لە ئامرلییەوە بۆ کەرکوک؛ چۆن حەشدی شەعبی کلیلی ناوچەکەی کەوتە دەست؟
١٦ تشرینی یەکەم ٢٠٢٥ - ٢:٢١ پاش نیوەڕۆ

پەنجەرە
کاتێک لە ساڵی 2014ـە و بۆ ماوەی سێ مانگ، ناحیەی ئامرلی کە زۆرینەی دانیشتوانەکەی تورکمانی شیعە مەزهەبن، لەلایەن داعشەوە گەمارۆ درا، ئەمە دەبێتە وێستگەی سەرەتا بۆ دەستگەیشتنی حەشدی شەعبی بە ناوچەکانی خورماتوو و کەرکوک.
گەمارۆی ئامرلی لەلایەن داعشەوە سێ مانگی خایاند، بەڵام دواتر حەشدی شەعبی بە پاڵپشتی ئێران گەمارۆکەی شکاند و هێدی هێدی بەرەو کەرکوک و خورماتووش کشان، بەڵام لە چوارچێوەی پلانێکی ورد و لەسەرخۆدا.
گەمارۆی ئامرلی
ئەوکاتەی داعش ناحیەی ئامرلی گەمارۆدابوو، قاسم سولەیمانی فەرماندەی پێشووی سوپای قودسی ئێران، سەرپەرشتی ڕێککەوتنێکی نێوان هێزی پێشمەرگە و حەشدی شەعبی کرد.
سەرچاوە ئاگادارەکان لێی دەڵێن، ڕێککەوتنەکە بەوجۆرە بووە ڕێگا بۆ حەشدی شەعبی بکرێتەوە بۆ ئەوەی بچن بە هانای دانیشتوانی ئامرلییەوە و مەترسی داعشیان لێ دوور بخەنەوە، بەڵام دواتر حەشد بکشێتەوە.
دوای دوورخستنەوەی داعش و تێکشکانی گەمارۆی سەر ئامرلی، حەشدی شەعبی نەک هەر نەکشایەوە، بەڵکو پەلی بۆ گەڕەکە تورکمان نشینە شیعەکانی خورماتوش هاویشت و ئاڵۆزییەکانی بۆ نێو ئەو قەزایە گواستەوە.
دواتر هێدی هێدی پێگەی حەشد لە نێو گەڕەکە تورکمانییەکانی خورماتوو بەهێز دەبێت، دۆخەکە دەگاتە ئاستێک ئەو گەڕەکانە لەژێر کۆنترۆڵی پێشمەرگە دەردەهێنرێن و بارەگای میحوەری باکوری حەشدیش دەبرێتە ئەو ناوچەیە.
بەم پێیە، ڕێگەکردنەوە بۆ حەشدی شەعبی بۆ تێکشکانی گەمارۆی سەر ناحیەی ئامرلی، دەبێتە سەرەتایەک بۆ دەستگەیشتنی ئەو هێزە عێراقییە بەقەزای خورماتوو، کە دواتر هەر لێرەشەوە بەرەو کەرکوک پەلیان هاویشت.
لە ڕێککەوتنەوە بۆ پێکدادان
هەرچەندە حەشدی شەعبی بە ڕەزامەندی هەرێم هێزیان بردبووە ناوچەکە بۆ تێکشکانی گەمارۆی سەر ئامرلی، بەڵام دواتر دۆخەکە گۆڕا بۆ شەڕێکی سێ ساڵی لەنێوان پێشمەرگە و حەشد.
کاتێک حەشد لە ئامرلییەوە دەستی گەیشتە گەڕەکە تورکمان نیشینەکانی خورماتوو و ئەو گەڕەکانەی لەژێر کۆنترۆڵی پێشمەرگە دەرهێنا، دۆخەکە گۆڕا بۆ شەڕی نێوان پێشمەرگە و حەشد.
بەو پێیەی پێشمەرگە لە گەڕەکە کوردییەکان و حەشد لە گەڕەکە تورکمانییەکان بوو، بۆیە ئاڵۆزییەکان زیاتر تەشەنەیان سەند و ئاراستەی شەڕەکە گۆڕا بۆ شەڕی نەتەوەیی و تایەفی نێوان کورد و تورکمان.
بەدرێژایی سێ ساڵی ئاڵۆزییەکانی نێو خورماتوو، بەدەیان پێشمەرگە و چەکداری حەشد و هاوڵاتی مەدەنی لە هەردوولا بوونە قوربانی، بەو پێیەی ئاڵۆزییەکان لەنێو شارەکەدا تا دەهات زیاتر هەڵدەکشا.
بەرەبەیانی 16ـی ئۆکتۆبەری ساڵی 2017، ئاڵۆزییەکانی خورماتوو سەریکێشا بۆ شەڕێکی یەکلاییکەرەوە و بەرفراوان، بەڵام دوای کشانەوەی پێشمەرگە لە قەزاکە، حەشد بەتەواوەتی خورماتووی کۆنترۆڵکرد.
پاش کۆنترۆڵکردنی خورماتوو لەلایەن حەشدەوە، دانیشتوانە کوردەکەی ئاوارە بوون و لەلایەن هێزەکانی حەشدی تورکمانییەوە بەسەدان ماڵ و خانووی خێزانە کوردەکان لە خورماتوو تاڵانکران و ڕووخێنران و تەقێنرانەوە.
دووبارەبوونەوەی مێژوو
دوای 16ـی ئۆکتۆبەری ساڵی 2017، حەشدی شەعبی کەرکوک و تەواوی ناوچە کێشە لەسەرەکانی کۆنترۆڵ کرد، هەروەها بارەگای سەرەکی میحوەری باکوری عێراقیشی لە کەرکوک دانا.
دانانی بارەگای میحوەری باکوری عێراقی حەشدی شەعبی بەلای کوردەکانەوە دووبارەبوونەوەی مێژوو بوو، بەوپێیەی لەسەردەمی حکومەتی عێراقیش دا بارەگای باکوری ئەنجومەنی سەرکردایەتی شۆڕشی سەردەمی بەعسیش هەر لەو شارەبوو.