دەوڵەت باخچەلی؛ نەیاری دوێنێ و پاڵپشتیکاری ئەمڕۆی پرۆسەی ئاشتی 

٢١ تشرینی یەکەم ٢٠٢٥ - ١٢:٣٩ پێش نیوەڕۆ

دەوڵەت باخچەلی؛ نەیاری دوێنێ و پاڵپشتیکاری ئەمڕۆی پرۆسەی ئاشتی 

پەنجەرە

دەوڵەت باخچەلی، سەرۆکی پارتی بزووتنەوەی نەتەوەیی تورکیا "مەهەپە"، ئەو سیاسەتمەدارە قاڵبووەی نێو گۆڕەپانی سیاسی تورکیا، کە بەرگی نەتەوە پەرستی و دژایەتیکردنی دۆزی کوردی فڕێدا و ئێستا سەرکردایەتی سەرخستنی پرۆسەی ئاشتی لە تورکیا دەکات.


مەهەپە و مێژووە درێژەکەی 

پارتی بزووتنەوەی نەتەوەیی توركیا "مەهەپە" لە ساڵی 1969 دامەزراوە، بناغەی دروستبوونی مەهەپە دەگەڕێتەوە بۆ بوونی ناكۆكی لە نێو پارتی گەلی كۆماری جەهەپە، كاتێك لەدوای مردنی مستەفا كەمال ئەتاتۆرك، عیسمەت ئونونو سەرۆكایەتی جەهەپە و كۆماریشی دەكرد.

دوای ئەوەی کێشە ناوخۆییەکانی جەهەپە قوڵتر بوونەوە، گروپێک لەم پارتە جیابوویەوە و لە ساڵی 1948 حزبی "دایك"یان دامەزراند، بەڵام هەر زوو  دەستوری تورکیا کرایە پاساو و ئەم پارتەی پێ داخرا.

دواتر بەشێک لە دامەزرێنەرانی حزبی "دایک" کۆڵیان نەدا و بەجۆرێکی تر گەڕانەوە بۆ نێو گۆڕەپانی سیاسی، دواجار لە ساڵی 1969 بە سەرۆکایەتی ئاڵپ ئەرسەلان، پارتی بزووتنەوەی نەتەوەیی "مەهەپە"یان دامەزراند.

مەهەپە کە دەوڵەت باخچەلی لە ئێستادا سەرۆکایەتی دەکات، تەمەنی لە 57 ساڵ نزیک دەبێتەوە، هەرچەندە لەڕووی جەماوەرییەوە پاشەکشەی گەورەی کردووە، بەڵام لەڕووی کردارییەوە هێزێکی کارا و حساب بۆ کراوی تورکیایە.
 

گورگە بۆرەکان
 
ئاڵپ ئەرسەلان، سەرۆكی پارتی نەتەوەیی توركیا، سەرکردەیەکی نەتەوەپەرستی توندڕەو بوو، هەر ئەویش ڕێکخراوی "گورگە بۆرەکان" ی لە کۆتایی ساڵانی شەستەکاندا دامەزراند. 

گورگە بۆرەكان، بە باڵی سەربازیی و نهێنی مەهەپە دادەنرێت، ڕۆڵی گێڕاوە لە ئاراستەکردنی سیاسەتی مەهەپە و قوڵتر کردنەوە و فراوانکردنی بیری نەتەوەیی تورکی.

ئەم ڕێکخراوە کە بە ئێستاشەوە بەشێک لە تورکەکان بەڕێچکەکەیدا دەڕۆن، لە نێو دامەزراوە ڕۆشنبیری و ئەکادیمی و تەنانەت سوپاشدا لایەنگریان هەبوو، چالاکییەکانیشیان بەشێک لە وڵاتانی گرتبوویەوە.

ڕێکخراوی "گورگە بۆرەکان" دژی چەپ و جودا خوازەکان کاریان دەکرد و بێگومان کوردیش لەم چوارچێوەیەدا بوو، ئەمە جگە لەوەی تورکیان لەسەرووی هەموو نەتەوەکانی ترەوە دەبینی.

کاریان بۆ گرێدانی ناسنامەی تورکی و ئیسلامی پێکەوە دەکرد، هەروەها پەلیان بۆ زۆر وڵاتیش هاویشتبوو بەتایبەت ئەو وڵاتانەی تورکیان تێدابوو، کاریان بۆ ڕێکخستنەوەیان دەکرد.

گورگە بۆرەکان بەتوندی دژی کورد و دۆزەکەی بوون، لەپاڵ کوردیشدا دژایەتی ئەرمەن و یۆنان و تەنانەت مەسیحی و یەهودیشیان دەکرد.


هاتنەپێشەوەی دەوڵەت باخچەلی

دەوڵەت باخچەلی کە ئێستا سەرۆکایەتی مەهەپە دەکات و پاڵپشتی سەرخستنی پرۆسەی ئاشتیش دەکات، تەمەنی بۆ 77 ساڵ هەڵکشاوە و ماوەی 29 ساڵە سەرۆکایەتی پارتەکەی دەکات.

لەساڵی 1969ـەوە تا ساڵی 1997، ئاڵپ ئەرسەلان سەرۆکی مەهەپە بوو، بەڵام لەوکاتەوە تا ئێستا دەوڵەت باخچەلی سەرۆکایەتی ئەو پارتە دەکات، کە ئێستا بەهاوپەیمانی رەجەب تەیب ئەردۆغان دادەنرێت.

 نزیکبوونەوەی باخچەلی و ئەردۆغان لەیەکتری دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی 2017، کاتێک پرۆژەی راپرسی بۆ هەمواركردنەوەی دەستور و گۆڕینی سیستەمی پەرلەمانی ئەنجامدرا، ئەوکات باخچەلی پشتیوانیی سیاسەتەكانی ئەردۆغان و پرۆژەی دەستوورە نوێیەكەشی كرد.

لە ئێستادا وا دەردەکەوێت باخچەلی سەرسەختانە پشتگیری پرۆسەی ئاشتی دەکات، هەرچەندە هەندێک لەچاودێران پێیانوایە سەرۆک کۆماری تورکیا جدی نییە بۆ بەدەمەوەچوونی پرۆسەکە.


دواین پێشهات

زۆرترین خوێنراو