"کێڵگە نەوتییەکان دەکەونە نێو زەوییەکانیانەوە"؛ قەرەبووی ژمارەیەک گوندی گەرمیان چوار ساڵە راگیراوە
١٤ تشرینی یەکەم ٢٠٢٥ - ٧:٠٦ پاش نیوەڕۆ

پەنجەرە
دانیشتوانی هەشت گوندی ئیدارەی گەرمیان داوای قەرەبوو لە کۆمپانیای گازپرۆمی ڕوسی دەکەن، کە زەوییەکانیان لەلایەن ئەو کۆمپانیایەوە بیرە نەوتی تێدا لێدراوە و ماوەی چوار ساڵە قەرەبوو نەکراونەتەوە.
سۆران حەسیرەیی، ئەنجومەنی یەکێک لە گوندەکان، بە پەنجەرەی ڕاگەیاند: پێشتر بۆ هەر دۆنمێک زەوی ساڵانە 300 هەزار دینار و دواتر 270 هەزارمان پێدەدرا، بەڵام ماوەی چوار ساڵە هیچ بڕە قەرەبوویەک بە گوندنیشینەکان نەدراوە.
کۆمپانیای گازپرۆمی ڕوسی، سەرکارە لە کێڵگەی نەوتی گەرمیان کە لە ناو هاوڵاتییاندا بە "حەسیرە" ناسراوە و ڕۆژانە نزیکەی 8 هەزار بەرمیل نەوت لەو کێڵگەیەدا بەرهەمدەهێنێت، بیرە نەوتییەکانیش دەکەونە سنوری گوندەکانی (حەسیرە، کەواچەرمو، کارێزە، حاجی عەواد، وەلی هەیەر، ملە سورە و سەرقەڵا).
سۆران، وتی: کۆمپانیای گاز پرۆمی ڕوسی پێیوتین، پارەی قەرەبوویان ئامادەیە، بەڵام نیوەی پارەکە حکومەتی هەرێم دابینی دەکات و دەبێت فەرمانی وەزاری بۆ دەربکرێت، هەرکات ئەم کارە کرا پارەکە ئامادەیە.
ئەمڕۆ سێشەممە، نوێنەری گوندەکان سەردانی ناحیەی سەرقەڵایان کرد و لەگەڵ کۆمپانیای گازپرۆم دا کۆبوونەوە، بڕیارە داواکارییەکانیان بگەیەنرێتە بەرپرسانی هەرێم.
سۆران، دەڵێت: سێ پێشنیازمان خستە بەردەم گاز پرۆم، قەرەبوو کردنەوە یان بەجێهێشتنی زەویەکانمان، یاخود کۆمپانیاکە دەست لەکارکردن هەڵبگرێت بۆ ئەوەی حکومەت ناچاربێت قەرەبوومان بکاتەوە، بەڵام بەرپرسانی گاز پرۆم دەست لەکارکردنیان ڕەتکردەوە گوایە ئەوە قورسە بۆیان.