16ـی ئۆکتۆبەر؛ ئەو حیکایەتەی بە مشتومڕەوە چووە نێو لاپەڕەکانی مێژووەوە

١٥ تشرینی یەکەم ٢٠٢٥ - ٣:٤٢ پاش نیوەڕۆ

16ـی ئۆکتۆبەر؛ ئەو حیکایەتەی بە مشتومڕەوە چووە نێو لاپەڕەکانی مێژووەوە

پەنجەرە

کاتێک بەرەبەیانی ڕۆژی 16ـی ئۆکتۆبەری ساڵی 2017، هێزە عێراقییەکان کەرکوک و بەشێکی زۆر لەناوچە کێشە لەسەرەکانیان کۆنترۆڵ کرد، هاوڕایی نێوان حزبە کوردییەکان لەسەر ریفراندۆم گۆڕا بۆ سەنگەر لەیەکترگرتن، ئاهەنگ و هەڵپەڕکێی شەقامی کوردیش بۆ هێرشکردنە سەر حزبەکان قەڵپ بوویەوە.

16ـی ئۆکتۆبەر هاوشێوەی 31ـی ئاب و ڕووداوە مێژووییەکانی تر، بە مشتومڕەوە چووە نێو لاپەڕەکانی مێژووەوە، بەوپێیەی پارتی هۆکارەکەی بۆ دەست تێکەڵکردنی یەکێتی و یەکێتیش ڕیفراندۆم بەهۆکاری لەدەستدانی 51%ـی خاکی کوردستان دەزانێت.


کۆنترۆڵکردنی کەرکوک؛ پلانی پێشوەخت داڕێژراو
 
سەرۆکی پارتی ئامانجی عێراقی لە کەرکوک ڕایدەگەیەنێت، ریفراندۆم پلانی کۆنترۆڵکردنی کەرکوکی لەلایەن حکومەتی عێراقەوە لە 16ـی ئۆکتۆبەری ساڵی 2017 پێشخست، ئەگینا پلانی کۆنترۆڵکرددنی ئەو ناوچانە دەمێک بوو داڕێژرابوو.

ئیسماعیل حەدیدیی، سەرۆکی پارتی ئامانج و سەرکردەی سیاسی عەرەبی سونە لە کەرکوک، بە پەنجەرەی ڕاگەیاند: دوای کۆتایی هاتنی شەڕی داعش و گرتنەوەی ناوچەکانی موسڵ لەلایەن حکومەتی عێراقەوە، عێراق هێزێکی زۆری لە حەمرین کۆکردەوەو ئامادەی کرد بۆ کۆنترۆڵکردنی کەرکوک.

لە ڕۆژی 16ـی ئۆکتۆبەری ساڵی 2017، سوپای عێراق هێرشێکی چڕ و هەمەلایەنەی کردە سەر کەرکوک و زۆربەی ناوچە کێشە لەسەرەکان، لە ماوەی چەند ڕۆژێکدا زۆربەی ئەو ناوچانەی لە ژێر کۆنترۆڵی حکومەتی هەرێم دەرهێنا.

ئەنجامدانی هێرشی عێراقی بۆ سەر کەرکوک و ناوچە کێشە لەسەرەکان لەکاتێکدابوو، سوپای عێراق و پێشمەرگە پێکەوە شەڕی داعشیان دەکرد، بەڵام لە پڕ دۆخەکە گۆڕا بۆ شەڕی نێوان ئەو دوو هێزە.

ئیسماعیل حەدیدیی، دەڵێت: ئێران و تورکیاو زۆربەی وڵاتان بۆ کۆنترۆڵکردنی کەرکوک و ناوچە کێشە لەسەرەکان هاوکاری حکومەتی عێراق بوون، چونکە پلانی کۆنترۆڵکردنەوەی ئەو ناوچانە دەمێکبوو داڕێژرابوو.

هەروەها وتیشی: یاخیبوونی ئیدارەی ئەوکاتی کەرکوک لە حکومەتی عێراق و جێبەجێنەکردنی بڕیارەکانی عێراق، لاوازی و نەبوونی هێزە عێراقییەکان لەناو کەرکوک و هەروەها ئەنجامدانی ریفراندۆم بەبێ ڕەزامەندی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی، پلانی کۆنترۆڵکردنی کەرکوکیان پێشخست.

لایەنە کوردییەکان بە تایبەت یەکێتی و پارتی لە دوای ڕووخانی بەعسەوە لە ساڵی 2003 تا ڕۆژی 16ـی ئۆکتۆبەری 2017، دەسەڵاتی تەواویان لە کەرکوک هەبوو، بەڵام دوای 16 ی ئۆکتۆبەر زۆربەی دەسەڵاتەکانیان لێ وەرگیرایەوە.

تا پێش کۆنترۆڵکردنەوەی کەرکوک لەلایەن حکومەتی عێراقەوە، پێکهاتەی عەرەبی و تورکمانی ناڕازیبوون و کوردیان بە قۆرخکردنی دەسەڵاتەکان تۆمەتبار دەکرد، بەڵام دواتر هاوکێشە بە جۆرێک گۆڕا کورد بووە لایەنی ناڕازی و عەرەب و تورکمانیش دەسەڵاتیان گرتەدەست.

حەسەن تۆران، سەرۆکی پێشووی بەرەی تورکمانی عێراقی، دەڵێت: 16ـی ئۆکتۆبەر دەرئەنجامی کۆمەڵێک هەڵەی کەڵەبووی حزبە کوردییەکان بوو کە لە کەرکوک ئەنجامیاندا.


یەکێتی و پارتی؛ لە یارەوە بۆ نەیار

20 ڕۆژ پێش 16ـی ئۆکتۆبەر و بەدیاریکراوی لە ڕۆژی 25ـی ئەیلولی 2017، ئەو ڕۆژەی ڕیفراندۆم ئەنجامدرا، بەرپرسانی یەکێتی و پارتی پێکەوە ئاهەنگیان دەگێڕا، بەڵام ئاهەنگەکەیان کورتخایەن بوو، بەوپێیەی دوای 20 ڕۆژ نێوانیان گۆڕا بۆ هێرش و تەخوینکردنی یەکتری.

هەرچەندە 8 ساڵ بەسەر 16ـی ئۆکتۆبەر و لە دەستدانی ئەو ناوچانە لەلایەن کوردەوە تێپەڕ دەبێت، بەڵام هێشتا لێکەوتەکانی ئەو ڕووداوە بەردەوامی هەیە و یەکێتی و پارتی یەکتری تۆمەتبار دەکەن.

یەکێتی لەلایەن پارتییەوە بە ڕێککەوتن و ڕادەستکردنی ئەو ناوچانە بە حکومەتی عێراق تۆمەتبار دەکرێت، لەکاتێکدا یەکێتی هۆکاری 16ـی ئۆکتۆبەر بۆ ئەنجامدانی ریفراندۆم و سەرەڕۆیی پارتی دەگێڕێتەوە.

بەرپرسانی یەکێتی دەڵێن: ریفراندۆم بیانووی دابەدەست عێراقەوە هەتا هێرش بکاتە سەر کەرکوک، پارتی بەشێک بوو لە پلانەکە و پێی ناخۆشبوو یەکێتی لە کەرکوک بەهێزبوو.

16ـی ئۆکتۆبەر و هێرشی عێراق بۆ سەر ناوچە کێشە لەسەرەکان، لە دۆخێکدا ڕوویدا پەیوەندییەکانی نێوان هەرێم و بەغدا لەوپەڕی ئاڵۆزیدا بوو، بە جۆرێک پەیوەندی نێوانیان گەیشتبووە ئاستی دابڕان و ترازان و سەرکردەکانی هەردوولا یەکتریان تۆمەتبار دەکرد.

کامەران کەرکوکی، ئەندامی پێشووی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک، بە پەنجەرەی ڕاگەیاند: 16ـی ئۆکتۆبەر پەردەی لەسەر ئەو نهێنییە لادا کە حزبی کوردی بەشێکیان بۆ ئاین و بەشەکەی تری بۆ ئابووری ئیش دەکات و خاک لایان گرنگ نییە.

هەروەها وتیشی: 16ـی ئۆکتۆبەر پێگەی ئێرانی لەناوچەکە بەهێز کرد.

دوای تێپەڕبوونی حەوت ساڵ بەسەر 16ـی ئۆکتۆبەر و لە دەستدانی کەرکوک و ناوچە کێشە لەسەرەکان لەلایەن کوردەوە، بەڵام هێشتا ناکۆکی نێوان یەکێتی و پارتی لە کەرکوک بەردەوامیی هەیە.

یەکێتی لەگەڵ بەشێک لە عەرەبی سونە حکومەتی خۆجێی کەرکوکی پێکهێناوە، لەکاتێکدا پارتی و بەرەی تورکمانی و بەشێکی تر لە عەرەبی سونە، بەشداری حکومەتی کەرکوکیان نەکردووە و لە دۆخەکە ناڕازیین.


دواین پێشهات

زۆرترین خوێنراو