عەلاویی؛ ئەو سیاسییە شیعه‌یه‌ى لەلایەن شیعەکانەوە خەونەکانی لەگۆڕنرا

١٥ تشرینی یەکەم ٢٠٢٥ - ٥:٣٧ پاش نیوەڕۆ

عەلاویی؛ ئەو سیاسییە شیعه‌یه‌ى لەلایەن شیعەکانەوە خەونەکانی لەگۆڕنرا

په‌نجه‌ره‌

ئەیاد عەلاوی، سیاسەتمەداری دیاری عێراق و یەکەم سەرۆک وەزیرانی دوای ڕووخانی بەعس، کە بۆ ماوەی ساڵێک سەرۆکوەزیرانی عێراق بوو، بەڵام دواتر پۆستەکەی لێوەرگیرایەوە و درا بە ئیبراهیم جەعفەری.

هەرچەندە لە ساڵی 2005 پۆستی سەرۆکوەزیرانی لێوەرگیرایەوە، بەڵام ئەیاد عەلاوی کۆڵی نەدا و لە هەڵبژاردنی ساڵی 2010 دا، بە بەهێزی گەڕایەوە و سەرباری ئەوەی دەنگێکی زۆری بەدەستهێنا، بەڵام شیعەکان خەونەکەیان لەگۆڕنا و نەیانهێشت جڵەوی دەسەڵاتی عێراق بگرێتەوە دەست.


 ئەیاد عەلاویی؛ ڕکابەرە بەهێزەکەی شیعە

هەرچەندە خۆی لەڕووی مەزهەبەوە شیعەبوو، بەڵام ئەیاد عەلاوی سیاسییەکی لێبڕاڵ و کارەکتەرێکی قاڵبووی نێو دونیای سیاسی بوو، پێشینەیەکی دوور و درێژیشی لە بەرەنگاربوونەوەی ڕژێمی بەعس دا هەبوو.

بۆ هەڵبژاردنی ساڵی 2010ـى ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، ئەیاد عەلاوی سەرۆکایەتی هاوپەیمانێتی "العراقیه‌ الوگنیه‌" کرد، هەریەک لە ساڵح موتڵەگ، تارق هاشمی، جەمال کەربولی، رافع عیساوی و ئوسامە نجێفی بەشێک بوون لە هاوپەیمانێتییەکەی.

هەرچەندە لیستەکەی عەلاوی 91 کورسی پەرلەمانی عێراق و نزیکەی دوو ملیۆن و نیو دەنگی بەدەستهێنا، بەڵام لایەنە شیعەکان ڕێگرییان لێکرد و نەیانهێشت جارێکی تر پۆستی سەرۆکوەزیرانی عێراق بەدەست بهێنێتەوە.


دۆستێكی دڵسۆزی پارتی

کاتێک لە مانگی شوباتی ئەمساڵ، ئەیاد عەلاویی ئاماژەی بە کردنەوەی لقێکی حزبی بەعس لە شاری هەولێر کرد، خەریکبوو پەیوەندییەکانی لەگەڵ پارتی دیموکراتی کوردستان لە دۆستایەتییەوە بۆ نیگەرانی بگۆڕێت.

هەرزوو بارەگای بارزانی وەڵامی قسەکانی ئەیاد عەلاوی دایەوە و قسەکانی بە "دوور لە ڕاستی" وەسفکرد، زۆری نەبرد نوسینگەی ئەیاد عەلاویش جەختیکردەوە لێکدانەوەی هەڵە بۆ قسەکانی کراوە.

بەرپرسانی پارتی قسەکانی ئەیاد عەلاوییان بەلاوە سەیربوو، بەو پێیەی دۆستایەتی لەنێوانیان دا هەبوو، بۆیە لێکدانەوەی پارتی بۆ قسەکانی ناوبراو بەوجۆرە بوو کە ڕەنگە لە ژێر کاریگەری تەمەن دا باسی لە کردنەوەی لقی حزبی بەعسی لە کوردستان کردبێت.

بەرپرسانی پارتی دەڵێن: کەسێک مەمنونی سەرکردایەتی سیاسی کورد بێت، دەبێت ئەو کەسە عەلاوی بێت، چونکە لە زۆر هەڵوێست دا کورد پشتگیریی کردووە.

دەشڵێن: هیچ هۆکارێک نییە بۆ ئەوەی عەلاوی دژی کورد بێت، چونکە ئەو جیاوازە لە هەندێک لایەنی تر.

د. مەحمود عوسمان، سیاسەتمەداری کورد و ئەندامی پێشووتری ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، دەڵێت: بەعس بارەگا و ڕێکخستنی نەماوە، بەڵام سونەکان کە فشاریان لەسەرە ڕوو لە هەولێرو سلێمانی دەکەن و ڕەنگە بەعسیشیان تێدا بێت.


ئەیاد عەلاوی ؛ لە لوتکەی دەسەڵاتەوە بۆ بێ هیوایی

لەکاتێکدا پێشتر ئەیاد عەلاوی کێبڕکێی لایەنە شیعەکانی دەکرد بۆ گرتنە دەستی جڵەوی دەسەڵات لە عێراق دا، بەڵام ئێستا دۆخی تەندروستی هێندە خراپە ناو بە ناو هەواڵی کۆچی دوایی بڵاودەکرێتەوەو دواتر ڕەتدەکرێتەوە.

ئەیاد عەلاوی کە تەمەنی بۆ 80 ساڵ هەڵکشاوە و نەخۆشی تەنگی پێهەڵچنیووە، هەرچەندە وەکو کەسایەتییەکی سیاسی عێراق ناو بە ناو قسەی لەبارەی دۆخی سیاسییەوە هەیە، بەڵام بەکردار لە گۆڕەپانی سیاسی دوورکەوتووەتەوە.

بۆ هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، ئەیاد عەلاوی هیچ لیستێکی نییە و پێناچێت چیتر دۆخی تەندروستی ڕێگەی کێبڕکێی دەسەڵاتی پێبدات. ئەو هەرچەندە لەڕووی مەزهەبەوە شیعە بوو، بەڵام هەمیشە وەکو کەسایەتییەکی سیاسی لەبەرەی سونەکاندا دەردەکەوت.


دواین پێشهات

زۆرترین خوێنراو