پەرلەمانی عێراق؛ چەند کورسی بۆ کورد؟

١٢ تشرینی یەکەم ٢٠٢٥ - ١٢:٥٤ پاش نیوەڕۆ

پەرلەمانی عێراق؛ چەند کورسی بۆ کورد؟

پەنجەرە

ژمارەی کورسییەکانی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق کە 329 کورسییە، لەسەر بنەمای ڕێژەی دانیشتوان دابەشکراوە بەسەر 18 پارێزگاکەی عێراق دا و 46 کورسی پەرلەمانی بۆ سێ پارێزگاکەی هەرێم دیاریکراوە.

44 کورسی لەو 46 کورسییەی بۆ سێ پارێزگاکەی هەرێم دانراوە بۆ لایەنە کوردییەکان یەکلایی بووەتەوە، بۆیە جگە لە ململانێی ئەو لایەنانە لەسەر کورسییەکانی هەرێم، لەلایەکی تریش کار بۆ بەدەستهێنانی ژمارەیەک کورسی لە ناوچە کێشە لەسەرەکانیش دەکەن.


کورسی پارێزگاکانی هەرێم

16 کورسی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق وەکو پشکی پارێزگای هەولێر دیاریکراوە، لەو 16 کورسییە، 4 کورسییان بۆ کۆتای ژنانە و کورسییەکیشیان بۆ کۆتای پێکهاتەکانە.

پارێزگای سلێمانی 18 کورسی ئەنجومەنی نوێنەرانی بۆ دانراوە و هیچ کورسییەکی کۆتا بۆ پێکهاتەکانی ئەم پارێزگایە تەرخان نەکراوە، بەڵام 5 کورسییان بۆ کۆتای ژنانە.

هەروەها 12 کورسی ئەنجومەنی نوێنەران بۆ پارێزگای دهۆک دانراوە، 3 کورسی بۆ کۆتای ژنان و کورسییەکیش بۆ کۆتای پێکهاتەکان.

بەم پێیە 46 کورسی بۆ سێ پارێزگاکەی هەرێم دانراوەو 44 کورسییان بۆ لایەنە کوردییەکان یەکلایی بووەتەوە، پێدەچێت هەوڵی سەرخستنی کاندیدی نزیک لە خۆشیان بدەن بۆ دوو کورسی پێکهاتەکان لە پارێزگاکانی هەولێر و دهۆک.

لەکۆی 21 ملیۆن و 400 هەزار دەنگدەری عێراق، 3 ملیۆن و 77 هەزار کەس لە هەرێمی کوردستان مافی دەنگدانیان هەیە، بەو مەرجەی کارتی بایۆمەترییان نوێ کردبێتەوە.


کورد لە ناوچە کێشە لەسەرەکان

لە کۆی 12 کورسی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە پارێزگای کەرکوک، کورد لە باشترین حاڵەتەدا 6 کورسی و لە خراپترین حاڵەتیشدا پێنج کورسی بەدەست دەهێنێت لەو پارێزگایە.

شێرزاد سەمەد، بەرپرسی بەشی هەڵبژاردنی یەکێتی لە کەرکوک، بە پەنجەرەی ڕاگەیاند: کورد زیاتر لە نیوەی دانیشتوانی کەرکوک پێکدەهێنێت، بۆیە کورسییەکانی کەم ناکات.

لە هەڵبژاردنی پێشووی ئەنجومەنی نوێنەراندا، کورد کورسییەکی لە پارێزگای سەڵاحەدین و کورسییەکیشی لە پارێزگای دیالە بەدەستهێنا، بەڵام لە ئێستادا کورسییەکەی دیالە تاڕادەیەک مسۆگەرە، بەڵام ئەوەی سەڵاحەدین ئەگەری بەدەستهێنانەوەو لە دەستدانی وەکو یەکە.

لە پارێزگای نەینەواش، کورد لە ئێستادا 11 کورسی لە ئەنجومەنی نوێنەران هەیە، بەڵام پێشبینی دەکرێت ئەمجارە بەشێک لەو کورسییانە لەدەست بدات.

بەرپرسانی کورد لە نەینەوا پێشبینی دەکەن، چەند کورسییەک لە پارێزگاکە لەدەست بدەن، بەو پێیەی ڕکابەرییەکە ئەمجارە بەراورد بە جاری پێشوو بەهێزترە.


کورسی کۆتا

لەو 329 کورسییەی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، 83 کورسی بۆ کۆتای ژنان دانراوە کە ڕێژەکە دەکاتە 25%، هەروەها 9 کورسی کۆتاش بۆ پێکهاتەکان دانراوە.

پێکهاتەکان کە کریستیان و کەمینەکانی تر دەگرێتەوە، ئەوان پێیانوایە ئەو نوێنەرانەی لە ڕابردوودا کورسی کۆتاکانیان بەدەستهێناوە، نوێنەری ڕاستەقینەی ئەوان نەبوون بەڵکو نزیک بوون لە حزبەکان و بە دەنگی ئەوان دەرچێنراون.

خەلیل ئیبراهیم، کەسایەتی دیاری کریستیان لە کەرکوک، بە پەنجەرەی ڕاگەیاند: تا ئێمە دەنگێک دەدەین، حزبەکان چەندین کۆستەر "پاس" دەنگدەر دەبەنە سەر سندوقەکانی دەنگدان و دەنگ بە کەسانی نزیک لە خۆیان دەدەن.

دەشڵێت: ئەوانەی لە ڕابردوودا کورسی کۆتایان بەدەستهێناوە نەیانتوانیوە نوێنەرایەتیمان بکەن.


دواین پێشهات

زۆرترین خوێنراو