زانیارییەکی مەترسیدار؛ هەندێک لە حیزبەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان دەیانەوێت دژی ئەمەریکا و بۆ پاڵپشتی ئێران بەیاننامە دەربکەن
٢٤ تەممووز ٢٠٢٦ - ٨:٣٥ پاش نیوەڕۆ
پەنجەرە
ئەرسەلان یارئەحمەدی، ئەندامی دەستەی بەڕێوەبەری ڕێکخراوی هەنگاو بۆ چاودێریی مافەکانی مرۆڤ لە ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان، زانیاریی گرنگ و پێشبینی نەکراو لەسەر هەڵوێستی سیاسیی حیزبەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان ئاشکرا دەکات و هۆشداریی دەدات لە دەرکردنی بەیاننامەیەکی هاوبەش.
بەیاننامەیەکی چاوەڕواننەکراو لە دژی ئەمریکا
بەپێی گوتەکانی یارئەحمەدی، ئەو حیزبانەی ڕۆژهەڵاتی کوردستان کە ئەندامن لە "کۆنگرەی ئازادیی ئێران"، لە ئێستادا سەرقاڵی ئامادەکردنی بەیاننامەیەکی هاوبەشن. زانیارییەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە بڕیارە لەو بەیاننامەیەدا، بە توندی سەرکۆنە و شەرمەزارکردنی هێرشە سەربازییەکانی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بۆ سەر ناوچەکانی باشووری ئێران ڕابگەیەنن.
"پیت بە پیتی نووسینەکەم بەرپرسیارم"
پاش بڵاوبوونەوەی ئەم زانیارییانە و دروستبوونی گومان لەلایەن هەندێک لایەنەوە، ئەرسەلان یارئەحمەدی جەختی لە ڕاستیی هەواڵەکە کردەوە و ڕایگەیاند: ئەو هاوڕێیانەی پێییان وایە قسە و قسەڵۆکە، دەتوانن بچن پرس بە بەرپرسانی حیزبەکانی خۆیان بکەن. من پۆستێکم نووسیوە و لەپای پیت بە پیتی بەرپرسیارم."
داوای گوشاری ناوخۆیی دەکرێت
لە کۆتایی قسەکانیدا، ئەو ئەندامەی دەستەی بەڕێوەبەری ڕێکخراوی هەنگاو، داوایەکی ئاڕاستەی کادر و ئەندامانی ئەو حیزبانە کرد و هیوای خواست کە گوشاری ناوخۆیی ئەندامان ببێتە ڕێگر لەبەردەم دەرچوونی ئەم بەیاننامەیە، کە وەک "کارەساتێک" ناوی برد، تاوەکو ڕێگری لە گرتنەبەری هەڵوێستێکی لەو شێوەیە بکرێت.