سێبەری جەنگ؛ کاتێک جەنگی ئێران و ئەمریکا ژێرخانی وزەی جیهان دەهەژێنێت

٣١ تەممووز ٢٠٢٦ - ٧:٢٤ پاش نیوەڕۆ

سێبەری جەنگ؛ کاتێک جەنگی ئێران و ئەمریکا ژێرخانی وزەی جیهان دەهەژێنێت

پەنجەرە

ململانێی نێوان واشنتۆن و تاران دەچێتە قۆناغێکی بێپێشینە و ترسناکەوە. دوای ۱۲ شەوی بەردەوام لە هێرشی ئاسمانی و مووشەکی، هاوکێشەی شەڕەکە لە کێبڕکێی سەربازییەوە بۆ هەڕەشەی ڕاستەوخۆ لەسەر ژێرخانی وزە، ئابووریی جیهانی و هێڵی کەشتیوانیی نێودەوڵەتی وەرگەڕاوە.

تەقینەوەکان لە قووڵایی خاکی ئێراندا

لە ۱۲یەمین شەوی ئۆپەراسیۆنەکاندا، هێزەکانی ئەمریکا زنجیرەیەک هێرشی بەرفراوانیان کردە سەر ناوچەکانی ڕۆژئاوا و باشووری ئێران. بەپێی ڕاگەیەندراوێکی فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمریکا (سێنتکۆم)، هێرشەکان تواناکانی دەریایی، کۆگاکانی مووشەک و فڕۆکەی بێفڕۆکەوان، لەگەڵ سیستمەکانی بەرگریی ئاسمانیی ئێرانیان کردووەتە ئامانج؛ بە ئامانجی «لاوازکردنی توانای تاران لە هەڕەشەکردن لەسەر ڕێڕەوە ئاوییەکان».
لەلایەکی دیکەوە، سەرچاوە تەندروستییەکانی ئێران باسیان لە کوژرانی کۆمەڵێک مەدەنی کردووە لە سەرەتای مانگی تەمووزەوە، لە کاتێکدا واشنتۆن جەخت دەکاتەوە کە هێرشەکانی تەنها ڕوویان لە ئامانجی سەربازییە.

یەکەمجار فڕۆکەی ستراتیژیی گەورەی لە جۆری «B-1» بەکار‌هێناوە بۆ پێكانی ئامانجەکان لە قووڵایی خاکی ئێراندا، ئەمەش نیشانەی ئامادەکارییە بۆ فراوانترکردنی مەودای ئۆپەرسیۆنەکان.

وەڵامی تاران: «چاو بەرامبەر چاو»

لە بەرامبەر زەبرە ئاسمانییەکانی ئەمریکادا، تاران ئاماژە بە دەستپێکردنی قۆناغێکی نوێی بەرپەرچدانەوە دەدات. سوپای پاسدارانی ئێران ڕایگەیاند کە زنجیرەیەک هێرشیان کردووەتە سەر بنکە و ئامێرە سەربازییەکانی ئەمریکا لە ئوردن، لەوانەش سیستمەکانی بەرگریی مووشەکیی «پاتریۆت» و «ثاد» (THAAD).

هاوکات، بەرپرسە باڵاکانی ئێران بژارەی هاوکێشەی “چاو بەرامبەر چاو”یان وەک بنەمای سەرەکیی بەرگریی ناو برد. 
 عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوە رایگەیاند: هەر دەستدرێژییەک بۆ سەر ژێرخانی ئێران، بە وەڵامێکی قورس بەرپەرچ دەدرێتەوە و هەموو بەشداربووانی ئەو هێرشانەش دەبنە ئامانجی ڕەوا.»
 
هاوکات محەممەد باقر قالیباف، سەرۆکی پەرلەمانی ئێران وتی: «هاوکێشەی ئەم شەڕە ڕوونە، یا هەمووان یان هیچ کەسێک. ئەگەر ئێمە نەوت نەفڕۆشین، هیچ کەسێک لە ناوچەکەدا ناتوانێت نەوت بفرۆشێت.»

جەنگی وزە و مەترسیی سەر گەرووی هورمز

گەرووی هورمز کە شادەمارێکی گواستنەوەی نەوتی جیهانە، ئێستا بووەتە چەقی ئاڵۆزییەکان. تاران ڕایگەیاندووە کە گەرووەکە بەداخراوی دەمێنێتەوە و ناوچەباشوورییەکەی مینڕێژ کراوە، لە کاتێکدا لایەنی ئەمریکی هەوڵی سەپاندنی گەمارۆی دەریایی و ڕێگریکردن لە کەشتیوانیی ئێران دەدات.
لە لێدوانێکی تونددا، دۆناڵد تڕەمپ هەڕەشەی کرد کە لە بەرامبەر هەر هێرشێک بۆ سەر کەشتییەکان لە گەرووەکەدا، وێستگەیەکی کارەبا یان پردێک لە ئێران وێران دەکەن. ئەمریکا ڕایگەیاندووە سیاسەتی ئەوان لە بەرامبەر ئێراندا «سەر بەرامبەر چاو» دەبێت؛ واتە وەڵامێک کە بەهێزتر بێت لە ئاستی هێرشەکانی بەرامبەر.

دۆسیەی ئەتۆمی و هێڵی سووری «کێوی تەور»

ناکۆکییەکان گەیشتوونەتە ئاستی بژارە ئەتۆمییەکان. دوای ئەوەی ئاماژە بە ئەگەری بەئامانجگرتنی بنکەیەکی ژێرزەمینی لە ژێر کێوی کۆلانگ (بە «کێوی تەور» ناسراوە) کرا، بەرپرسانی پەرلەمانی ئێران هۆشدارییان دا کە هەر هێرشێک بۆ سەر بنکە ئەتۆمییەکان دەبێتە هۆی گۆڕینی باوەڕنامەی ئەتۆمیی ئێران و چاوخشاندنەوەی بنەڕەتی بە بەرنامە ئەتۆمییەکەیاندا.

فراوانبوونی بەرەکانی جەنگ و دیپلۆماسیی لێوار

مەترسییەکانی شەڕەکە تەنها لە کەنداو نەمابوونەتەوە؛ بەڵکو هێرشە دووبارەکانی حوسییەکان لە دەریای سور و گەرووی باب ئەلمەندەب بەرەیەکی نوێی گوشاریان کردووەتەوە کە بووەتە هۆی بەرزبوونەوەی نرخەکانی نەوت بۆ بەرزترین ئاستی چەندین هەفتەی ڕابردوو.
لەگەڵ ئەم تەقینەوە سەربازییەدا، کەناڵەکانی دیپلۆماسی بە تەواوی دانەخراون. 
 ناوبژیکارانی قەتەر و عومان هێشتا بەردەوامن لە هەوڵەکانیان بۆ گەیاندنی پێشنیازەکان لە نێوان واشنتۆن و تاراندا.
 هەرچەندە تا ئێستا تاران نوێترین پێشنیازی ڕەتکردووەتەوە، بەڵام هەردوو لایەن چاوەڕێی گۆڕانکاریی هەڵوێستەکان دەکەن پێش ئەوەی شەڕەکە بکەوێتە قۆناغی بێگەڕانەوە.

دەرئەنجام

ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لەسەر بڕبڕەی پشتی ڕووداوێکی مێژوویی ڕاوەستاوە؛ ئایا دیپلۆماسی دەتوانێت پێش بڕیارە سەربازییەکان بکەوێت، یان هاوکێشەی «چاو بەرامبەر چاو» سەرجەم ناوچەکە دەکاتە ناو ئاگرێکی بەرفراوانترەوە؟


دواین پێشهات

زۆرترین خوێنراو