مایکڵ ڕۆبن بۆ پەنجەرە: ترامپ کورد بەکاردێنێت و ٤ بەرپرسی ئێران لەلایەن ئەمەریکاوە پەسەندن
٨ ئازار ٢٠٢٦ - ١٠:٠٤ پاش نیوەڕۆ
پەنجەرە، ئامادەکردنی: دڵشاد ئەنوەر
بەشی یەکەم
داهاتووی ئێران؛ جیاوازیی خواستی ئەمەریکا و ئیسرائیل
مایکڵ رۆبن روونیکردەوە، رەزا پەهلەوی لەلایەن ئیسرائیلەوە لە خۆ گیراوە و جۆرێک لە پاڵپشتی هەیە، لەکاتێکدا پەهلەوی لەلایەن ئەمەریکاوە لە خۆ نەگیراوە و کەمتر بایەخی پێدەدرێت.
رۆبن دەڵێت: بۆ دیارییکردنی داهاتووی ئێران و ئەو سەرکردانەی ئەگەری هەیە ڕۆڵیان پێبدرێت، دەبێت سەیری ئەوە بکەین بۆمبەکان کێیان بە ئامانج گرتووە، ئەوانە بە ئامانج گیراون کە دانوستان ڕەتدەکەنەوە.
بەپێی وتەی مایکڵ ڕۆبن، عەلی لاریجانی سەرەتا دانوستانی رەتکردووەتەوە و دواتر بۆچوونی گۆڕاوە بۆیە بە ئامانج نەگیراوە، لەکاتێکدا ناوبراو لە پاڵ (محەمەد خاتەمی، حەسەن ڕوحانی و محەمەد باقر قالیباف)ـدا چاوی ئەمەریکایان لەسەرە.
وتیشی: "ئەمەریکا چاوەڕوانە کەسێک بێتە پێشەوە و ئامادەی دانوستان بێت، ئێستا لەنێوان خاتەمی، ڕوحانی، لاریجانی و قالیبافدا، قالیباف لای ئەمەریکا پەسەندکراوترە، ئەمە شیکاری منە نەک پشتیوانی."
هەرێمی کوردستان؛ لەنێو ئاگری جەنگدا
سەبارەت بەوەی شەڕی نێوان ئەمەریکا و ئیسرائیل تا کەی درێژە دەکێشێت؟ توێژەرە ئەمەریکییەکە پێیوایە هێشتا ئەوە روون نییە، بەڵام رەنگە شەڕەکە چەند هەفتەیەک بخایەنێت.
لەبارەی مەترسی ئەوەی هەرێمی کوردستان ببێتە گۆڕەپانی شەڕ، مایکڵ ڕۆبن وتی: هەرێمی کوردستان نابێتە گۆڕەپانی شەڕ، بەڵام ناو بە ناو پریشکی شەڕەکەی بەر دەکەوێت.
دەشڵێت: پێشتر یەکێتی لەگەڵ ئێران دا قاچاخچێتی بە نەوتەوە کردووە، ئەم قاچاخچێتییە کۆتایی دێت و ڕەنگە ئەو حزبە دووچاری گرفتی دارایی بێت کە پارەی لایەنگرانی پێدابیندەکات.
کورد لەنێو ئەجێندای ترەمپ دا
هەرچەندە چاوەکان لەسەر پشتگیریی ئیدارەی ئەمەریکان بۆ حزبە کوردییەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان، بەڵام توێژەرە ئەمەریکییەکە دۆخەکە جیاوازتر دەبینیێت و پێیوایە ترەمپ پشتگیریی خواست و خەونەکانی کورد ناکات.
مایکڵ ڕۆبن وتی: دەبێت کورد ئەوە بزانێت ترەمپ نایەوێت بەرگریی لە خەونەکانی کورد بکات، بەڵکو ئەو کورد بەکار دەهێنێت بۆ ئەوەی تاران دووچاری نیگەرانیی و شڵەژان بکات و تەرکیزی لەسەر شتی تر لاببات.
وتیشی: ترەمپ لە داهاتووشدا پشتگیری کورد ناکات، ئێستا موجامەلەی کورد دەکات بۆ ئەوەی کێشە و سەرئێشە بۆ تاران درووستبکات.
لەبارەی ئەو پرسیارەی ئەگەر ترەمپ پشتگیریی کورد ناکات، بۆچی مستەفا هیجری- سەرۆکی حزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران بانگهێشتی واشنتۆن کرا؟ مایکڵ ڕۆبن وتی: جیاوازیی هەیە لەنێوان پاڵپشتیکردنی کورد و بەکارهێنانی کورد.
پەیوەندی تەلەفۆنی ترەمپ لەگەڵ بارزانی و تاڵەبانی
هەفتەی رابردوو، دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمەریکا گفتوگۆی تەلەفۆنی لەگەڵ مەسعود بارزانی- سەرۆکی پارتی و بافڵ تاڵەبانی-سەرۆکی یەکێتی ئەنجامدا.
مایکڵ ڕۆبن پێیوایە، پەیوەندیییەکەی ترەمپ بە بارزانی و تاڵەبانییەوە بۆ ئەوەبوو تا لەنێوان ئێران و ئەمەریکادا خۆیان یەکلایی بکەنەوە.
سلێمانی؛ لەبەردەم هێرشی هاوپەیمانەکاندا
لەکاتێکدا پێشتر یەکێتی نیشتیمانی کوردستان وەکو هاوپەیمانی هێزە شیعەکانی عێراق لێیدەڕوانرا، بەڵام لەئێستادا شاری سلێمانی کەوتووەتە بەر هێرشی درۆنی میلیشیا شیعەکان و بافڵ تاڵەبانی هەڕەشەی وەڵامدانەوەی کرد.
مایکڵ ڕۆبن وتی: بافڵ تاڵەبانی قسەی زبر و هەڕەشە زۆر دەکات، بەڵام واشنتۆن و تاران هەڕەشەکانی بەجدی وەرناگرن.
دەشڵێت: ئەو هێزە شیعیانەی سلێمانی بە ئامانج دەگرن، هێزە داردەستەکانی ئێرانن نەک هێزە شیعەکانی تر، بۆیە هێرشکردنە سەر سلێمانی کاریگەریی نابێت لەسەر پەیوەندی نێوان یەکێتی و هێزە شیعەکانی تر.
پایتەختی کوردستان
لەچەند رۆژی رابردوودا، مایکڵ ڕۆبن پۆستێکی بەزمانی تورکیی لەبارەی پایتەختی داهاتووی کوردستان بڵاوکردەوە، بەوەی پایتەختەکە سنە دەبێت یاخود ئامەد.
لەوبارەیەوە ڕۆبن وتی: پۆستەکە بۆ بێزارکردنی تورکەکان و پیشاندانی بەرزبوونەوەی سەقفی خواستەکانی کورد کردم، ویستم بدەم لە نیفاق و خۆبەزلزانی تورکەکان کە دەستوەردان لە زۆر کێشەدا دەکەن.
وتیشی: کورد تا نەبێتە یاریکەرێکی سەرەکی گۆڕەپانەکە، گفتوگۆکردن لەسەر دامەزراندنی پایتەختی کوردستان لەواشنتۆن، دەستپێناکات.