ئایا دوورخستنەوەی کاندیدەکان دیزاینی پێشوەختەی هەڵبژاردنە؟

١٤ تشرینی یەکەم ٢٠٢٥ - ٨:٣٤ پاش نیوەڕۆ

ئایا دوورخستنەوەی کاندیدەکان دیزاینی پێشوەختەی هەڵبژاردنە؟

پەنجەرە

دوورخستنەوەی ژمارەیەکی زۆر کاندیدی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بەلای چاودێرانەوە حاڵەتێکی سروشتی نییە، بەڵکو دیزاینی پێشوەختە بۆ دوورخستنەوەی ئەو کاندیدانەی مایەی گرفت و سەرئێشەن.


دوورخستنەوەی ژمارەیەکی زۆر کاندیدی حزب و لایەنەکان لە هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەران، لەکاتێکدایە بەشێک لە دورخراوەکان کاندیدی بەهێزن و پێشتریش پەرلەمانتاری عێراق بوون.

کاندیدەکان بە پێی یاسای کۆمیسیۆن و بە پاساوی جۆراوجۆر، مافی بەشداریکردنیان لە کێبڕکێی هەڵبژاردن لێ وەرگیرایەوە، پاساوەکان بریتی بوون لە یاسای ڕیشەکێشکردنی بەعس و خراپی ناوبانگ و چەند تۆمەتێکی تر.

ئەوەی زیاتر بووە مایەی تێبینی، ئەوەیە بەشێک لە کاندیدەکان پاش پەسەندکردنی ناوەکانیان، لە کێبڕکێی هەڵبژاردن دوورخرانەوە.

مەحمود زەیدان، سەرکردەی عەرەبی سونە، بە پەنجەرەی ڕاگەیاند: ڕەنگە جۆرێک لە ڕێککەوتنی دەرەکی هەبێت بۆ دوورخستنەوەی ئەو کاندیدانە.

بەڕای چاودێرانی سیاسی، ئەو کاندیدانەی لە کێبڕکێی هەڵبژاردن دوورخراونەتەوە بەشێکیان کاندیدی بەهێز بوون و دەرچوونیان مسۆگەر بوو، بۆیە ڕەنگە هۆکاری دوورخستنەوەیان بۆ ئەوە بێت کە مایەی سەرئێشەن بۆ پرۆسەی سیاسی عێراق لە داهاتوودا.

چاودێران دەڵێن، ئەو ڕێوشوێنانەی بۆ دوورخستنەوەی کاندیدەکان گیرایەبەر، جۆرێک لە دیزاینی پێوە دیارە، چونکە بەشێک لە کاندیدە بەهێزەکان کراونەتە ئامانج.


لە دیزاینەوە بۆ فلتەر

لەنێو بەشێک لە بەرپرسانی هێزە لایەنە عێراقی و کوردییەکاندا، دەنگۆیەک بڵاوبووەتەوە گوایە ئەوەی لە پەسەندکردنی ناوی کاندیدەکاندا ڕوویدا و ژمارەیەکی زۆر کاندید دوورخرانەوە، لە دوای هەڵبژاردن بە جۆرێکی تر دووبارە دەبێتەوە.

بەپێی دەنگۆکان، گومان دەکرێت دەرچوواندنی کاندیدەکانیش بە فلتەردا تێپەڕێت، فلتەرەکەش گوایە ڕێککەوتنی ئیقلیمی و نێودەوڵەتی لەسەر بێت، بەڵام ئەمە لەگەڵ یاسا بەرکارەکانی عێراق یەکناگرێتەوە.

دوورخستنەوەی کاندید ئەگەر بەشێکیش بێت لە دیزاین و پلانی سیاسی، بەڵام بە یاسا کراوە، بەڵام هیچ یاسایەک نییە بۆ ئەوەی ئەگەر کاندید سەرکەوتنی بەدەستهێنا لە فلتەر بدرێت و ڕێگەی چوونە پەرلەمانی پێنەدرێت.


دواین پێشهات

زۆرترین خوێنراو