عێراق؛ وڵاتی بانکە ئەهلییەکان و سپیکردنەوەی پارە
١٤ تشرینی یەکەم ٢٠٢٥ - ٧:٠٥ پاش نیوەڕۆ

پەنجەرە
نزیکەی 74 بانکی ئەهلی لە عێراق دا هەن، لەکاتێکدا ئەم وڵاتە 7 بانکی حکومی تێدایە، شارەزایەکی بواری ئابووریش دەڵێت بەشێک لە بانکە ئەهلییەکان بۆ سپیکردنەوەی پارە دروستکراون.
سزادانی "پاشای دۆلار"
حەمید غوڵام، کەسایەتی نزیک لە ڕەوتی سەدر کە لەنێو ئەنجومەنی وەزیرانی عێراقدا پاڵپشتی بەهێزی هەبوو، چوار بانکی لەلایەن ئەمەریکاوە سزا دراوە و بەوهۆیەوە بانکی ناوەندی عێراق هەموو جۆرە مامەڵەیەکی لەگەڵ بانکەکانی ڕاگرتووە.
بانکەکانی سەر بە حەمید غوڵام لەلایەن ئەمەریکاوە تۆمەتبارکران بە سپیکردنەوەی پارە، ناردن و ڕاکێشانی پارە لە ڕێگەی بانکەوە بۆ میلیشیا شیعەکانی عێراق و لوبنان.
سپیکردنەوەی پارە، ناردن و ڕاکێشانی بۆ میلیشیا شیعەکان، بە هۆکاری سەرەکی دروستبوونی قەیرانی دۆلار لە عێراق دادەنرێت، بەتایبەت لە ڕابردوودا چەندینجار قەیرانی دۆلار لە بازاڕەکانی عێراق و هەرێمدا دروستبووە.
یەکێکی تر لەو بانکانەی سزا درا و لە ڕیزی بانکە ئەهلییەکان دا بوو، خاوەنەکەی ئاراس حەبیب کەریم بوو، ئەو سەرۆکی کۆنگرەی نیشتمانی عێراقە و ئەم حزبە پێشتر لەلایەن ئەحمەد چەلەبییەوە سەرپەرشتی دەکرا.
محەمەد حسێن، شارەزای ئابوریی و وزە، بە پەنجەرەی ڕاگەیاند: دوای ئەوەی ئەمەریکا ژمارەیەک بانکی بە تۆمەتی ڕاییکردنی کاری میلیشیاکان سزادا، بانکەکانی تر ترسان و خۆیان لەم کارە بەدوور گرت.
دەشڵێت: بانکی ناوەندیش هەموو مامەڵەیەکی لەگەڵ بانکە سزا دراوەکان دا ڕاگرتووە.
عێراق و 74 بانکی ئەهلی
لەکاتێکدا حەوت بانکی حکومی لە عێراق دا هەیە، بەڵام 74 بانکی ئەهلی دامەزرێنراون و زۆربەشیان حزب و سیاسییەکان خاوەندارێتی دەکەن، بەڵام بانکەکان کراون بە ناوی خەڵکانی ترەوە.
ئەو بانکانە زۆربەیان کاریان سپیکردنەوەی پارە و کڕین و فرۆشتنی دراوی قورسە لە بازاڕی ڕەشدا، هەر ئەوان هۆکاری زۆرێک لەو قەیرانانە بوون لە ڕابردوودا بەهۆی بەرزبوونەوەی بەهای دۆلارەوە دروستبوون.
یەکێک لەو کارانەی بانکە ئەهلییەکان دەیکەن، کڕینی دۆلارە بە نرخێکی هەرزان لە بانکی ناوەندی و فرۆشتنی بە نرخێکی گران لە بازاڕدا، ئەمەش بەهۆکارێکی سەرەکی جیاوازی نرخی دۆلار لە بانکی ناوەندیی و بازاڕ دادەنرێت.
بەڕای شارەزایانی بواری ئابووری، بەشێکی زۆر لەو بانکانە هی حزب و بەرپرسانن و سودمەندی گەورەن لە دۆخی ئابووری عێراق، بەو پێیەی بەشدارن لە پرۆسەی ئاڵوگۆڕی دراو و جوڵەکردن بە پارە لە ڕێگەی بانکەکانەوە.