پەیامی ئاگرین لە سنوورەکانەوە؛ پشتپەردەی هێرشە بەردەوامەکانی ئێران بۆ سەر هەرێمی کوردستان

٣٠ تەممووز ٢٠٢٦ - ٨:٢٤ پاش نیوەڕۆ

پەیامی ئاگرین لە سنوورەکانەوە؛ پشتپەردەی هێرشە بەردەوامەکانی ئێران بۆ سەر هەرێمی کوردستان

پەنجەرە

هێرشی پێشوەختە بۆ ڕێگریکردن لە هەر جووڵەیەکی ناوخۆیی، پەیامی هەڕەشە بۆ هێزە کوردییەکانی عێراق، و ڕووبەڕووبوونەوە لە بەرەیەکدا کە ناوچەیەکی یەکجار هەستیاری بەریەککەوتنە لە جەنگە گەورەکەی لەگەڵ ئەمریکادا؛ ئێران بەم جۆرە دەڕوانێتە هێرشە بەردەوامەکانی بۆ سەر بارەگا و کامپەکانی پارتە ئۆپۆزسیۆنە کوردەکانی ئێران لە ناو هەرێمی کوردستاندا، ئەمەش لە سێبەری بەردەوامی سەدا و دەنگدانەوەی لێدوانەکانی ترەمپ دەربارەی "چەکی ئەمریکی" کە بۆ ئۆپۆزسیۆنی کورد نێردراوە و نەگەیشتووە، بەو ئاماژانەی کە هەیەتی بۆ ڕۆڵی ئەگەریی کورد لە حاڵەتی فراوانبوونی ڕووبەڕووبوونەوەکان و گەڕانەوە بۆ ئامانجی ڕوخاندنی ڕژێم.

 بەرەبەیانی ڕۆژی هەینی ۱۷ی تەممووز، چەند مووشەکێکی باڵیستی بەر بارەگای حزبی "کۆمەڵە"ی ئۆپۆزسیۆنی کوردی ئێران کەوت لە گوندی "زەرگوێزەڵە" لە پارێزگای سلێمانی ، کە بووە هۆی کوژران و برینداربوونی ١١ پێشمەرگە و بارەگاکەی وێرانکرد، هاوكات لەگەڵ هێرشگەلێک کە شوێنی جیاوازیان لە هەولێر و سلێمانی کردە ئامانج، کە کەشوهەوای جەنگی گەڕاندەوە بۆ هەرێمی کوردستانی دراوسێی ئێران، هێزە کوردییەکانی جارێکی تر خستەوە نێو گڕی ئاگر لە جەنگی گەورەکاندا کە خۆیان نایانەوێت ببنە بەشێک لێی!

ئەو هێرشانە، تەنها بە ئامانجگرتنی بارەگای هێزە ئۆپۆزسیۆنە کوردیەکان نەبوون کە ساڵانێکە لە ڕووی کردارییەوە هیچ جووڵەیەکی سەربازییان ئەنجام نەداوە، بەڵکو جارێکی تر سەرنجەکانی گەڕاندەوە سەر هەڵمەتە بەردەوامەکانی ئێران دژی پارتە ئۆپۆزسیۆنە کوردەکان، کە ئەمجارەیان نەک تەنها بۆ ناچارکردنیان بە دەستبەرداربوون لە چەک و دوورخستنەوەی بارەگاکانیان لە سنوورەکان و کۆتاییهێنان بە هەموو جۆرە چالاکییەک، بەڵکو ڕەنگە بۆ دوورخستنەوەی خۆشی بێت لە جەنگە بەردەوامەکە.

لەگەڵ گەڕانەوەی پێکدادانەکانی نێوان ئێران و ئەمریکا، و پەککەوتنی لێکتێگەیشتنامەی ئیمزاکراو، هێرشەکانی ئێران جیاوازتر بوون لەوانەی پێشووتر؛ چونکە لەلایەک پەیامی ئاگرینی بۆ سەرکردایەتی هەرێمی کوردستان تێدایە، و لەلایەکی ترەوە بەپێی تێڕوانینی ئێران، بازنەیەکە لە ڕووبەڕووبوونەوەیەکی گشتگیرتر لەگەڵ دوژمنە گەورەکەی "ئەمریکا و ئیسرائیل" کە چاوی خۆی نەپۆشیوە لە خواستی سوودوەرگرتن لە هێزە ئۆپۆزسیۆنە کوردەکان بۆ ئەنجامدانی هێرش لە ناوخۆی ئێراندا کە هاوکێشە ئەمنییە ناوخۆییەکان تێکبدات.

بەپێی ڕاپۆرتی دەزگا ڕاگەیاندنە کوردییەکان، لە هێرشەکانی دوایی ئێراندا بە لانی کەمەوە نۆ پێشمەرگەی "کۆمەڵە" کوژراون و چەندین کەسی دیکە بریندار بوون، کە ئەمەش خوێناویترین ئامارە لە دوای نوێبوونەوەی شەڕەکان. ئەمەش هاوکات بوو لەگەڵ هێرشی چڕ لە هەولێر و سلێمانی کە شوێنە ئامانجکراوەکانی ئاشکرا نەکران، بەڵام پێدەچێت کونسوڵخانەی ئەمریکا و شوێنی تر لەخۆبگرێت کە ئامادەیی سنوورداری ئەمریکای تێدایە.

هەندێک پێیانوایە کە هێرشە نوێیەکان، تەنها ئامانجیان تێکدان و لاوازکردنی هێزە چەکدارەکانی ئۆپۆزسیۆنی کورد و ناردنی پەیامی هەڕەشە بۆ سەرجەم هێزە کوردییەکان لە کوردستانی عێراق نییە، بەڵکو هەوڵێکیشە بۆ لەباربردنی هەر هەوڵێکی ئەمریکی بۆ دروستکردنی گۆڕانکاری لە ململانێی ئامادەدا لەڕێگەی ئەو جووڵانەی هێزە ئۆپۆزسیۆنە کوردەکان لە ناوخۆی ئێراندا ئەنجامی دەدەن یان بە ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆن  لە سنوورەکانەوە.

بەپێی ئامارە ناوخۆییەکان، لە ئازاری ۲۰۲٦ تا ۱۹ی تەممووز، ۹۲۰ هێرش بە فڕۆکەی بێفڕۆکەوان یان مووشەک تۆمارکراون، کە بوونەتە هۆی کوژرانی ۳۰ کەس و برینداربوونی نزیکەی ۱٥٠ کەسی دیکە کە زۆربەیان لە ئەندامانی هێزە ئۆپۆزسیۆنە کوردەکانی ئێرانن.

پاشخانی هەموو ئەم هێرشانە، پەیوەندی بە لاوازکردنی توانا جەنگییەکانی هێزەکانی ئۆپۆزسیۆنی ئێرانەوە نییە، چونکە ئەو هێزانە لە ڕووی کردارییەوە توانای جەنگی گەورەیان نییە؛ ژمارەی شەڕڤان و پێشمەرگەکانیان لە چەند سەد کەسێک تێنەپەڕێت، وە زۆربەی چەکەکانیان سووک و کۆنن، بەڵام پشتگیرییەکی جەماوەری گەورەیان لە پارێزگا کوردییەکانی ناوخۆی ئێراندا هەیە، و ئەو هەڵوێستانەی دەریان دەکەن گرنگن بۆ جووڵاندنی شەقامی کوردی، ئەوەی کە بە بەهێزی لە خۆپیشاندانەکانی مەهسا ئەمینیدا لە ۲۰۲۲ دەرکەوت، کە ئەو خۆپیشاندانانەی دەیان هەزار کەس تێیدا بەشداربوون، زیاتر لەلایەن هێزەکانی ئۆپۆزسیۆنی کوردەوە ئاڕاستە دەکران.

ئاساییە کە بە بایەخەوە بڕوانرێتە هێرشەکانی ئێران لە سێبەری گەڕانەوەی جەنگ و ئەگەرەکانی فراوانبوونی بەرەکانی، لەگەڵ ئەو ڕاستییەی کە کۆتایی جەنگ نەهاتووە و هیچ چارەسەرێکی کۆتاییش لە ئاسۆدا نییە بۆ ململانێکان، هەتا ئەگەر شەڕەکان دوای ماوەیەک بوەستن و هەردوو لایەن بگەڕێنەوە سەر ڕێڕەوی دانوستاندنی سیاسی و ئابووری.


دواین پێشهات

زۆرترین خوێنراو