«یاسای چوارچێوەیی» لە تورکیا؛ نەخشەڕێگەی کۆتاییهێنان بە چەکداریی پەکەکە و ئایندەی ئۆجەلان
٣١ تەممووز ٢٠٢٦ - ٧:٢٦ پاش نیوەڕۆ
پەنجەرە
لە هەنگاوێکی چارەنووسسازدا بۆ دیاریکردنی ئایندەی پڕۆسەی ئاشتی لە تورکیا، ئاماژەکانی «یاسای چوارچێوەیی» کە حکومەت ناوی ناوە «پڕۆسەی تورکیایەکی خاڵی لە تیرۆر» هەنگاوی بۆ دەنرێت.
ڕەشنووسی ئەم یاسایە کە بەردی بناغەی هەڵوەشاندنەوەی پەکەکە و دانانی چەکەکانیەتی، لە نێوان داواکارییەکانی ئۆپۆزسیۆنی کورد و هێڵە سورەکانی دەسەڵاتی ئەنقەرەدا لە ئامادەکردندایە.
کاتێک نعمان کورتولموش، سەرۆکی پەرلەمانی تورکیا، خولی کۆبوونەوەکانی لەگەڵ حزبە سیاسییەکان کۆتایی پێهێنا، پەردەی لەسەر بەشێک لە هێڵە گشتییەکانی ئەم دۆسیە ئاڵۆزە هەڵدایەوە؛ یاسایەک کە داواکارییەکی سەرەکیی عەبدوڵڵا ئۆجەلان، ڕێبەری بەندکراوی پەکەکە بوو بەرامبەر بڕیاری چەکدانانی حزبەکەی لە شوباتی ۲۰۲٥دا.
یاسایەک لە ۱۲ ماددە؛ «نە لێخۆشبوونی گشتییە و نە هەموارکردنی دەستوور»
سەرۆکی پەرلەمانی تورکیا جەختی کردەوە کە پەرلەمان هەوڵ دەدات پێش پشووی هاوینە یاساکە پەسەند بکات. کورتولموش ڕوونی کردەوە کە ئەم دەقە لە ۱۲ ماددەی بنەڕەتی پێکهاتووە و یاسایەکی کاتی و سەربەخۆ دەبێت کە تەنها بۆ یەک جار جێبەجێ دەکرێت، هەروەها جەختیشی کردەوە کە بە هیچ شێوەیەک بە واتای «لێبوردنی گشتی یان تایبەت» نایەت.
هاوکات سەرچاوە پەرلەمانییەکان ئاشکرایان کردووە کە یاساکە هیچ دەستکارییەک لە چوار ماددە بنەڕەتییەکەی دەستووری تورکیادا ناکات؛ بەتایبەت لە بابەتەکانی پێناسەی هاووڵاتیبوون، زمانی فەرمی، ئاڵا، سیستەمی کۆماریی و دەسەڵاتی خۆجێی.
ڕەوشی ئۆجەلان؛ بەفەرمی ناساندنی وەک «سەرۆکی دانوستانکاران»
لە لایەکی دیکەوە، سیزائی تەملەی، جێگری سەرۆکی فراکسیۆنی دەم پارتی ئاشکرای کرد کە یاسا پێشنیازکراوەکە ڕەهەندێکی ڕاستەوخۆی هەیە بۆ دیاریکردنی پێگە و ڕەوشی یاسایی عەبدوڵڵا ئۆجەلان.
بەپێی لێدوانەکەی تەملەی و زانیارییە پەرلەمانییەکان، بەشێک لە تەوەرە سەرەکییەکانی پێشنیازکراو بۆ یاساکە برێتین لە:
دیاریکردنی پێگەی ئۆجەلان: یاساکە ڕەوایەتی یاسایی بە ئۆجەلان دەدات و بەفەرمی وەک «سەرۆکی دانوستانکاران» تۆماری دەکات.
دابینکردنی میکانیزمی گفتوگۆ: ڕێگەخۆشکردن بۆ ئەنجامدانی دیداری خولیی و دابینکردنی کەرەستەی پێویست تاوەکو ئۆجەلان بتوانێت بەشدار بێت لە داڕشتنی قۆناغەکانی پڕۆسەکەدا.
ڕێکخستنی چارەنووسی چەکداران: داڕشتنی چوارچێوەی یاسایی بۆ گەڕانەوەی ئەندامانی پەکەکە و یەکلاکردنەوەی دۆسیەی هەزاران کەس چ لە ناو زیندانەکان و چ ئەوانەی لە دەرەوەی وڵات دەژین.
تێکەڵکردنەوەی کۆمەڵایەتی: دانانی بەرنامەی تایبەت بۆ ئینتیماکردنی کۆمەڵایەتی، ڕەخساندنی هەلی کار و ئامادەکردنی زەمینە بۆ ڕاهێنانەوەی گەڕاوەکان.
چاوپۆشی بۆ سزادراوانی نەخۆش: جێبەجێکردنی بڕیاری تایبەت و ئاسانکاری بۆ ئەو سزادراوانەی پەکەکە کە نەخۆشن یان تەمەنیان بەسەرچووە.
ناکۆکی لەسەر بازنەی جێبەجێکردن و چاودێریکردنی پڕۆسەکە
باڵەکانی ناو پەرلەمانی تورکیا لەسەر مەودای یاساکە و چۆنیەتی سەرپەرشتیکردنی هێشتا هاوڕا نین:
دەم پارتی داوا دەکات یاساکە تەنها لە چەکداناندا کورت نەبێتەوە، بەڵکو ببێتە دەستپێکێک بۆ چاکسازیی گشتگیر لە یاسای بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر، یاسای سزادان، و وەرچەرخانی دیموکراتیک. لە بەرامبەردا، پارتی گەلی کۆماری (جەهەپە) داوای بڵاوکردنەوەی ڕەشنووسی ڕوون دەکات پێش ئەوەی هەڵوێستی کۆتایی بڕیار لێ بدات.
سەبارەت بە چاودێریکردنی پڕۆسەکەش، حکومەت بەنیازە «ئەنجومەنی هەماهەنگی» لە ناو دەسەڵاتی جێبەجێکردندا لەژێر سەرپەرشتی جێگری سەرۆک کۆمار پێکبهێنێت بۆ چاودێری چەکدانان و گەڕانەوەکان. بەڵام «دەم پارتی “ پێداگری دەکات کە ئەمە بەتەنها بەس نییە و دەبێت لێژنەیەکی تایبەت لە ناو پەرلەماندا دامەزرێت، کە نوێنەرانی ئاکپارتی، مەهەپە و ئۆپۆزسیۆنی تێدا بێت، تاوەکو شەرعییەتێکی نیشتمانی و دیموکراتی بە تەواوی پڕۆسەکە ببەخشێت.