نهێنییەکانی "سندوقە ڕەشەکە"؛ نەواف زێدان چۆن عودەی و قوسەی ڕادەستی ئەمریکییەکان کرد؟
٢٨ کانوونی یەکەم ٢٠٢٥ - ٢:١٥ پاش نیوەڕۆ
پەنجەرە
دوای تێپەڕبوونی ٢٢ ساڵ بەسەر یەکێک لە تەمومژاوییترین ڕووداوەکانی مێژووی عێراق، نەواف زێدان، ئەو پیاوەی عودەی و قوسەی- کوڕانی سەدام حوسێن لە ماڵەکەیدا لە مووسڵ کوژران، بێدەنگیی شکاند.
نەواف زێدان لە دیدارێکی تەلەفزیۆنیدا لە بەرنامەی "الصندوق الأسود"، پەردەی لەسەر وردەکاریی ئەو ساتانە لادا کە چۆن بڕیاریداوە کۆتایی بە حەشارگەی کوڕانی سەرۆک بهێنێت.
بۆ ٢ رۆژ هاتن و ٣ هەفتە مانەوە
نەواف زێدان، بازرگان و بەڵێندەری موسڵاوی کە بەهۆی پڕۆژەکانی بونیادنانی مزگەوتی گەورەی سەدامەوە پەیوەندیی لەگەڵ خێزانی سەرۆکی عێراقدا هەبوو، دوای ئازادکردنی عێراق و هەڵهاتن و خۆحەشاردانی سەرکردەکانی ڕژێمی بەعس، عودەی و قوسەی لە خانووەکەی ئەودا خۆیان حەشار دەدەن.
بەپێی گێڕانەوەی زێدان، "کوڕانی سەرۆک" سێ هەفتە لە ماڵەکەیدا بوون، ئەویش لە ڕەفتار و مانەوەیان بێزار و نیگەران بووە، هەتا سەرەنجام بڕیاری بەدەستەوەدانیانی داوە.
وەکخۆی لە دیدارەکەدا دەڵێت: من ئەوانم میوانداریی نەکردبوو، بەڵکو خۆیان هاتبوون، کەسێک بەناوی محەمەد حەدۆش کە سکرتێری سەدام بووە لەڕێگەی براکەمەوە ئەوانی هێنا بۆ ماڵی ئێمە.
لەبارەی هۆکاری ئاشکراکردنی شوێنەکەیانەوە بۆ ئەمریکییەکان، زێدان باس لەوەدەکات کە بێزرابووە لە مانەوەیان، چونکە ئەوان سەرەتا وتویانە ٢ ڕۆژ ئەمێننەوە، کەچی زیاتر لە ٣ هەفتە ماونەتەوە. هەروەها ترساوە لە مانەوەیان بە زیانی خێزان و مناڵەکانی بشکێتەوە، چونکە ئەو دوو برایە لە هەرە سەرەکیترین داواکراوانی عێراق بوون.
باس لەوەشدەکات کە دوو براکە ڕەفتاریان ناشرین بووە و زۆرجار لەنێوان خۆیان کردوویانە بەشەڕ و داوای خواردن و شکۆڵاتە و میوەیان کردووە، تەنانەت جارێکیان عودەی داوای گۆشتی کیسەڵی نێری لێکردووە، وەک ئەوەی هیچ نەبووبێت و هێشتا لە دەسەڵاتدا مابن.
"زمانم نەدەزانی، بەڵام هەواڵەکەم گەیاند"
نەواف زێدان، وردەکاریی ئەو ڕۆژەی کە هەواڵی لێداون بەمشێوەیە دەگێڕێتەوە: "بڕیارەکەمدا و لە ماڵ دەرچووم، بەڵام سەرەتا نەمدەزانی ڕوو لە کوێ بکەم بۆ ئەوەی ئەمریکییەکان بدۆزمەوە. تەنها ئەوەم دەزانی کە ئەوان لە کۆشکە سەرۆکایەتییەکانی مووسڵ جێگیر بوون."
ئەو باس لەوە دەکات کە بە تەنها و بە ئۆتۆمبێلەکەی بەرەو بارەگای هێزە ئەمریکییەکان بەڕێکەوتووە، لە کاتێکدا دڵەڕاوکێیەکی زۆر دایگرتبوو.
کاتێک دەگاتە بەردەم دەروازەی کۆشکەکان، لەگەڵ سەربازە پاسەوانەکان ڕووبەڕووی کێشەی زمان دەبێتەوە. زێدان دەڵێت: من ئینگلیزیم نەدەزانی، تەنها هەوڵم دەدا تێیان بگەیەنم کە بابەتێکی زۆر گرنگم پێیە.
دوای ماوەیەک وەرگێڕێکیان هێناوە، دواتر وەرگێڕەکە وتوویەتی بچێت بۆ بنکەی سەرەکی لە فڕۆکەخانەی موسڵ. لەوێ داوای بینینی فەرماندەی ئەمریکییەکانی کردووە کە دیڤید پترایۆس بوو، کە وتوویەتی عودەی و قسەی لە ماڵی منن، لە شوێنی خۆی هەستاوە.
بەرپرسانی هەواڵگریی ئەمریکا باس لەوە دەکەن کە نەواف لەو ساتەدا "زۆر شڵەژاو و نیگەران بووە"، بەڵام زانیارییەکانی هێندە ورد بوون گومانیان بۆ نەهێشتووەتەوە.
ئەو نەک هەر شوێنەکەی پێ وتن، بەڵکو باسی لە خووڕەوشتەکان، جۆری چەکەکان و تەنانەت شێوازی دانیشتن و جوڵەی ناو ماڵەکەشی بۆ کردن. بۆ دڵنیایی زیاتر، ئەمریکییەکان نەوافیان خستە بەردەم "ئامێری پشکنینی ڕاستی" و دوای ئەوەی ئامێرەکە سەلماندی کە ڕاستگۆیە، پلانی هێرشەکە داڕێژرا.
پلانەکەش ئەوە بووە نەواف بچێتەوە ماڵەوە و بەیانی زوو مناڵەکانی لە ماڵ دەربکات و ئەوان لە سەعات ٩ هێرش دەکەنە سەر ماڵەکە. هەر ئەوەش ڕوویدا.
زێدان دان بەوەدا دەنێت لە بەرامبەر ئەم زانیارییانەدا بڕی ٣٠ ملیۆن دۆلاری وەک پاداشت لەلایەن ئەمەریکییەکانەوە وەرگرتووە و لەگەڵ خێزانەکەیدا گواستراوەتەوە بۆ ئەمریکا.
دوای بڵاوبوونەوەی ئەم دانپێدانانەی نەواف زێدان، هۆزەکەی (ئەلبو عەلی کەنعان) بە فەرمی بیبەریی بوونی خۆیان لە نەواف ڕاگەیاند و ئاماژەیان بەوە کرد کە "کردەوەکەی ئەو گوزارشت لە ڕەوشتی عەشیرەتەکەیان ناکات."
کۆتایی "کوڕانی سەرۆک"
دوای وەرگرتنی زانیارییەکان لە نەواف، لە بەیانی ڕۆژی ٢٢ـی تەمموزی ٢٠٠٣، هێزێکی گەورەی ئەمریکی کە لە ٢٠٠ سەرباز پێکهاتبوون، بە پاڵپشتی هێلیکۆپتەر، گەمارۆی ماڵەکەی زێدانیان دا.
ئۆپەراسیۆنەکە بە داوای خۆڕادەستکردن دەستیپێکرد، بەڵام خۆیان ڕادەست نەکردووە. ئەگەرچی باس لە بەرگری عودەی و قوسەی و بریندارکردنی ژمارەیەک سەرباز دەکرێت، بەڵام نەواف رەتیدەکاتەوە و دەڵێت یەک سەرباز بریندار بووە ئەویش بە پارچەی مووشەکبارانی خۆیان نەک تەقەی دوو براکە.
شەڕەکە چوار کاتژمێری خایاند و ئەمریکییەکان ١٠ مووشەکیان ئاڕاستەی خانوەکە کرد. ئەمەش وایکرد خانوەکە بەتەواویی وێران ببێت.
دوای چوونە ژوورەوە، تەرمی چوار کەس لەناو خانوەکەدا دۆزرانەوە: عودەی، قوسەی، مستەفای کوڕی قوسەی (کە تەمەنی ١٤ ساڵ بوو) لەگەڵ عەبدولسەمەد حەدۆشی کە پاسەوانی تایبەتیان بوو.
بەوتەی نەواف زێدان، ئەو لە کاتی شەڕەکەدا لەو ناوەدا بووە، دیمەنی ڤیدیۆییشی هەیە کە دوای هێرشەکە سواری ئۆتۆمبیلێکی سەربازیی دەکرێت لەگەڵ شەعلانی کوڕییدا.
کوژرانی ئەم دوو برایە، خاڵێکی وەرچەرخان بوو لە لاوازکردنی ورەی لایەنگرانی بەعس، ئەوانەی کە بەهیوای دووبارە گەڕانەوەی ئەو ڕژێمە بوون.
عودەی و قوسەی؛ دوو ناوە ترسناکەکەی عێراق
عودەی و قوسەی، تەنها کوڕی سەدام حوسێن نەبوون، بەڵکو دوو لە بەهێزترین پیاوەکانی دەسەڵاتی بەعس بوون.
عودەی، کوڕە گەورەی سەرۆکی عێراق، سەرۆکی لیژنەی ئۆڵۆمپی و سەرپەرشتیاری "فیدایەکانی سەدام" بوو. ئەو بە توندوتیژی و سەرکێشی ناسرابوو. لە ساڵی ١٩٩٦ ڕووبەڕووی هەوڵێکی تیرۆرکردن بووەوە و بەو هۆیەوە بۆ هەمیشە بەدەست ئازاری جەستەیی و کەمئەندامییەوە دەیناڵاند.
قوسەی، کوڕی دووەمی سەدام بو، بە پیاوی "ئەرکە قورسەکان" و سەرپەرشتیاری پاسەوانی کۆماری و دەزگا ئەمنییەکان ناسراو بوو. قوسەی بە پێچەوانەی براکەیەوە، کەسایەتییەکی بێدەنگتر و سیاسییانەتری هەبوو، زۆر کەسیش وەک جێگرەوەی سەرەکی باوکی سەیریان دەکرد.