چ پەیوەندییەکی بە دۆسییەی "سەباح ئەلسەهل"ـەوە هەیە؟" دادگای عێراق سزای ژنێکی دا کە لەسەردەمی بەعسدا بووەتە هۆی لەسێدارەدانی هاوسەرەکەی

٢٠ کانوونی یەکەم ٢٠٢٥ - ٦:٤٢ پاش نیوەڕۆ

چ پەیوەندییەکی بە دۆسییەی "سەباح ئەلسەهل"ـەوە هەیە؟" دادگای عێراق سزای ژنێکی دا کە لەسەردەمی بەعسدا بووەتە هۆی لەسێدارەدانی هاوسەرەکەی

پەنجەرە

دەستەی پێداچوونەوەی تایبەت لە دادگای باڵای تاوانەکانی عێراق، سزای زیندانی هەتاهەتایی بۆ ژنێک پەسەند کرد کە تۆمەتبار کرابوو بە سیخوڕیکردن و هەواڵدان لەسەر هاوسەرەکەی لای دەزگا ئەمنییەکانی ڕژێمی پێشوو لە ساڵی ١٩٨٨، کە بەو هۆیەوە هاوسەرەکەی لەسێدارە دراوە.

دەرچوونی ئەم بڕیارە لە مانگی ئەیلولی ئەمساڵ بووە و پەسەندکردنەکەیشی لە
مانگی تشرینی یەکەمی ئەمساڵ بووە، بەڵام پەڕاوەکانی لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا بڵاوکراوەتەوە.


وردەکاریی تاوانەکە

ڕووداوەکانی ئەم دۆسیەیە بۆ ٣٧ ساڵ لەمەوبەر دەگەڕێتەوە، کاتێک تۆمەتبارەکە بە نهێنی دەنگی هاوسەرەکەی تۆمار دەکات لە کاتێکدا هێرش دەکاتە سەر سەدام حسێن، سەرۆکی ڕژێمی ئەوکات.

بەگوێرەی پەڕاوەکانی دۆسیەکە، ژنەکە تۆمارە دەنگییەکەی ڕادەستی بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی گشتی  "ئەمنی عامە" کردووە. ئەو دەزگایەش هەستاوە بە دەستگیرکردن و ئەشکەنجەدانی مێردەکەی، دواتریش لە هەمان ساڵدا (١٩٨٨) سزای لەسێدارەدانی بۆ دەرچووە و جێبەجێ کراوە بە تۆمەتی "سوکایەتیکردن بە سەرۆکی وڵات".


پۆلێنکردنی یاسایی

لە بڕیاری پەسەندکردنی سزاکەدا هاتووە، کردەوەی ئەم ژنە بە "بەشداریی ڕاستەوخۆ لە تاوانی کوشتنی بە ئەنقەست وەک تاوانێکی دژ بە مرۆڤایەتی" هەژمار دەکرێت؛ چونکە ژنەکە ئاگادار بووە کە ڕادەستکردنی تۆمارێکی لەو شێوەیە لەو سەردەمەدا، بە دڵنیاییەوە دەبێتە هۆی لەناوبردنی هاوسەرەکەی لەلایەن دەزگا ئەمنییەکانەوە. 

لێکۆڵینەوەکان ئاماژەیان بەوەشکردووە کە پاڵنەری پشت ئەم کارە، پەیوەندی بە کێشەی خێزانی و چاوچنۆکیی مادییەوە هەبووە.


لێکچوونی دۆسیەکە لەگەڵ کەیسی هونەرمەند "سەباح ئەلسەهل"

دەرچوونی بڕیارەکە، لێشاوێک دەنگۆ و بەراوردکاریی لەناو شەقامی عێراقی و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا هێناوەتە ئاراوە، ئەویش بەهۆی لێکچوونی زۆری لەگەڵ دۆسیەی هونەرمەندی لەسێدارەدراوی عێراقی "سەباح ئەلسەهل".

سەباح ئەلسەهل، یەکێک بوو لە دەنگە دیار و ڕەسەنەکانی گۆرانیی عێراقی لە حەفتا و هەشتاکانی سەدەی ڕابردوو، خاوەنی چەندین گۆرانیی ناسراوە وەک (بلاية وداع، مرة هواكم جنوبي، یا شمعتی).

چیرۆکی تراژیدیی ئەم هونەرمەندە لە ساڵی ١٩٩٣ـدا بووە باسی گەرمی شەقام، کاتێک بەهۆی سیخوڕیی و هەواڵ لێدانی هاوسەری دووەمیەوە، دەستگیر کرا.

هاوسەرەکەی بە نهێنی دەنگی تۆمار کردبوو کاتێک سەباح ڕەخنەی توندی لە دەسەڵات گرتبوو و قسەی بە سەرانی بەعس وتبوو. دوای ڕادەستکردنی تۆمارەکە بە ئەمنی عامە، سەباح ئەلسەهل دەستگیر کرا و ڕووبەڕووی ئەشکەنجەی توند بوویەوە و پاشان لە ئایاری هەمان ساڵدا بە تۆمەتی سوکایەتیکردن بە سەرۆک کۆمار لەسێدارە درا و دەست بەسەر موڵک و ماڵیشیدا گیرا.

وردبوونەوە لە ڕاستییە مێژووییەکان دەریدەخات کە ئەم دۆسیە نوێیەی دادگا، پەیوەندی بە دۆسییەکەی هونەرمەند سەباح ئەلسەهلەوە نییە، سەرەڕای ئەوەی "شێوازی خیانەتەکە" و تۆمارکردنی دەنگ و تۆمەتەکە هاوشێوەن. قوربانیی دۆسیەکەی ئێستا لە ساڵی ١٩٨٨ لەسێدارە دراوە، لە کاتێکدا سەباح ئەلسەهل لە ساڵی ١٩٩٣ـدا لەسێدارەدرا.


دواین پێشهات

زۆرترین خوێنراو