لەکۆبوونەوەکانی ئایارەوە بۆ گەشبینی قەندیل؛ چۆن «یاسای چوارچێوەیی» پێگەی ئۆجەلان بەهێز دەکات؟
٢٤ تەممووز ٢٠٢٦ - ٨:٤٢ پاش نیوەڕۆ
پەنجەرە
گۆڕەپانی سیاسی لە تورکیا جوڵەیەکی خێرای بەرەو پەسەندکردنی «یاسای چوارچێوەیی» بۆ «پرۆسەی ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتی» بەخۆوە دەبینێت، کە حکومەت ناوی ناوە «پرۆسەی تورکیایەکی خاڵی لە تیرۆر»، ئەم پرۆسەیەش بەندە بە هەڵوەشاندنەوەی پەکەکەو داماڵینی لە چەک.
داواکارییەکانی کورد بۆ پەسەندکردنی ئەم یاسایە چڕتر بووەتەوە ، کە لە بنەڕەتدا لەلایەن عەبدوڵڵا ئۆجەلان، ڕێبەری بەندکراوی پەکەکە پێشنیار کرابوو، بۆیە هەوڵی بەرەو پێشبردنی یاساکە دەدرێت بەر لەوەی پەرلەمانی تورکیا لە کۆتایی ئەم مانگەدا بچێتە پشووی هاوینەوە.
ئەمە لە کاتێکدایە کە سەرکردایەتییەکانی پەکەکە لە چیای قەندیل متمانەیان بە سەرکەوتنی پرۆسەکە هەیە، بە پێچەوانەی ئەوەی لە پرۆسەی پێشوودا لە نێوان ساڵانی ٢٠١٣ و ٢٠١٥ ڕوویدا.
لەو چوارچێوەیەدا، شاندی پارتی دیموکراتی و یەکسانیی گەلان (دەم پارتی) کە پارتێکی لایەنگری کوردە لە تورکیا و “شاندی ئیمرالی»لەم پارتەیە، ڕۆژی پێنجشەممەی ڕابردوو دوو کۆبوونەوەی جیاوازی لەگەڵ ئەفکان ئالا، جێگری سەرۆکی پارتی داد و گەشەپێدان (ئاکپارتی)ی دەسەڵاتدار، و دەولەت باخچەلی، سەرۆکی پارتی بزووتنەوەی نەتەوەیی (مەهەپە) ئەنجامدا، بە مەبەستی تاوتوێکردنی پێشهاتەکانی پێشکەشکردنی یاسای چوارچێوەیی بە پەرلەمان.
کۆبوونەوە لەگەڵ ئۆجەلان
پارتەکە لە بەیاننامەیەکدا دوای ئەو دوو کۆبوونەوەیە ڕایگەیاند، بیروڕا گۆڕدراونەتەوە سەبارەت بە قۆناغی ئێستای پرۆسەی ئاشتی، و پێویستی جێبەجێکردنی یاسای چوارچێوەیی لە زووترین کاتدا، هەروەها دەستەبەرکردنی توانای یاساکە بۆ دابینکردنی پێداویستییەکان.
بەیاننامەکە ئاماژەی بەوەش کردووە: «بنیاتنان لەسەر ئەم پەیوەندییانە، لە زووترین کاتدا کۆبوونەوەیەک لەگەڵ بەڕێز عەبدوڵڵا ئۆجەلان لە ئیمرالی ئەنجام دەدرێت».
بەیاننامەکە ئاماژەی بە کاتی کۆبوونەوەکە لەگەڵ ئۆجەلان نەکردووە، بەڵام سەرچاوەکان لە ناو پارتەکەدا پشتڕاستیان کردەوە کە ڕۆژی چوارشەممە بەڕێوەدەچێت، بەبێ ئەوەی باسی ئەوە بکەن ئایا شاندەکە لە کاتی کۆبوونەوەیان لەگەڵ ئەفکان ئالا، جێگری سەرۆکی ئاکپارتی، ڕەشنووسی یاسای چوارچێوەییان وەرگرتووە بۆ ئەوەی لە کاتی کۆبوونەوەکەدا پێشکەشی ئۆجەلانی بکەن وەک ئەوەی پێشتر دەگوترا یاخود نا.
دواین کۆبوونەوەی «شاندی ئیمرالی» لەگەڵ ئۆجەلان لە ٢٤ی ئایاردا ئەنجامدرا و نزیکەی ٥ کاتژمێری خایاند، دواتریش بەیاننامەیەک لەلایەن شاندەکەوە دەرچوو کە تێیدا دووبارە جەخت لەسەر گرنگیی سیاسەتی دیموکراتی و ڕێکخستنە یاساییەکان بۆ پێشخستنی پرۆسەکە کرایەوە.
بەرپرسانی دەم پارتی، دوای کۆبوونەوەکانی شاندی ئیمرالی لەگەڵ ئالا و باخچەلی، جەختیان لەسەر ئەوە کردەوە کە پێویستە یاسای چوارچێوەیی گەرەنتی سەرجەم ئەو کەیسانە بکات کە دژی ئەندامانی پەکەکە تۆمارکراون، ئاماژەیان بەوەش کرد کە پرسی شوێنی نیشتەجێبوونی هەر ئەندامێکی پەکەکە شایەنی دانوستانە و پێویستە یاساکە ڕێگا بۆ ئەم دانوستانە بکاتەوە.
عایشەگوڵ دۆغان، وتەبێژی پارتەکە ڕایگەیاند: «لێکتێگەیشتنێکی هاوبەش (لەگەڵ ئاکپارتی و مەهەپە) هەیە لەسەر پێویستی پێشکەشکردنی ڕەشنووسی یاسای چوارچێوەیی بە پەرلەمان بەبێ پەککەوتنی ڕەوتی کارەکانی، ئەمەش لە کۆبوونەوەکانی ئەم دواییانەدا پشتڕاستکرایەوە».
وتیشی، ئەوان لە کاتی کۆبوونەوەکاندا بۆچوونی خۆیان گەیاندووەتە هاوتاکانیان کە ڕێسای یاساییەکان دەبێت گشتگیر و تەواوکاری بن، و بەبێ جیاکاری لە نێوان تاوانبار و بێتاوان، یان لە نێوان سەرکردایەتی و ئەنداماندا دابڕێژرێن، هەروەها مۆڵەتی کۆبوونەوە لەگەڵ ئۆجەلان لە ٢٤ی ئایارەوە نەدراوە، و هیوایان خواست کۆبوونەوەیەکی نوێ لەگەڵیدا ئەنجام بدرێت.
عایشە دۆغان جەختی لەسەر گرنگیی سەردانە چاوەڕوانکراوەکە بۆ ئیمرالی کردەوە و وتی، پێویستە بۆچوونەکانی عەبدوڵڵا ئۆجەلان سەبارەت بە ڕەشنووسی یاسای چوارچێوەیی وەربگیرێت.
گەشبینیی سەرکردەکانی پەکەکە
لە هەمان چوارچێوەدا، دوران کاڵکان، سەرکردەی دیار و یەکێک لە دامەزرێنەرانی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە)، متمانەی خۆی دەربڕی بەوەی پرۆسەی ئێستا وەک پرۆسەکەی پێشوو لە نێوان ساڵانی ٢٠١٣ بۆ ٢٠١٥ «شکست ناهێنێت».
کاڵکان، لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ ماڵپەڕی «میدیاسکۆپ»ی تورکی، کە بۆ یەکەمجارە لەگەڵ دەزگایەکی ڕاگەیاندنی دەرەوەی بازنەی پەکەکەدا قسە دەکات، پێیوابوو کە داینامیکی ناوخۆیی و دەرەکی ئێستا ئەم پرۆسەیە لە پرۆسەی ئاشتی پێشوو جیادەکاتەوە کە لە ساڵی ٢٠١٥دا هەرەسی هێنا، و پرۆسەی ئێستا چانسێکی گەورەی سەرکەوتنی هەیە بەهۆی گۆڕانکارییە ناوچەییەکانەوە کە پێویستی بە چارەسەری سیاسی هەیە لەبری خەباتی چەکداری.
کاڵکان، کە لە لیستی تیرۆری تورکیادایە و بەپێی «ئاگادارکردنەوەی سوور»ی ئینتەرپۆڵ کە دیارترین داواکراوە ئەمنییەکان لەخۆدەگرێت داواکراوە، ئەگەری بەشداریکردنی لە «چوارچێوەیەکی سیاسی، یاسایی و دیموکراتی»دا بەدوور نەزانی، ئەمەش لەسەر بنەمای ئەو بانگەوازەی کە ئۆجەلان لە ٢٧ی شوباتی ٢٠٢٥دا ڕایگەیاندبوو، وەک وەڵامێک بۆ دەستپێشخەرییەکەی دەولەت باخچەلی سەرۆکی پارتی بزووتنەوەی نەتەوەیی (مەهەپە) کە لە ٢٢ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٤دا ڕایگەیاندبوو.
وتیشی: «کاتێک بۆ یەکەمجار ئەمەمان لە باخچەلی بیست، گفتوگۆ لە نێوانماندا دروستبوو و لە دۆخی سەرسوڕماندا بووین، دواتر گەیشتینە ئەو ئەنجامەی کە (ئەوەی شەڕ دەکات، شیاوترین کەسە بۆ هێنانی ئاشتی)».
سەبارەت بەو ڕەخنانەی کە دەگوترێت پرۆسەی ئێستا «یارییەکە» لەلایەن ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆمار و دەولەت باخچەلی هاوپەیمانییەوە بەڕێوەدەبرێت، و ئۆجەلان و ڕێکخراوەکەی بوونەتە بەشێک لێی، کاڵکان وتی: «ناتوانین بوونی یارییەک رەتبکەینەوە؛ ئێمە بوونی بە تەواوی ڕەتناکەینەوە، بەڵام هاوڕا نین لەگەڵ بۆچوونی ئەوانەی بڕیار دەدەن، یان ئەوانەی گفتوگۆیان لەگەڵ دەکەین، و پرۆسەکە لەسەر بنەمای متمانەی یەکتری بەڕێوە ناچێت».
بەڵام لە درێژەی قسەکانیدا وتی: «تەنانەت ئەگەر یارییەکیش بێت، پرسیارەکە ئەوەیە ئایا ڕێگا بۆ داڕشتنی سیاسەت خۆش دەکرێت؟ ئایا دەرفەت بۆ شتی نوێ دەڕەخسێت؟... ئەمە تەنها ئەو شتەیە کە ئێمە لێکۆڵینەوەی لەسەر دەکەین».