گروپی "ڕا": بەم هاوینە چەمچەماڵ ٢٠ ڕۆژ جارێک ئاوی پێدەدرێت
٢ ئاب ٢٠٢٦ - ٧:٠٥ پاش نیوەڕۆ
پەنجەرە
تینوێتی تەنگ بە قەزای چەمچەماڵ و ناحییەی شۆڕش هەڵدەچنێت، گروپێکی مەدەنی لە شارەکەش ئاشکرای دەکات بەم گەرمای هاوینە ٢٠ ڕۆژ جارێک ئاو بە ماڵان دەدرێت.
گروپی "ڕا" لە ڕاگەیەنراوێکدا کە وێنەیان بۆ پەنجەرە ناردووە، دەڵێن: "هاووڵاتییانی چەمچەماڵ و شۆڕش، لەم گەرمای مانگی تەمووزەدا نزیكەی ١٥ بۆ ٢٠ ڕۆژ جارێك نۆرەیان دێت و ئاوی خواردنەوەیان پێدەدرێت.
دەشڵێن: "ماوەی چەند ساڵێكە بە پاساوی پرۆژەی گەیاندنی ئاوی گۆپتەپە بۆ چەمچەماڵ، دەرگایان بە ڕووی داواکارییەکانی هاووڵاتییانی ئەم شارەدا داخستووە و لە چاوەڕوانی تەواوبوونی ئەم پرۆژەیەشدا وادەخنکێن."
گروپەکە پێیوایە چارەسەری كاتیی هەیە بۆ بێئاویی چەمچەماڵ، ئەمەشیان لەدوتوێی پڕۆژەیەکدا لە ناوەڕاستی ئەم مانگە خستووەتە بەردەم چوار ئەندامی پەڕلەمانی كوردستان و قائیمقامیەتی چەمچەماڵ، بەبێ ئەوەی ناوەڕۆکی پڕۆژەکە ئاشکرا بکات.
لەکۆتاییشدا گروپە مەدەنییەکەی چەمچەماڵ ڕووی دەم لە بەرپرسانی هەرێمی كوردستان دەکات و دەپرسێت: "كێتان دەتوانێت تەنها یەك هەفتە ماڵ و مناڵی لەم بێێاوییەی چەمچەماڵدا بژێت؟"