گەرووی بابولمەندەب؛ چی ڕوودەدات ئەگەر ئەم ڕێڕەوە پەکی بکەوێت؟
٣٠ تەممووز ٢٠٢٦ - ٨:٢٨ پاش نیوەڕۆ
پەنجەرە
گەرووی "بابولمەندەب" وەک یەکێک لە هەستیارترین خاڵە ستراتیژییەکانی جیهان، کەوتووەتەوە ناو ئاڵۆزییە جیۆپۆلیتیکییەکان. ئەم دەروازە ئاوییەی کە دەریای سوور بە کەنداوی عەدەن دەبەستێتەوە، ئێستا تەنها ڕێڕەوێکی بازرگانی نییە، بەڵکو بووەتە گۆڕەپانی ململانێیەک کە هەڕەشە لە سەقامگیریی ئابووری جیهان دەکات.
"خاڵی خنکێنەر"ـی وزەی جیهانی
گەرووی بابولمەندەب کە بە "دەروازەی فرمێسکەکان"ـیش دەناسرێت، بە یەکێک لە گرنگترین "خاڵە خنکێنەرە (Choke Points)" دەریاییەکان دادەنرێت. نزیکەی ١٠٪ بۆ ١٣٪ـی کۆی بازرگانی نەوتی جیهان کە لە ڕێگەی دەریاوە دەگوازرێتەوە، بەم گەرووەدا تێپەڕ دەبێت.
ئەم شوێنە نەک تەنها ئاسیا و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە ئەوروپاوە دەبەستێتەوە، بەڵکو دەروازەی باشووری کەناڵی سویسە و هەر پەککەوتنێک تێیدا، بەواتای پەککەوتنی یەکێک لە زیندووترین شادەمارەکانی گواستنەوەی جیهان دێت.
پێشهاتە ئەمنییەکان
لەم ڕۆژانەدا گەرووەکە شاهیدی ئاڵۆزییەکی بێوێنە بووە. حوسییەکانی یەمەن بە ڕاگەیاندنی "گەمارۆی دەریایی" لە دژی ئەو کەشتیانەی ڕوو لە عەرەبستانی سعوودی دەکەن، دۆخەکەیان گەیاندووەتە لوتکە.
بەپێی ڕاپۆرتە مەیدانییەکان، لە ماوەی ٤٨ کاتژمێری ڕابردوودا هیچ پێکدادانێکی ڕاستەوخۆ ڕووینەداوە، بەڵام حوسییەکان لە ڕێگەی هەڕەشەی ئەلیکترۆنی و نامەی ئاگادارکردنەوەوە، لانی کەم ٦ کەشتی بازرگانی و تانکەری نەوتی گەورەیان وەک (Xin Long Yang و Rodos) ناچار کردووە ڕێڕەوی خۆیان بگۆڕن و بەرەو باکوور بگەڕێنەوە.
شارەزایانی سەربازی ئاماژە بەوە دەکەن کە حوسییەکان کۆنترۆڵی مەیدانییان بەسەر تەواوی گەرووەکەدا نییە، بەڵکو لە ڕێگەی مووشەک و فڕۆکەی بێفڕۆکەوان لە بەرزاییەکانەوە، جۆرێک لە "کۆنترۆڵی ئاگرین"ـیان دروستکردووە کە کاریگەرییەکەی کەمتر نییە لە داخستنی فیعلی گەرووەکە.
کێ زەرەرمەندی یەکەمە؟
داخستن یان پەککەوتنی هاتوچۆ لە بابولمەندەب زیانێکی کارەساتبار بە چەند وڵاتێک دەگەیەنێت، لەم نێوەندەدا میسر زەرەرمەندی یەکەمە. چونکە بابولمەندەب کلیلی کەناڵی سویسە؛ پەککەوتنی ئەم گەرووە واتای سفرکردنەوەی داهاتە ملیار دۆلارییەکانی کەناڵی سویس و لێدانی کوشندە لە ئابووری میسر.
بەدوای ئەودا عەرەبستانی سعوودی دێت، سعوودیە کە بەشێکی زۆری نەوتی خۆی لە ڕێگەی هێڵی بۆری "ڕۆژهەڵات-ڕۆژاوا"وە بۆ بەندەری یەنبوع لەسەر دەریای سوور دەگوازێتەوە تا لە گەرووی هورمز دوور بکەوێتەوە، ئێستا خۆی لەبەردەم گەمارۆیەکی تری دەریایی دەبینێتەوە لە باشوورەوە.
هەرچی چین و ئەوروپایە، وەک گەورەترین هەناردەکار و هاوردەکار، چین ڕێڕەوی سەرەکی کاڵاکانی بۆ ئەوروپا لەدەست دەدات. ئەوروپاش ڕووبەڕووی بەرزبوونەوەی نرخی وزە و دواکەوتنی کاڵاکان دەبێتەوە.
هەربۆیە پەککەوتنی کەشتیوانی لەم ناوچەیەدا، تەنها کێشەی میسر و سعوودیە نییە، بەڵکو لێکەوتەی جیهانی هەیە، بەتایبەتی لەڕووی بەرزبوونەوەی تێچووی دڵنیایی و گۆڕینی ڕێڕەو کە ١٠ بۆ ١٤ ڕۆژ گەشتەکان دوورتر دەکات و تێچووی گواستنەوە بە شێوەیەکی خەیاڵی زیاد دەکات.