پشتێنەی ئەمنی یان سەرچاوەی مەترسی؟ جوگرافیای دەسەڵاتی حەشدی تورکمانی و کاریگەریی لەسەر کۆرمۆر
١٨ تەممووز ٢٠٢٦ - ٨:٠٦ پاش نیوەڕۆ
پەنجەرە
هەرکات گرژیی و ئاڵۆزیی لەنێوان ئێران و ئەمەریکا سەرهەڵدەداتەوە، دەزگا ئەمنییەکانی هەرێم زووم دەخەنە سەر جوڵەی حەشدی تورکمانی کە لەناوچەی ئامرلی و خورماتوو جێگیرکراون، بەوپێیەی ئەو هێزە رابردوویەکی هەیە لەهێرشکردنە سەر کێڵگەی کۆرمۆر.
لە دوای دروستبوونی هێزەکانی حەشدی شەعبی وەک بەرپەرچدانەوەی درووستبوونی د1عـ…ـش، یەکێک لە پێکهاتەکانی ئەو هێزە، حەشدی تورکمانی بوو.
بەڵام ئەم هێزە ئەرکەکەی هەر لە چوارچێوەی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆردا نەمایەوە، بەڵکو بە ئەنجامدانی زۆر دەستدرێژیی تۆمەتبار دەکرێت، لەنێویدا هێرشکردنە سەر کێڵگەی غازی کۆرمۆر.
حەشدی تورکمانی چییە و پێکهاتەکەی چۆنە؟
حەشدی تورکمانی، هێزێکی چەکداری تورکمانی شیعەمەزهەبە کە لە چوارچێوەی دەستەی حەشدی شەعبیدا کار دەکات. ئەم هێزە لە چوار لیوای سەرەکی پێکهاتووە و فەرماندەییەکانیان بەسەر ناوچە جیاوازەکاندا دابەش بوون:
١. لیوای ١٦: بە فەرماندەیی (نەبیل عیسا)، ئەرکی پاراستنی ناوچەکانی بەشیر، داقوق و تازە خورماتووی لە ئەستۆدایە.
٢. لیوای ٥٢: بە فەرماندەیی (جاسم ئامرلی)، بارەگاکانیان لە ئامرلی و خورماتوو و بەشێک لە پارێزگای سەڵاحەدینە.
٣. لیوای ٦٣: بارەگاکانیان لە خورماتووە و پێشتر هەوڵی فراوانکردنی دراوە.
٤. لیوایەکی دیکە لە سنووری خورماتوو بە فەرماندەیی (ڕەزا کەوسەر) چالاکن.
جوگرافیای دەسەڵات
ئەم هێزانە کۆنترۆڵی ناوچەیەک دەکەن کە خۆیان بە "تورکمان ئیلی" یان خاکی تورکمان ناوی دەبەن. ئەم جوگرافیایە وەک پشتێنەیەکی ئەمنی و ئیتنی لە باکوورەوە بۆ باشوور درێژ دەبێتەوە و شار و شارۆچکەکانی (تازە خورماتوو، داقوق، دووزخورماتوو، سلێمان بەگ و ئامرلی) دەگرێتەوە.
ئەم ناوچەیە بەهۆی هەڵکەوتەکەیەوە لە نێوان کەرکوک و بەغدا، بایەخێکی ستراتیژیی زۆری هەیە.
تۆمەتەکان؛ لە پەلاماردانی کۆرمۆرەوە بۆ تێکدانی سەقامگیریی
ئەم هێزە تۆمەتی ئەنجامدانی زۆر کردەی هێرش و ئاژاوەگێڕیی دەدرێتە پاڵ، یەکێک لەوانەش هێرشە بۆسەر کێڵگەی غازی کۆرمۆر.
بەگوێرەی زانیارییەکانی پەنجەرە، لەچەند شەوی رابردوودا هەست بەجموجۆڵکراوە لەلایەن هەندێک گروپی حەشدی تورکمانییەوە، ئەمەش یەکێکە لە هۆکارەکانی راگرتنی کارەکان لە کێڵگەی کۆرمۆر لەپاڵ مەترسی هێرشی ئێراندا.
گومان لە هێزەکانی حەشدی تورکمانی پەیوەندی بە رابردووی ئەو هێزەوە هەیە، کە پێشینەی سەلماوی هەمان کاریان هەیە.
بەگوێرەی ڕاپۆرتەکان، هێرشێکی تر کە لە نیسانی ٢٠٢٤ بە فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی (شاهد-١٠١) کرایە سەر کێڵگەی غازی کۆرمۆر و بووە هۆی کوژرانی چوار بەڵێندەری بیانی، سەرچاوەکەی هەر لەو ناوچانەوە بووە کە لەژێر کۆنترۆڵی حەشدی تورکمانییدا بووە.
جگە لەوەش، ئەم هێزانە بەوە تۆمەتبار دەکرێن کە ڕێگرییان لە جێگیربوونی هێزی هاوبەشی پێشمەرگە و سوپای عێراق کردووە لە داقوق. هەروەها هەندێکجار بە جوڵەی سەربەخۆ لە دەرەوەی بڕیارە ناوەندییەکان تۆمەتبار دەکرێن، کە ئەمەش مەترسی لەسەر سەقامگیری ناوچەکە دروستکردووە.