کەبابچییەکەی پاوەو هەڵەبجەییەکان
١٨ ئازار ٢٠٢٦ - ٤:١٠ پێش نیوەڕۆ
پەنجەرە، کاوە شێخ عەبدولڵا
نیوەڕۆی ۱۷ی۳ی۱۹٨٨ سەدان ژن و منداڵی بریندار و ترساو و برسیی هەڵەبجەی کیمیایی لێدراو دەگەنە شارۆچکەی پاوە لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان. هەڵەبجەییە شەکەتەکان کە زۆریان لەشیان سووتاوە یان بیناییان لەدەستداوە دەبرێنە بینای قوتابخانەیەکی پاوە.
بانگی نیوەڕۆ دەدات دەنگی گریان و برسیمە برسیمەی منداڵەکان تێکەڵ بە بانگەکە دەبێ بەڵام هیچ نییە بدرێت بەو منداڵە برسی و بریندارانە (دابەی ئەسما) کە خەڵکی (گوندی دەرەی مەڕ)ی هەورامان و دانیشتووی هەڵەبجەبووە بە جەمالی کوڕە گەنجی خۆی دەڵێ: باوکت پێنج هەزار دیناری بەستووە لە پشتم، من ناتوانم بیکەمەوە، وەرە پارەکە دەربێنە و بچۆ هەندێک خواردن بەیداکە بۆ ئەم منداڵانە وا هاواریان گەیشتە ئاسمان.
کوڕە گەنجەکە بەستەیەک پارە دەبات و ناشارەزا دەچێتە ناوبازاڕی پاوە، لە کەبابخانەیەک داوای ژمارەیەکی زۆر کەباب دەکات. کەبابچییەکە هەست دەکات ئەم گەنجە غەریبەیە و شێوازی قسەکانی جیاوازن و پارەی عێراقیی پێیە، پرسیاری لێدەکات: ئەم هەموو کەبابەت بۆ چیە؟
کاتێک دەزانێ ئەم گەنجە هەڵەبجەییە و ئێستا دەیان خێرانی لێقەوماوی هەڵەبجە بە کۆمەڵ ترنجێنراونەتە قوتابخانەکەی پاوە، باوەشێک نان و کەباب دەپێچێتەوە و پارەکەی بۆ دەگێڕێتەوە ئەڵێ: کوڕی خۆم... هەتا ئێوە لێرەبن ڕۆژانە خواردنتان بۆ دەنێرم، من قەراربوو بچم بۆ حەج بەڵام دەوڵەت مۆڵەتی نەدام، پارەی حەجکردنەکەم هەمووی بۆ ئێوە خەرج دەکەم حەج لەمە خێرتر نابێ.
ئەم چیرۆکە و سەدانی ئاوا هەیە کە پڕیەتی لە بەخشندەیی و بەدەمەوەهاتنی ڕۆژهەڵاتییەکان لە کاتی لێقەومان و ئاوارەبوونی باشوورییەکان کاتێک پەنایان بۆ ئەوان بردووە.
کەبابچییەک کە دوکانێکی بچووک و ڕۆژانە دەرامەتێکی دیاریکراوی هەبێ، گەورەیی وبەخشندەییەکی زۆرە کە ڕۆژانە کەباب و گۆشتی برژاو بە نانی گەرمەوە بدات بە دەیان و سەدان ئاوارە و لێقەوماوی هاوزوانی خۆی کە نەک بە کەباب و گۆشتی برژاو بەڵکو بە تیکەیەک وشکەنان و چاییەک موحتاج بوون.