمانده‌ى ئه‌و فه‌یله‌قه‌یه‌ كه‌ تاساڵی 1997 له‌ فه‌رماندارێتییكردنى فه‌یله‌قه‌كه‌ به‌رده‌وام بوو. ئه‌م فه‌یله‌قه‌ به‌ هێزی پێنجه‌مى نێو سوپای پاسداران دێته‌ هه‌ژمار له‌دوای هێزى وشكانى، ئاسمانى، ده‌ریایی و په‌سیج و سیخوڕیی "ایتڵاعات". 

ئەم هێزە لەلایەن دەسەڵاتدارانی ئێران و ڕابەری باڵای ئێرانەوە گرنگییەکی زۆری پێدەدرێت، هەروەها ساڵانە بودجەیەکی گەورەشی بۆ تەرخان دەکرێت، ئه‌گه‌رچی بڕ و گوژمه‌ى ئه‌و بودجه‌یه‌ نازانرێت به‌وهۆیه‌ى له‌ژێر چاودێریی په‌رله‌مانى ئێراندا نییه‌.


قۆناغی زێڕینی قودس

فەیلەقی قودس کە زانیاری ورد لەبارەی پێکهاتە و یەکە سەربازییەکانی کەمە، له‌دواى ئه‌وه‌ى له‌ساڵی 1998ـدا قاسمی سلێمانى بوو به‌ فه‌رمانده‌ى، قۆناغه‌ به‌هێزه‌كه‌ى خۆی ده‌ستپێكرد.

له‌دوای ڕووخانی رژێمی بەعس و ئاڵۆزییەکانی سوریا لە ساڵی 2011،  فه‌یله‌قه‌كه‌ وەکو هێزێکی گەورەو ڕۆڵدار لە ناوچەکە خۆی نمایشکرد.

پاش دروستبوونی داعش و کۆنترۆڵکردنی بەشێکی زۆر لە عێراق و سوریا، بەرپرسانی ئێران هەمیشە شانازییان بە ڕۆڵی فەیلەقی قودس لە بەرەنگاربوونەوەی داعش دەکردەوە، پێیانوابوو ئەم هێزە ڕێگری کرد لە کۆنترۆڵکردنی بەغداو دیمەشق لەلایەن داعشەوە.

حەمدی گلی، لێکۆڵەری بواری سەربازی، بە پەنجەرەی ڕاگەیاند: ئێران خەونی گێڕانەوەی ئیمپراتۆریەتی سەفەوی هەبوو، دەیویست ئەم خەونە لە رێگەی فەیلەقی قودسەوە بێنیتە دی.


 قودس؛ لە سەربازییەوە بۆ دەستوەردانی سیاسی 

ئەوکاتەی قاسم سولەیمانی فەرماندەی سوپای قودس بوو، ڕۆڵی ئەم هێزە تەنها بە پرۆسە سەربازییەکانەوە  نەوەستا، بەڵکو لەڕووی سیاسیشەوە ڕۆڵێکی گرنگی لە عێراق و سوریاو ناوچەکەدا هەبوو.

هەرکات لەناوچەکەدا گیرو گرفتی سیاسی ڕوویدابا یاخود کێشەی ئەمنی، خێرا قاسم سولەیمانی دەستوەردانی دەکرد و قسەی کۆتایی دەکرد، قسەو بۆچوونەکانیشی ڕەتنەدەکرایەوە.

قاسم سولەیمانی بەرەبەیانی 3ـی 1ـى 2020، لە ڕێگاى فڕۆکەخانەی بەغدا لەلایەن فڕۆکەی بێ فڕۆکەوانی ئەمەریکاوە کرایە ئامانج، بە ڕۆیشتنی نەتوانرا جێگەکەی پڕ بکرێتەوەو ڕۆڵی هێزەکەی لە دوای خۆی لاوازتر بوو.

تەنها چەند ڕۆژێک دوای کوژرانی قاسم سولەیمانی، ئێران 200 ملیۆن یۆرۆى بودجەی بۆ فەیلەقی قودس زیادکرد، وەکو پەیامێک بۆ بەردەوامبوونی هێزە لە دوای کوژرانی فەرماندەکەی.

حەمدی گلی،وتی: بەنەمانی قاسمی سولەیمانی، کە خاوەنی کاریزمایەکی بەهێزبوو، ستراتیژیەتی ئێران لەناوچەکەدا زیانێکی گەورەی بەرکەوت.

دوای کوژرانی قاسمی سولەیمانی، فەرماندە ئیسماعیل قائانی لە جێگەکەی دانرا،  بەڵام بەڕای چاودێرانی سیاسی نەیتوانی ئەو ڕۆڵە بگێڕێت کە سولەیمانی دەیگێڕا.

قاسمی سولەیمانی، کە زۆرجار بەکەسی دووەمی دەسەڵاتی ئێران لەدوای خامنەیی هەژمارد دەکرا، ئەرکی ڕابەرایەتیکردنی هێزە نزیکەکانی ئەو وڵاتەی لەئەستۆدا بوو، وەکو حەشدی شەعبی لە عێراق، حوسیەکانی یەمەن و حیزبوڵای لوبنان.

بوونی ئەو هێزە نزیکانە لە ئێران، کە لەبەرژەوەندی سیاسەتی ئەو وڵاتە کاردەکەن، نیگەرانی لای وڵاتانی ئەوروپا و ئەمەریکا دروستکردبوو، بەوەی ئەو هێزانە دژی بەرژەوەندی و سیاسەت و ستراتیژیەتی ئەوان کاردەکەن.


قودس لە بۆسەی ئەمەریکا

فەیلەقی قودس هەر بەناوەکەیەوە ڕۆڵەکەی دەزانرێت، بەو پێیەی بە ناوی قودسی فەڵەستینەوە ناونراوە و ئەرکەکەشی هاوتایە لەگەڵ ناوەکەی، کە ئەنجامدانی چالاکییە لە دەرەوەی ئێران.

ئەمەریکاو ئیسرائیل نیگەرانییەکانیان لە ڕۆڵی فەیلەقی قودس نەشاردووەتەوە، بۆیە جگە لە بە ئامانج کردنی فەرماندەکانی لە عێراق و سوریاو ناوچەکە، هەمیشە ئەو کەسانەش خراونەتە لیستی سزاکانی ئەمەریکاوە کە پاڵپشتی ئەم هێزەیان کردووە.

دوای ئەوەی ڕژێمی ئەسەد لە سوریا گۆڕاو حیزبوڵڵا و حوسییەکانیش لە یەمەن لاواز کران، لە ئێستا مشتومڕ لەسەر ڕۆڵی فەیلەقی قودس تەنانەت نێوخۆی ئێرانیشی گرتووەتەوە، بەو پێیەی بودجەیەکی گەورە لەو وڵاتانە خەرج کراو بە ماوەیەکی کەم لەژێر هەژموونی ئێران دەرکران.

بەڕای چاودێران، ئاراستەی جموجۆڵی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی کۆتایی هێنانە بە ڕۆڵی ئێران لە دەرەوەی سنورەکەی، کە دواین پلان بۆ جێبەجێکردنی ئەم ئەجێندایە عێراق دەگرێتەوە.

بۆیە لە ئێستادا ئەو پرسیارە دروست دەبێت: چارەنوسی فەیلەقی قودس بەکوێ دەگات؟ ئایا ئێران دەستبەرداری ئەجێندا لە مێژینەکەی دەبێت کە ناردنە دەرەوەی شۆڕشی ئیسلامییە؟


دواین پێشهات

زۆرترین خوێنراو