16 لیست و 483 کاندید؛ نەخشەی دابەشبوونی کاندیدی لایەنە کوردییەکان
١٦ تشرینی یەکەم ٢٠٢٥ - ٢:١٩ پاش نیوەڕۆ

پەنجەرە
حزب و لایەنە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان 483 کاندیدیان لە سێ پارێزگاکەی هەرێم و ناوچە کێشە لەسەرەکان بۆ خولی شەشەمی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق هەیە، هەروەها 8 کاندیدی سەربەخۆش لەو ناوچانە ڕکابەری لایەنەکان دەکەن.
پارتی دیموکراتی کوردستان زۆرترین کاندیدی لە سێ پارێزگاکەی هەرێم و ناوچە کێشە لەسەرەکان هەیە، لەکاتێکدا ژمارەی کاندیدە سەربەخۆکان لە کاندیدی سەرجەم حزب و لایەنەکان کەمترن.
پارتی دیموکراتی کوردستان
پارتی 175 کاندیدی بۆ هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق هەیە، ئەمە جگە لەوەی لەشاری بەغداش پاڵپشتی لیستێکی کوردە فەیلییەکان دەکات و لیستەکە نزیکەی 30 کاندیدی داناوە.
پارتی لە پارێزگای نەینەوا 61 کاندید، هەولێر 30 کاندید، سلێمانی 36 کاندید، کەرکوک 24 کاندید، دهۆک 22 کاندید، هەروەها لە پارێزگاکانی دیالە و سەڵاحەدینیش دوو کاندیدی لەنێو لیستی "عەزم"ـی موسەنا سامەڕائیدا هەیە.
یەکێتی نیشتمانی کوردستان
یەکێتی 155 کاندیدی لە هەرێمی کوردستان و ناوچە کێشە لەسەرەکان هەیە، هەروەها لە شاری بەغداش کاندیدێکی لەنێو لیستەکەی سەرۆکوەزیرانی عێراق دا هەیە و ناوی ئایات فەیلییە.
یەکێتی لە پارێزگای سلێمانی 36 کاندیدی هەیە. لە نەینەوا بە 32 کاندید و لەنێو لیستی هاوپەیمانی ئەهلی نەینەوا بەشداری پرۆسەی هەڵبژاردن دەکات، کە لیستەکە 61 کاندیدی هەیەو سێ لایەنی سیاسی پێکهێنەری ئەم لیستەن.
یەکێتی لە پارێزگای هەولێر 30 کاندید، دهۆک 5 کاندید، کەرکوک 24 کاندید، دیالە 27 کاندید و لە پارێزگای سەڵاحەدینیش کاندیدێکی لە نێو لیستی جەماهیری پارێزگاری پێشووی پارێزگاکەدا هەیە.
جوڵانەوەی نەوەی نوێ
نەوەی نوێ کە یەکەم هەڵبژاردنە بە بێ سەرۆکەکەی بەشداری تێدا دەکات، 43 کاندیدی لە سێ پارێزگاکەی هەرێم و ناوچە کێشە لەسەرەکان هەیە، تەنها لە پارێزگای سەڵاحەدین کاندیدی نییە.
نەوەی نوێ لە سلێمانی 12 کاندید، هەولێر 8 کاندید، دهۆک 5 کاندید، نەینەوا 7 کاندید، کەرکوک 7 کاندید و لە پارێزگای دیالەش 4 کاندیدی هەیە.
یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان
یەکگرتوو تەنها لە پارێزگاکانی هەرێم کاندیدی هەیە، بۆ ئەم مەبەستەش بە 16 کاندیدەوە بەشداریی پرۆسەکەی کردووە.
یەکگرتوو لە پارێزگای دهۆک 4 کاندید، لە سلێمانی 8 کاندید و لە هەولێر 4 کاندیدی هەیە.
ڕەوتی هەڵوێست
ڕەوتی هەڵوێست تەنها لە سێ پارێزگاکەی هەرێم بەشداری هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی کردووە، بۆ ئەو سێ پارێزگایە 32 کاندیدی هەیە.
هەڵوێست لە پارێزگای سلێمانی 16 کاندید، هەولێر 12 کاندید، لە پارێزگای دهۆکیش بە 4 کاندید بەشداری پرۆسەی هەڵبژاردن دەکات.
کۆمەڵی دادگەریی کوردستان
کۆمەڵیش تەنها لە پارێزگاکانی هەرێم کاندیدی هەیە و تێکڕا بە 14 کاندید بەشداریی پرۆسەکەی کردووە.
کۆمەڵ لە پارێزگای هەولێر 5 کاندید، لە سلێمانی 5 کاندید و لە دهۆک 4 کاندیدی هەیە.
بەرەی گەل
بەرەی گەل بەسەرۆکایەتی لاهور شێخ جەنگی، بەناوی "بەرەی گەلەکەمان" بەشداری هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەران دەکات، بەو پێیەی بەم ناوەوە لە عێراق تۆمارە.
بەرەی گەلەکەمان 25 کاندیدی لە هەرێم و شاری کەرکوک هەیە کە بەم جۆرە دابەشبوون: لە سلێمانی 11 کاندید، هەولێر 4 کاندید، دهۆک 5 کاندید و لە کەرکوکیش 5 کاندیدی هەیە.
پارتی سۆسیال دیموکراتی کوردستان
سۆسیال 23 کاندیدی بۆ هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەران هەیە، لە سلێمانی 4 کاندید، هەولێر 4 کاندید، دهۆک 5 کاندید، دیالە 5 کاندید، لە کەرکوکیش 5 کاندیدی هەیە.
سەربەخۆکان
8 کەس لەسەر ئاستی هەرێمی کوردستان و ناوچە کێشە لەسەرەکان وەکو سەربەخۆ خۆیان کاندید کردووە، 4 کەس لەسلێمانی، 2 کەس لەهەولێر و 1 کەس لە دهۆک و کەسێکیش لەکەرکوک.