بۆ بانگەشەکردن کاندیدە کوردەکان چەندێک پارەیان بۆ خەرج دەکرێت؟
١٢ تشرینی یەکەم ٢٠٢٥ - ٧:١٩ پاش نیوەڕۆ

پەنجەرە
پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتی نیشتمانی کوردستان بودجەیەکی زۆریان بۆ کاندیدەکانیان تەرخان کردووە، بۆ ئەوەی لەکاتی بانگەشەی هەڵبژاردن دا بەکاری بهێنن و بانگەشە بۆ خۆیان بکەن.
جگە لە پارتی و یەکێتی، حزبەکانی تر زیاتر لە ڕێگەی میدیا و پۆستەر و فلێکسەوە پاڵپشتی کاندیدەکانیان دەکەن، هیچ بڕە پارەیەکی نەختینەیان بە کاندیدەکانیان نەداوە یاخود بڕێکی کەمیان پێداون بۆ ئەوەی بۆ بانگەشە بەکاری بهێنن.
پارتی دیموکراتی کوردستان
پارتی بۆ هەر کاندیدێکی 250 فلێکسی گەورە و بچووکی چاپکردووە، هەروەها 10 هەزار بزنس کارتی بچووکی بۆ ئامادە کردوون تا لەکاتی بانگەشەی هەڵبژاردن دا دابەشی بکەن بەسەر دەنگدەرەکانیان دا.
لەبارەی ئەو بڕە پارەیەی تەرخانکراوە بۆ هەر کاندیدێک، سێ سەرچاوەی جیاواز لە پارتی سێ زانیاری جیاوازیان بۆ پەنجەرە خستەڕوو.
بەپێی وتەی یەکێک لە سەرچاوەکان، پارتی بە سێ گوژمە بڕی 30 ملیۆن دینار دەدات بە هەرکاندیدێک و گوژمەی یەکەمی پێداون کە بڕەکەی 10 ملیۆن دینارە.
بەپێی وتەی سەرچاوەیەکی تر، پارتی بڕی 28 ملیۆن دینار بە هەرکاندیدێک دەدات، بەڵام سەرچاوەی سێهەم دەڵێت هەر کاندیدێک بڕی 25 ملیۆن دیناری پێدەدرێت.
جگە لەو پارە و فلێکسانەی بۆ کاندیدەکانی ئامادەیکردوون، هەندێک لە کاندیدەکان ئاوارتە "ئسیتسنا" کراون و پارەیەکی زۆر زیاتر خراوەتە بەردەمیان بۆ ئەوەی لە بانگەشەدا خەرجی بکەن، ناوی هەندێک لەو کاندیدانە دەست پەنجەرە کەوتوون.
هەندێکی تر لە کاندیدەکان خۆیان دەوڵەمەند و خاوەن پێگەی عەشایەرین، ئەم کاندیدانە جگە لەوەی پارتی هاوکاریکردوون، خۆشیان بڕێکی زۆر پارەیان تەرخانکردووە بۆ ئەوەی لەکاتی بانگەشەدا خەرجی بکەن.
یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان
یەکێتی هاوشێوەی پارتی، بە پێدانی پارە و چاپکردنی فلێکس و بزنس کارت پاڵپشتی کاندیدەکانی دەکات، بۆ هەر کاندیدێک ژمارەیەک فلێکس و نزیکەی 30 هەزار بزنس کارتی بچووکی بۆ چاپکردوون.
بەپێی وتەی دوو سەرچاوە لە یەکێتی کە بۆ پەنجەرە قسەیان کرد، بڕی 10 ملیۆن دینار دەدرێتە هەر کاندیدێک بۆ ئەوەی لەکاتی بانگەشەدا خەرجی بکات، بەڵام یەکێک لە کاندیدەکان دەڵێت تا ئێستا دوو ملیۆن و پێنجسەد هەزار دیناریان پێدراوە.
هاوکات کاندیدەکانی یەکێتی بەشێکیان لەلایەن حزب و بەرپرسانەوە پاڵپشتییان لێدەکرێت و پارەی زیاتریان بۆ خەرج دەکرێت، بەشێوەیەک پارەکە دەگاتە چەندین بەرامبەری ئەوەی حزب پێیان دەدات، بەڵام بەشەکەی تریان دەمێنێتەوە سەر دۆخی داراییان و پەیوەندی کەسییان لەگەڵ بەرپرسان و سەرمایەداران تا لەکاتی بانگەشەدا هاوکارییان بکەن.
حزبەکانی تر
جوڵانەوەی نەوەی نوێ و ڕەوتی هەڵوێست، هیچ بڕە پارەیەکیان بۆ کاندیدەکانیان تەرخان نەکردووە بۆ ئەوەی لەکاتی بانگەشەدا خەرجی بکەن، بەڵام پۆستەر و فلێکسیان بۆ چاپکردوون و لە ڕێگەی میدیاو سۆشیال میدیاکانیانەوە بانگەشەیان بۆ دەکەن.
حزبە ئیسلامییەکانیش بڕێکی کەم پارەیان بۆ هەر کاندیدێکیان تەرخان کردووە، کە بڕەکەی نزیکەی ملیۆنێک دینارە، بەڵام هاوکات میدیا و سۆشیال میدیایان خستووەتە خزمەت کاندیدەکانیانەوە بۆ ئەوەی لەکاتی بانگەشەدا بەکاری بهێنن.
لەو نێوەندەشدا بەرەی گەل کە سەرۆکەکەی لە زینداندایە، تەنانەت فلێکس و پۆستەریشیان هەڵنەواسیوە، بەڵکو کاندیدەکان تەنها لە ڕێگەی سۆشیال میدیای خۆیان و پەیجەکانی سەر بە بەرەکەیانەوە، بانگەشەیان بۆ دەکرێت.