ژەهر لەسەر خوان؛ هەندێک بەروبوومی هاوردەکراو دە هێندە زیاتر مادەی نایترەیتی تێدایە
١٥ تشرینی یەکەم ٢٠٢٥ - ٣:٤٤ پاش نیوەڕۆ

پەنجەرە
پسپۆڕێکی بواری خۆراک ڕایدەگەیەنێت، بەروبوومە کشتوکاڵییە هاوردەکراوەکان، پشکنینی پێویستی کیمیاییان بۆ ناکرێت و ڕێژەی نایترایت لە پێکهاتەکانیاندا لە ستاندارد زیاترە، بۆیە هۆکارن بۆ توشبوون بە نەخۆشییە درێژخایەنەکان.
لەشکر حەمید، پسپۆڕی بواری خۆراک، بە پەنجەرەی ڕاگەیاند: پشکنینم بۆ خەیار و کولەکە و تەمامەتە ئەنجامداوە، ڕێژەی نایترەیت تێیاندا دە هێندە لە سەرووی ستانداردەوەیە.
دەشڵێت: ئەگەر ڕێژەی نایترەیت لە بەروبوومی کشتوکاڵیدا زۆربوو، دەبێتە هۆی لاوازبوونی بەرگری مرڤ و ئەمەش دووچاری نەخۆشی درێژخایەن و شێرپەنجەی دەکات.
نایترایت بڕی پەینی کیمیاییە کە بەکاردەهێنرێت بۆ بەروبوومی کشتوکاڵی، تا بەروبوومەکان خێرا گەشە بکەن و بەرهەمی زیاتریان هەبێت، بەکارهێنانی بڕی زیادی نایترەیت وادەکات تێکەڵی پێکهاتەی بەروبوومی کشتوکاڵی ببێت.
لەشکر حەمید، دەڵێت: لە سنورەکان تەنها لە ڕێگەی چاوەوە پشکنینی فیزیایی بۆ بەروبوومی کشتوکاڵی دەکرێت، لەکاتێکدا دەبێت پشکنینی کیمیایی و پشکنینی دژە مێرووەکان و پشکنینی کانزا قورسەکانیش بۆ بەروبومی کشتوکاڵی بکرێت کە ئەمەش دەچێتە بواری پشکنینی کیمیاییەوە.
ڕۆژانە بڕێکی زۆر بەروبوومی کشتوکاڵی لە دەروازە سنوورییەکانەوە هاوردەی هەرێمی کوردستان دەکرێت، ئەنجام نەدانی پشکنینی پێویست بۆ بەروبوومە کشتوکاڵییەکان لەکاتێکدایە ئەم ئەرکە بە چەند کۆمپانیایەک لە دەروازە سنورییەکان سپێردراوە.
پەرلەمانتارانی لایەنە ئۆپۆزسیۆنەکان دەڵێن: بەشێکی زۆری کاڵاو بەروبوومە کشتوکاڵییە هاوردەکراوەکان بە پرۆسەی گومرگی و کوالێتی کۆنترۆڵدا تێپەڕ نابن، بەڵکو لە دەروازەکان خەتێک هەیە پییدەوترێ خەتی تەنسیق، بارە قاچاخەکان لەو خەتانەوە دێنە ناو هەرێم و هەر بارێک بڕێک پارەیان لێوەردەگیرێت.
ئاماژە بەوەش دەکەن، ئەو بارانەی لە خەتی تەنسیقی دەروازەکانەوە دێن بە ئۆتۆمبێلی بەڕاد و داخراو دەهێنرێن و هیچ پشکنینێکیان بۆ ناکرێت، مانگانە چەندین ملیۆن دۆلار دەست حزب و بەرپرسان دەکەوێت بەهۆی ئەو بارانەوە. کاڵا هاوردەکراوەکانیش بە قاچاخ جۆرەها کاڵای جیاوازیان تێدایە.
پێشتر ئاشکرابوونی هەبوونی رێژەیەکی زۆری نایترایت لە فاسۆلیای تەڕی هاوردەکراودا هەڵای دروستکرد، گوایە دواتر هاوردەکردنی فاسۆلیای تەڕ قەدەغەکرا.
بەپێی نوسراوێکی پێشووتری بەڕێوبەرایەتی گشتی کشتوکاڵی گەرمیان، لە مانگی شوباتی ساڵی 2019ـەوە، وەزارەتی کشتوکاڵ لە هەبوونی رێژەی زۆری نایترایت لە بەروبوومە کشتوکاڵییە هاوردەکراوەکان ئاگادارکراوەتەوە، بەڵام تائێستا ڕێوشوێنی پێویست نەگیراوەتەبەر.
بەرپرسێکی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەڵێت: ئەوەی لە سنورەکان ڕوودەدات لە هاوردەکردنی کاڵا و بەربوومی کشتوکاڵی کارەساتە.
بەرپرسەکە کە نەیویست ئاماژە بە ناوی بکرێت، بە پەنجەرەی وت: هەموو لایەنە پەیوەندیدارەکانی حکومەتی هەرێم لێی ئاگادارن، بەڵام بێدەنگن.
دەشڵێت: بەشێکی زۆر لەو بارانەی کە هەڵگری بەروبوومی کشتوکاڵین نەک پشکنینیان بۆ ناکرێت، بەڵکو بە قاچاخ و لەلایەن بەرپرسانەوە دەهێنرێن.
بوونی رێژەی ستانداردی نایترەیت لە بەروبوومی کشتوکاڵی بە حاڵەتێکی ئاسایی دادەنرێت و رێژەکەش بە پێی جۆری بەوربوومەکان دەگۆڕێت، بۆنمونە: شوتی 60 پی ئێم، خەیار 60 پی ئێم و فاسلۆی تەڕیش تا 30 پی ئێم نایترەیت تێیاندا بە حاڵەتێکی نۆرماڵ دادەنرێت.
لەشکر حەمید، دەڵێت: بەشی زۆری بەروبوومە کشتوکاڵییەکان رێژەی زیاد لە ستاندارد نایترەیتیان تێدایە.
جەختکردنەوەی پسپۆڕانی بواری خۆراک لە خراپی کوالێتی بەروبوومە کشتوکاڵییەکان لەکاتێکدایە، پسپۆڕانی تەندروستی ئاماژە بە هەڵکشانی ئاماری توشبوون بە شێرپەنجە لە هەرێمی کوردستان دەکەن.