سێ گۆشەی مەرگ و ژیانی ڕەوەندەکانی سەر سنور!
١٨ تەممووز ٢٠٢٦ - ٨:٠٧ پاش نیوەڕۆ
کامەران عوسمان
دوو ڕۆژ لەوەو پێش، دەگەڵ خۆر هەڵاتن، لە شارۆچکەی سۆرانەوە بەرەو دەڤەری لۆلان (سێگۆشەی سنوریی نێوان ئێران-تورکیا-عێراق) بەڕێکەوتین. لە دوای دوو کاتژمێر گەیشتینە کوێستانەکانی بێرکم. هێشتا دوو کاتژمێری ترمان مابوو بگەین بە شوێنی مەبەست، هەواڵ هات کە سوپای تورکیا لەسەر ڕێگا بازگەی داناوە و خەڵک وەگیردەهێنن. ڕێگەی تێپەڕبوون نیە. ڕێگەی گەڕانەوەش ئەوەندە ئاسان نەبوو.
بە ناچاری، ملی ڕێگای سەختی کوێستانەکانی مێرگە میر، مێرگە دوکان و مێرگە حەوشمان گرتەبەر. بە درێژایی ڕێگا بارەگای سوپای تورکیامان لە قوڵایی دەڤەری برادۆست لێ دیاربوو. جار جار، بۆ شکاندنی تینویەتی، لە کانیاوە سازگارەکانی خاکی پیرۆزی کوردستان لامان دەدا و بە دیار تێڕامان لە بارەگاکانی تورکیا گەروومان فێنک دەکردەوە.
ڕێگا سەخت بوو، ماشێن بەقورسی ڕێگای تەی دەکرد. دوای شەش کاتژمێر شۆفێری و هەندێک بە پێ ڕۆشتن، لە بێرکمەوە گەیشتینە کوێستانەکانی خنێرە لە لۆلان. بۆ کاری ڕێکخراوەیی و ئاگاداربوون لە دۆخی ڕەشماڵ نشینانی سێگۆشەی سەر سنور، لەلای هەواری هەرکییان لە کەنداکۆڵان بنەمان دانا. لە سەر چیای بەرامبەرمان، پایەگای سوپای پاسداران هەبوو کە بە قوڵایی ٤ کیلۆمەتر لە ناو خاکی کوردستان جێگیرکرابوو. لەسەر چیای دەستە چەپیشمانەوە بارەگای سوپای تورکیا هەبوو کە بە قوڵایی ٧ کیلۆمەتر لە ناو خاکی هەرێمدا و لەسەر چیای شاکیف دەبیندرا.
بەڵگەمەندکردن و قسەوباس لەگەڵ ڕەوەند و شوان و بێریڤانان تەواو بوو. نانمان خوارد و دەستمان کرد بە یاری کردن و بیستنی چیرۆکی سەرنجڕاکێش و ناوازەی کۆچەرییان. شەکەتی ڕێگابووین و ماندوویەتی هەر زوو لە جێی خستین و ئامادەبووین بۆ خەو. هەوای فێنکی کوێستان سەری لوتمانی تەزاندبوو. ئەستێرە بە ئاسمانەوە دەدرەوشانەوە و تاکە سەرچاوەی ڕوناکی ئەو شەوە تاریکە ئەستێرە بوون. جوانی چیا و چۆڵی کوردستان و قورسی کاری ڕەوەندان بردبومیە خەیاڵی قوڵەوە. لە پڕ خەیاڵم بە دەنگی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی تورکیا پچڕا. فڕۆکەی تورکی تا بەری بەیان هەر گیزەی دەهات و دەسوڕایەوە. بەردەوامی فڕۆکەکە، دەنگەکەی لا ئاسایی کردمەوە و خەوم لێکەوت. لەگەڵ گزنگی بەیاندا، هاوار لەدەرەوە هات و گوتیان موشەک هات. بە پێ خواسی لە ڕەشماڵەوە ڕامانکردە دەرەوە و لە ئاسمان دوو موشەکی ئێرانیمان بینی کە بەڕێوەبوون بۆ هەولێر. ئاسمانی لۆلان فڕۆکەی تورکی و موشەکی ئێرانی لە خۆ گرتبوو. سەر زەمینیش پایەگای ئێرانی و بارەگای تورکی.
قسەی ڕۆژێک پێشتری یەکێک لە پیرە ڕەوەندەکانم بیرکەوتەوە کە گوتی “ لێرە پێنج حکومەتمان هەیە و هیچ حکومەتێکیشمان نییە. سوپای پاسدارانی ئێران، سەربازی تورکی، حکومەتی هەرێم، پاسەوانی سنوری عێراق و پەکەکە. هیچیشی لێرە نین بۆ ئاشتی. هەمووی هەر بۆ شەڕ لێرەن”.
دوای بەرچاییەکی بە تاڵوکە، بەخۆ کەوتین و ملی ڕێگامان بەرەو شاری گرتەوەبەر. گوتیان ئەگەر پێش کاتژمێر حەوت لە کوێستانەکانی سنین دەربچن، ئەوا سەربازی تورک ڕەت دەکەن و لەسەر ڕێگا توشیان نابن و بەگیرتان ناهێنن. بەخێرایی بە ڕێگاکەدا دەڕۆیشتین. ئاسەواری وێرانکاری سوپای تورکیامان بە چاوی خۆمان دەبینی. لەسەر گاشەبەردەکان ئاڵای تورکیایان نەخشاندبوو. زنار و ڕێگایان هەڵدڕی بوو. داروباریان بە سەر زەویەوە نەهێشتبوو. حەوت تەلبەند و ڕێگەبەندی سوپای تورکیامان تێپەڕاند. لە پڕێک چاومان کەوتە سەر سەربازی بێری شینی تورک کە بەڕیز ڕێگەیان تەی دەکرد و بەرەو ڕێگای سەرەکی دەهاتن. بەر لەوەی بگەن ئێمە لەوێ دەرچووین. لەوەیە پێنج خولەک درەنگتر گەیشتباین، لەوێ بەگیریان هێناباین.
کاتێک گەیشتینە سەر لوتکەی گەرووی سنگان و بۆ چەند چرکەیەک دەستمان بە ئینتەرنێت ڕاگەیشتەوە، یەکەم هەواڵ کە بە پەیامی دەنگی پێم گەیشت ئەوە بوو “کاکە بە ٦ موشەک لە بارەگای کۆمەڵەی شۆڕشگێڕان دراوە و ٨ پێشمەرگەمان لێ شەهید بووە. سێ کەسی دیش بە سەختی بریندارن”.
ئەندامی تیمی کوردستانی عێراقی رێکخراوی سی پی تی ئەمەریکی