موقتەدا سەدر؛ لە سوپای مەهدییەوە بۆ هێزەکانی سەرایا سەلام
١٣ تشرینی یەکەم ٢٠٢٥ - ١٠:٣٦ پێش نیوەڕۆ

پەنجەرە
تا ئەوکاتەی ڕژێمی بەعس نەڕووخاو ئەمەریکا عێراقی کۆنترۆڵ نەکرد، کەس ناوی موقتەدا سەدر و ڕەوتەکەی نەبیستبوو، بەڵام تیرۆرکردنی "عەبدولمەجید خوئی" و پێکهێنانی سوپای مەهدی، خێرا ناوی ئەم گەنجە مێزەر بەسەرەی درەوشاندەوە کە ئەوکات تەنها تەمەنی 30 ساڵ بوو.
سوپای مەهدی
کاتێک موقتەدا سەدر لەسەر مینبەری مزگەوتی کوفەوە پێکهێنانی سوپای مەهدی ڕاگەیاند، پێشبینی نەدەکرا دوای 21 ساڵ ئەو هێزە بەناوێکی ترەوە کە سەرایا سەلامە لە گۆڕەپانی سیاسی و سەربازی عێراق دا ئامادەگی هەبێت.
سوپای مەهدی ئەو هێزەی هەرکە ناوی دەهێنرێت خێرا بیرمان بۆ دوو قۆناغی ئاڵۆزی یەک لە دوای یەکی عێراق دەڕوات، قۆناغی شەڕی نێوان ئەو سوپایە و ئەمەریکا لە ساڵی 2004، هەروەها قۆناغی شەڕی تایەفی لە دوای ساڵی 2006.
دوای ساڵی 2004 و ڕاگەیاندنی سوپای مەهدی لەلایەن سەدرەوە، شەڕێکی خوێناوی لەنێوان ئەو هێزە و ئەمەریکا لەسەر گۆڕەپانی عێراق هەڵگیرسا، بەجۆرێک بەرپرسانی ئەمەریکا دەڵێن لەو ماوەیەدا 1000 چەکداری مەهدییان کوشتووە.
دەنگدانەوەی شەڕی نێوان هێزەکانی ئەمەریکا و سوپای مەهدی بە عێراقەوە نەوەستاو گەیشتە کۆشکی سپی، ئەوکات جۆرج بوش، سەرۆکی پێشووتری ئەمەریکا ڕایگەیاند: سەدر دوژمنی ئەمەریکا و داردەستی ئێرانە.
ناکۆکی نێوان سوپای مەهدی و هێزەکانی ئەمەریکا لە بڕیارێکی پۆل برێمەر حاکمی مەدەنی ئەمەریکاوە لە عێراق تەقییەوە، کاتێک بڕیاریدا بە داخستنی ڕۆژنامەی (الحوزە)ی سەر بە ڕەوتی سەدر.
بڕیارەکەی حاکمی مەدەنی ئەمەریکا لایەنگرانی سەدری بردە سەر شەقام و ناڕەزایەتییان پیشاندا، بەڵام لەلایەن هێزەکانی ئەمەریکاوە بەچەک ڕوو بە ڕوویان بوونەوە و ئەمەش دۆخەکەی بە تەواوەتی تەقاندەوە.
دوای هەڵگیرسانی شەڕ لە نێوان سوپای مەهدی و هێزەکانی ئەمەریکا کە شەڕەکە لە باشوری عێراقەوە کڵپەی سەند، ئەمەریکا بڕیاری دەستگیرکردنی بۆ موقتەدا سەدر دەرکرد، بەڵام ناوبراو ڕووی لە ئێران کرد و بۆ ماوەی 4 ساڵ لە شاری قوم خۆی ونکرد.
هەرچەندە لەپاڵ ڕوو بە ڕووبوونەوەی هێزەکانی ئەمەریکادا، سوپای مەهدی تۆمەتبار دەکرێت بە ڕفاندن و ئەشکەنجەدان و کوشتنی سەدان هاوڵاتی، لە سەردەمی شەڕی تایەفیدا لە نێوان ساڵانی 2006 بۆ 2007، بەڵام هێشتا سەدر شانازی بە سوپاکەیەوە دەکات.
چەندجارێک موقتەدا سەدر ڕایگەیاندووە: دوای ساڵی 2003، جگە لە سوپای ئیمامی مەهدی هیچ سوپایەک بەرەنگاری ئەمەریکا نەبووەتەوە.
سەدرییەکان پێیانوایە ئەمەریکا هێندە دووچاری گرفت بووە بە دەست سوپای مەهدییەوە لە دوای ساڵی 2004، ئەو وڵاتە ئێستاش ترسی لە دروستکردنەوەی ئەو سوپایە هەیە.
دوای ئەوەی لە هەڵبژاردنی ساڵی 2018ەدا، ڕەوتی سەدر دەنگێکی زۆری بەدەستهێنا، زیاد ئەسەدی یاریدەدەری موقتەدا سەدر ڕایگەیاند: ئەمەریکاییەکان لە ڕێگەی نێوەنگیرەوە پەیوەندییان پێوە کردوون و پرسیاریان لەبارەی ئەگەری دامەزراندنەوەی سوپای مەهدی لێکردوون.
هەڵوەشاندنەوەی سوپای مەهدی
دوای خۆ ونکردنی بۆ ماوەی چوار ساڵ و مانەوەی لە شاری قوم ی ئێران، دواتر موقتەدا سەدری ڕێبەری ڕەوتی سەدر دەرکەوتەوەو سوپای مەهدی هەڵوەشاندەوە.
هەڵوەشاندنەوەی سوپاکە لە دۆخێکی ئاساییدا نەبوو، بەڵکو دوای هەڵمەتێکی گەورەی سوپای عێراق هات لە دژی لە ساڵی 2008، ئەوکات نوری مالکی سەرۆکوەزیران و فەرماندەی هێزە چەکدارەکان بوو.
هەڵمەتەکەی سوپای عێراق لە دژی سوپای مەهدی تا ئێستاش کاریگەری بەسەر پەیوەندییەکانی نێوان مالکی و سەدرەوە ماوە.هەرچەندە ساڵی 2010 نێوانیان تا ڕادەیەک ئاسایی بوویەوە، بەڵام ساڵی 2013 کاتێک سەدر پشتگیری خۆپیشاندانی سونەکانی ئەنباری دژی حکومەتەکەی مالکی کرد، دیسان پەیوەندی نێوانیان ئاڵۆز بوویەوە.
هەڵوەشاندنەوەی سوپای مەهدی وەکو بڕیارێکی تاکتیکی سەدر لێی ڕوانرا، بەو پێیەی پێکهاتەی سوپاکە وەکو خۆی مایەوەو هێزەکانی سەرایا سەلام بوونە جێگرەوەی، ئەم هێزە زۆرجار لەکاتی گرژی نێوان سەدر و لایەنە شیعەکان دا ڕۆڵ دەگێڕێت.
لە مانگی 8 ی ساڵی 2022، دوای هەڵکوتانە سەر ناوچەی سەوز لەلایەن لایەنگرانی ڕەوتی سەدرەوە وەکو پەرچەکرداری وازهێنانی سەرۆکی ڕەوتەکەیان لە سیاسەت، هێزەکانی سەرایا سەلام ڕووبەڕووی هێزە عێراقییەکان بوونەوە.
هێزەکانی سەرایا سەلام بەدرێژکراوەی سوپای مەهدی دادەنرێت، بەڵام ئەرکەکەی لە بەرەنگاربوونەوەی ئەمەریکاوە بۆ پارێزگاریکردن لە سەرۆکی ڕەوتەکە و لایەنگرانی و پاراستنی بەرژەوەندییەکانی گۆڕاوە.
عەبدولمەجید خوئی ؛ ئەو تۆمەتەی لە سەدر نابێتەوە
کوژرانی "عەبدولمەجید خوئی" کوڕی مەرجەعی کۆچکردووی شیعە کە لە ناو مەزاری ئیمام عەلیدا بە چەقۆ کوژرا، تۆمەتێکە تا ئێستاش یەخەی موقتەدا سەدری دامەزرێنەری سوپای مەهدی بەرنادات.
نزیکەی چارەکە سەدەیەک بەسەر کوژرانی "عەبدولمەجید خوئی" دا تێپەڕیووە، بەڵام کاتێک لەسەر ئاستی سیاسی و ئاینی ناوی دەهێنرێت، لەگەڵیدا ناوی موقتەدا سەدریش دەهێنەرێتەوە بەرباس و وەکو تۆمەتباری ڕووداوەکە لێی دەڕوانرێت.
عەبدولمەجید، جیا لەوەی كوڕی مەرجەعی گەورەی كۆچكردوو ئەبولقاسمی خوئی بوو، سەروكاریی دامەزراوەیەكی خێرخوازیی گەورەی دەكرد لە شاری لەندەن كە وەكو ماڵی هەموو شیعەكانی تاراوگە وابوو، هەروەها تۆڕێك پەیوەندیی لەگەڵ ئۆرگانە نێودەوڵەتییەكانیشدا هەبوو.
بە تۆمەتی پلان داڕێژەی پشت تیرۆرکردنی خوئی، دادگای لێكۆڵینەوەی نەجەف لە ساڵی 2003، بڕیاری دەستگیركردنی بۆ موقتەدا سەدر دەركرد، بەڵام نەتوانرا فەرمانەکە جێبەجێ بکرێت. هەرچەندە ناوبەناو لەسەردەمی مالیكیدا وەكو كارتێكی گوشار لەدژی هەڵوێستە سیاسیی و ڕكابەریكردنەكانی سەدر بەكاردەهێنرا.
خێزانی زانا تیرۆركراوەكەی شیعە، لەوكاتەوە بێدەنگییان لە دۆسیەكە كردووە، كەسە نزیكەكانی موقتەداش دەڵێن ئەوەی رویداوە تەنیا تەڵەیەك بووە بۆ ڕاوكردنی سەدر.