کۆچی بەکۆمەڵ و گەڕانەوەی ئاڵۆز: شەنگال چۆن زۆرینەی کوردە موسڵمانەکانی لەدەستدا؟

٢ ئاب ٢٠٢٦ - ٧:٠٦ پاش نیوەڕۆ

کۆچی بەکۆمەڵ و گەڕانەوەی ئاڵۆز: شەنگال چۆن زۆرینەی کوردە موسڵمانەکانی لەدەستدا؟

پەنجەرە

کۆچکردن و ئاوارەبوونی خەڵکی شەنگال لە ناوەڕاستی ساڵی ٢٠١٤ بەهۆی تاوان و جینۆسایدەکانی داع،شەوە، شێوازی نیشتەجێبوونی خەڵکی لە زۆرێک لە گوندەکانی باکوور و باشووری چیای شەنگال و ناوەندی شارەکەش گۆڕی. بەم هۆیەوە شارەکە ئەو زۆرینە کوردە موسڵمانەی کە مێژووییەک تێیدا بوون لەدەستدا و شوێنەکەیان بۆ ئێزدییەکان مایەوە. 

ئەمە کاتێک ڕوویدا کە کوردە موسڵمانەکانی شەنگال بڕیاریان دا لەو شوێنانە بمێننەوە کە بۆی ئاوارە بووبوون، چونکە ژیانێکی نوێیان بۆ خۆیان دروست کردبوو. لەلایەکی ترەوە، گەڕانەوەی عەرەبەکان زۆر کەم بووەوە بەهۆی ترسیان لە تۆڵەسەندنی عەشایەریی و بوونی مەسیحییەکانیش بە تەواوی نەما و کۆتایی هات.

حەجی ڕەمەزانی جووتیار کە تەمەنی ٦٣ ساڵە، دەربارەی گوندەکەی خۆی (قابووسی) و کێڵگەکانی باشووری شەنگال دەڵێت: "هیچمان بۆ نەماوەتەوە جگە لە یادگارییەکان". ئەو لە ئابی ٢٠١٤ لەگەڵ خێزانەکەیدا گوندەکەی جێهێشت دوای ئەوەی داع،ش هێرشی کردە سەر ناوچەکە.

حەجی ڕەمەزان کوردێکی موسڵمانە و لە دەست زۆرداریی داع،ش هەڵهات کە هەموو نەیارەکانی دەکوشت، ڕێک وەک زۆربەی موسڵمان و ئێزدییەکانی شەنگال. ئەو ئێستا بە جەستە لە ناوچەی (کەفەرکی) لە دەوروبەری دهۆک دەژێت، بەڵام وەک خۆی دەڵێت، ڕۆحی هێشتا لە ئاسمانی زەوی و ماڵە جێهێڵدراوەکەیدا دەفڕێت.

ئەو دەڵێت: "زۆر بیر لە گوندەکەم، کێڵگەکانم، دانیشتنی خەڵکەکەی و شاری شەنگال دەکەمەوە، بەڵام هیچم لەدەست نایەت. ئەگەر بڕیار لەدەست من بووایە، پێش بەیانی ئەمڕۆ دەگەڕامەوە، چونکە زەوی، یادگاری و هەموو ماڵ و دارایی من لەوێیە".

نزیکەی ١٢ ساڵ بەسەر ژیانی ئاوارەییدا تێپەڕیوە. منداڵەکانی گەورە بوون، کەوتوونەتە سەر کاری خۆیان، ماڵیان کڕیوە و نەواسییان هەیە. هەموویان بوونەتە بەشێک لە ژینگە نوێکەی دهۆک، بەڵام حەجی ڕەمەزان بەپێچەوانەی ئەوانەوە نەیتوانیوە ڕابێت و هێشتا هەست بە غەریبی دەکات. ئەو دەڵێت: "جێگیربوون بە مانای لەبیرکردنی نیشتمان نایەت"، مەبەستیشی ئەو شوێنەیە کە تێیدا گەورە بووە.

خۆشویستنی گوندەکەی و یادگارییە بەردەوامەکانی وا دەکەن هیوای ئەوە بخوازێت شەنگال بگەڕێتەوە وەک جاران: "ئارام بێت، یەک ئیدارەی حکومی هەبێت، هێزی فەرمی پارێزگاری لە هەمووان بکات، و پڕۆژە هەبێت بۆ بووژاندنەوەی کشتوکاڵ"، تا هەموو ئاوارەیەک بتوانێت بگەڕێتەوە. بەمەش ئەو ئاستەنگانەی خستە ڕوو کە ڕێگرن لە گەڕانەوەی.

لەکاتێکدا بە پەنجەکانی بەپەلە دەنکەکانی تەسبێحە زەردەکەی دەجووڵاند کە هەمیشە لە دەستیدایە، دەڵێت: "ئێمەی کوردە موسڵمانەکان تەمەنێکمان لەگەڵ ئێزدییەکان لە شەنگال بەسەر برد، وەک یەک ماڵ بووین.. لە ناخی دڵمەوە هیوادارم ئەو ڕۆژانە بگەڕێنەوە و دووبارە لەوێ کۆببینەوە". بەڵام دواتر دەڵێت: "دیارە ئەوە تەنها خەونێکە لە سەرەتاوە لە مێشکمدا هەیە".

زۆربەی کوردە موسڵمانەکانی شەنگال، وەک حەجی ڕەمەزان، مانەوەیان لە شوێنی ئاوارەیی یان کۆچکردنیان بۆ دەرەوەی وڵات هەڵبژارد لەبری گەڕانەوە بۆ ماڵەکانیان. بەشێکیان بەهۆی نەبوونی ئاسایش و بوونی هێزی چەکداری جیاوازەوە نەگەڕانەوە، بەڵام زۆربەیان لەبەر ئەوە مانەوە چونکە ژیانێکی سەقامگیرتر، دەرفەتی کار و خزمەتگوزاریی باشتر لە دهۆک و شوێنەکانی تر دۆزییەوە.
ئەم ئاوارەیییە، دوای ١٢ ساڵ لە ڕوودانی، نەخشەی دانیشتووانی لە زۆرێک لە گوندەکانی باکوور و باشووری شەنگال و لە ناوەندی شارەکەشدا گۆڕی، کە بەپێی چاودێران، شارەکە زۆرینەی کوردە موسڵمانەکەی لەدەستدا بە قازانجی ئێزدییەکان.

گەڕانەوەی زەحمەت و گۆڕانی دانیشتووان

قەزای شەنگال دەکەوێتە ڕۆژئاوای پارێزگای نەینەوا و یەکێکە لە فرەرەنگترین ناوچەکانی پارێزگاکە؛ چونکە ئێزدی، عەرەب، کورد، مەسیحی و تورکمانی تێدا دەژین. لە ڕووی ئیدارییەوە دابەش دەبێت بەسەر ناوەندی قەزاکە و دوو ناحیەی سنوونێ و قەیرەوان.
لە ٣ی ئابی ٢٠١٤، داع،ش پەلاماری شەنگالی دا. بەو هۆیەوە هەزاران خەڵکی مەدەنی (کە زۆربەیان ئێزدی بوون) کوژران و ڕفێندران، و سەدان هەزار کەس لە هەموو ئایین و نەتەوەکان ئاوارەی هەرێمی کوردستان بوون، کە بەشێکیشیان پاشان کۆچیان کرد بۆ دەرەوەی وڵات.
پێش هاتنی داع،ش، شەنگال شارێکی پڕ لە فرەڕەنگی بوو. لەگەڵ ئەوەی شەنگال ناوەندێکی سەرەکیی ئێزدییەکان بوو لە عێراق، بەڵام کۆمەڵەیەکی گەورەی کورد (سووننە و شیعه)، عەرەبی موسڵمان، تورکمان و مەسیحیشی تێدا دەژیا. ئەمەش کردبوویە نموونەی پێکەوەژیان.

دوای ساڵانێک لە دەرکردنی داع،ش و گەڕانەوەی ئارامی، زۆربەی ئێزدییەکان دەستیان کرد بە گەڕانەوە بۆ ناوچەکانی خۆیان و کەمپەکانیان جێهێشت (ژمارەی ئێزدییەکان لە کەمپەکاندا بۆ کەمتر لە نیوە دابەزی).
 بەپێی ڕاپۆرتە نێودەوڵەتییەکان، نزیکەی دوو لەسەر سێی ئێزدییەکان گەڕاونەتەوە و نزیکەی ١١٠ هەزار کەس لە کەمپەکاندا ماونەتەوە و چاوەڕێی باشتربوونی دۆخەکە و هاوکارین بۆ گەڕانەوە. لە بەرامبەردا، زۆربەی خێزانە کورد و عەرەبە موسڵمانەکان و مەسیحییەکان گەڕانەوەیان ڕەتکردەوە و مانەوەیان هەڵبژارد.

حسێن ئەسکەندەر، کە نووسەرێکە و چاودێری ململانێ و گۆڕانکارییە سیاسی و دیمۆگرافییەکان دەکات، پێیوایە کێشە ئەمنی، کۆمەڵایەتی و سیاسییەکان هێشتا ڕێگرن لە گەڕانەوەی هەموو ئاوارەکان، و ئەمەش ڕێگەی نەداوە شەنگال بگەڕێتەوە سەر شێوازە کۆنەکەی پێش ساڵی ٢٠١٤.

ئەو دەڵێت: "بەڵێ، هێشتا زیاتر لە سێیەکی ئێزدییەکان لە کەمپەکانی هەرێمی کوردستان دەژین و پێیان وایە دۆخەکە بۆ گەڕانەوە گونجاو نییە، بەڵام لە هەمان کاتدا زۆربەی کوردە موسڵمانەکانیش نەگەڕاونەتەوە. ئەمەی دووەمیان زۆر باسی لێوە ناکرێت، چونکە ئەوان لە سەرەتاوە چوونە ناو شار و گوندەکانی کوردستان و نەکەوتنە ناو کەمپەکانەوە".

ئەو نووسەرە ئاماژە بەوەش دەکات کە دوای ئازادکردنی شەنگال، هاوسەنگی گەڕانەوە لە نێوان پێکهاتەکاندا تێکچوو؛ بۆ نموونە ناوەندی شارەکە لە پێش ٢٠١٤ زۆرینەی موسڵمان بوو، بەڵام ئێستا بووەتە زۆرینەی ئێزدی، چونکە ڕێژەی گەڕانەوەی پێکهاتەکان وەک یەک نەبوو.

نەبوونی عەرەب و نەمانی مەسیحییەکان

بەپێی قسەی زۆرێک لە خەڵکی شەنگال کە چاوپێکەوتنیان لەگەڵدا کراوە، ئەم جیاوازییە گەورەیەی ئامارەکان بەهۆی چەندین هۆکارەوە دروست بووە کە چارەسەرکردنیان ئاسان نییە. دیارترینیان تۆمەتی عەشایەری بوو بەوەی هەندێک لایەن تێوەگلاون لە ڕفاندن و کوشتن، کە ئەمەش دووبەرەکییەکی کۆمەڵایەتیی قووڵی دروست کرد.
دوای ساڵی ٢٠١٥، چەندین عەشیرەتی عەرەب لەلایەن هەندێک لایەنی ئێزدییەوە تۆمەتبار کران بەوەی هاوکاری داع،شیان کردووە لە تاوان و جینۆسایدکردنیان.
هۆکارێکی تر ئەوە بوو کە لیژنەی کارای ئاشتبوونەوەی دادوەری و عەشایەری نەبوو، کە ڕێگەی نەدا زۆربەی خێزانە عەرەبە سووننەکانی ناو شاری شەنگال بگەڕێنەوە. بەپێی خەمڵاندنی ناوەندەکانی توێژینەوە و ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان، ئێستا ژمارەیەکی زۆر کەم لە عەرەبی سووننە لەوێ ماون، لەکاتێکدا پێش ساڵی ٢٠١٤ ژمارەیان زیاتر لە ١٦,٠٠٠ کەس بوو.

هۆکاری دیکەش هەن، وەک: وێرانبوونی گوند و ماڵەکان و دروستنەکردنەوەیان یان قەرەبوونەکردنەوەی خاوەنەکانیان، بەردەوامی ترسی ئەمنی، و خراپی دۆخی ئابووری. لەگەڵ ئەوەشدا کاتێک ئاوارەیی درێژە دەکێشێت، خەڵک لەو ناوچە نوێیانەدا جێگیر دەبن کە دەرفەتی ئابووریی باشتر پێشکەش دەکەن.

ئەم گۆڕانکارییە دیمۆگرافییە تەنها موسڵمانانی عەرەب و کوردی نەگرتەوە، بەڵکو مەسیحییەکانیشی گرتەوە کە ئێستا بوونیان لە شەنگال نزیک بووەتەوە لە سفر. دوای ئاوارەبوونی بەکۆمەڵیان لە ساڵی ٢٠١٤، ئاڵۆزی ئەمنی، ململانێی سیاسی و تێکدانی کەنیسە و ماڵەکانیان، ڕێگەی نەدا بگەڕێنەوە.

لەگەڵ درێژبوونەوەی ئاوارەیی، خێزانە مەسیحییەکان تێکەڵی کۆمەڵگە نوێیەکانیان بوون لە هەرێمی کوردستان یان کۆچیان کرد بۆ دەرەوەی عێراق تا لە ئارامی و دەرفەتی کاردا بژین. بەمەش گەڕانەوەیان بۆ شەنگالێک کە خزمەتگوزاری و کاری تێدا نییە بووە شتێکی مەحاڵ، و شەنگال یەکێک لە کۆنترین پێکهاتە مێژووییەکانی خۆی لەدەستدا.

پێوەری گەڕانەوە؛ "یاسایی و ئەمنییە"

عادل کەمالی نووسەر دەڵێت، دانیشتووانی ناوەندی شەنگال لە پێش ٢٠١٤دا جیاواز بوون لە ئێستا؛ پێشتر زۆرینە بۆ نا-ئێزدییەکان بوو، بەڵام ئێستا پێچەوانە بووەتەوە. ئەو ئەمە بۆ ئەوە دەگەڕێنێتەوە کە ئێزدییە گەڕاوەکان نیشتەجێبوونیان لە ناو شاری شەنگال هەڵبژارد، لەکاتێکدا پێشتر لە گوند و کۆمەڵگەکانی دەوروبەری شارەکە و چیاکەدا دەژیان. لە بەرامبەردا، زۆربەی کوردە موسڵمانەکان بڕیاریان دا نەگەڕێنەوە، جگە لە ڕێژەیەکی زۆر کەمی شیعییەکان.

یاسین عەزیز، کە توێژەرێکی سیاسییە، پێیوایە نەبوونی ئیرادەی سیاسی وا دەکات قەیرانی شەنگال بەردەوام بێت. ئەو دەڵێت هەموو پێکهاتەکان زیانیان لە تاوانەکانی داع،ش کردووە: "دەبوو دەوڵەت وەک کارەساتێکی نیشتمانی تەماشای ڕووداوەکانی بکردایە بۆ ئەوەی ناوچەکە ئاوەدان بکاتەوە، ئابوورییەکەی ببووژێنێتەوە و خەڵکەکەی بگەڕێنێتەوە بەدوور لە حیساباتی سیاسی".
ئەو ئاماژە بە هۆکارێکی سەرەکی دەکات بۆ نەگەڕانەوەی خێزانە عەرەبەکان، ئەویش ڕەتکردنەوەی بوونیانە لەلایەن هەندێک هۆزی ئێزدییەوە. عەزیز دەڵێت لایەنی سیاسی و ئەمنی هەن هێشتا ڕێگری لە جێبەجێکردنی ڕێککەوتننامەی شەنگال دەکەن (کە لە ٩ی ئۆکتۆبەری ٢٠٢٠ لە نێوان حکومەتی بەغدا و هەرێمی کوردستان ئیمزا کرا تا دۆخی شەنگال ئاسایی بکاتەوە و ئاوارەکان بگەڕێنەوە). ئەو جەخت دەکاتەوە کە جێبەجێکردنی ئەم ڕێککەوتنە هەنگاوێکی گرنگە بۆ دروستکردنی ئارامی و ڕەخساندنی دۆخی گونجاو بۆ گەڕانەوە.
 ڕێککەوتننامەی شەنگال سێ خاڵی سەرەکی لەخۆ دەگرێت: یەکخستنی ئیدارە بە دەستنیشانکردنی قائمقامێکی ڕێککەوتوولەسەر و دادپەروەری لە پۆستەکاندا، بەهێزکردنی ئاسایش بەسپاردنی ئاسایشی ناوخۆ بە پۆلیسی خۆجێیی و ئاسایشی نیشتمانی و دەرکردنی گرووپە چەکدارەکان، لەگەڵ پێکهێنانی لیژنەیەکی هاوبەش بۆ ئاوەدانکردنەوە و بەڕێوەبردنی شارەکە.

بەڵام زۆرێک لە چالاکوانان و لایەنە ئێزدییەکان ڕەخنە لە ڕێککەوتنەکە دەگرن و دەڵێن بەبێ ڕاوێژ بەوان کراوە، و ڕەچاوی واقیعی نوێی ناوچەکە و قۆناغی دوای جینۆسایدی نەکردووە.
عەزیز جەخت دەکاتەوە کە هەندێک خێزانی عەرەب دوای تەواوکردنی ڕەزامەندیی ئەمنیش، هەڕەشەی ڕاستەوخۆیان لێکراوە و لە بڕیاری گەڕانەوە پەشیمان بوونەتەوە، بەبێ ئەوەی باسی ناوەکەی ئەو لایەنانە بکات کە هەڕەشەیان کردووە.

ئەحمەد جەربا، کە ئەندامی پەرلەمانی عێراقە، پشتگیری لەم ڕایە دەکات و ڕەتیدەکاتەوە تاوانەکانی داع،ش بخرێتە ئۆباڵی هەموو خێزانە عەرەب و موسڵمانەکان، و دەڵێت: "ئێستا بە هەبوونی وردبینیی ئەمنیش، هەندێک خێزان ناتوانن بگەڕێنەوە بۆ گوندەکانیان".
زیادیشی دەکات: "زۆرێک لەو خێزانانە خۆشیان قوربانیی داع،ش بوون و کەسیان لەدەستداوە لە ساڵانی توندوتیژیدا". داواشی کرد مامەڵەکردن لەگەڵ گەڕانەوەدا بەپێی "یاسا و بەرپرسیاریەتیی تاکەکەسی بێت، نەک سزادانی کۆمەڵایەتی".

تێڕوانینی ئێزدییەکان لەم بابەتەدا، نایف شەموو (یەکێک لە ماقولانی عەشیرەتی حەمۆی ئێزدی لە شەنگال) کورتیدەکاتەوە بەوەی کە زۆربەی خەڵکی شەنگال دژی گەڕانەوەی خێزانە عەرەب و موسڵمانەکان نین، "بە مەرجێک دەستیان لە تاوانەکانی داعشدا نەبووبێت".
ئەو دەڵێت: "ئێمە دژی گەڕانەوەی هیچ کەسێک نین بۆ ماڵەکەی، بەتایبەتی موسڵمانانی سووننە کە پەیوەندییان بە داعشەوە نەبووە، دەستیان بە خوێنی ئێزدییەکان و کەسانی تر سوور نەبووە و بەشدارییان لە تاواندا نەکردووە".
بەم قسانە، ئەو ڕەتیدەکاتەوە هێزە ئێزدییەکان ڕێگری لە گەڕانەوەی ئەو خێزانانە بکەن کە بێتاوانییان  سەلمێنراوە. بەڵام ئەمە ئەوە ڕەتناکاتەوە کە توندڕەوی ئێزدی هەن (ئەگەرچیش کەمن) کە گەڕانەوەی عەرەبی موسڵمان بۆ لای ئێزدییەکان ڕەتدەکەنەوە، چونکە دەڵێن ڕەنگە ببێتە مەترسی و دووبارەبوونەوەی تاوان و خیانەتەکانی جاران وەبیردەهێننەوە.

نایف شەموو زیاتر دەڵێت کە پێوەری گەڕانەوە دەبێت یاسایی و ئەمنی بێت؛ واتە تەماشای تۆماری ئەمنیی کەسەکان بکرێت تا دڵنیا ببنەوە لەوەی پەیوەندییان بە تیرۆرەوە نەبووە. پاشان دەڵێت: "ئەگەر کەسێک پاک بێت، ئێمە ڕازیین بگەڕێتەوە و ئامادەین وەک جاران پێکەوە بژین".

جیاوازی لە ڕێژەی گەڕاوەکان

بەپێچەوانەی هەندێک ئاوارەی عەرەب کە ترسیان هەیە، جەعفەر محەمەد، کە کوردێکی شیعی دانیشتووی ناوەندی شەنگالە، جەخت دەکاتەوە کە لە ساڵی ٢٠١٨وە لەگەڵ خێزانەکەی گەڕاوەتەوە بۆ ماڵەکەی خۆی و ژیانی ئاسایی دەستپێکردووەتەوە.

ئەو دەڵێت خێزانەکەی لە ساڵی ٢٠١٤دا ئاوارەی سلێمانی بوون و دوای باشتربوونی ئاسایش گەڕاونەتەوە: "کوڕەکانم لە شەنگال کار دەکەن (بەشێکیان لە حەشدی شەعبین)، و کچەکەشم دوای زانکۆ لە ڕێکخراوەکاندا کار دەکات. دۆخی ئەمنی باشە و هیچ کێشەیەکمان لەگەڵ هیچ پێکهاتەیەکدا نییە".
جەعفەر پێیوایە هەموو پێکهاتەکان باجێکی گەورەیان داوە لە جەنگدا و دەبێت ڕابردوو تێپەڕێنن: "بەڵێ، برا ئێزدییەکانمان قوربانیی زیاتریان دا بەهۆی کوشتنی بەکۆمەڵ و ڕفاندنی ئافرەت و منداڵەکانیان بەپێی فەتوای تەکفیر. بەڵام هەموومان زوڵممان لێکرا، مالمان لەدەستدا و کەسمان کوژرا".

ئەو هیوادارە متمانە لە نێوان خەڵکدا بگەڕێتەوە تا ئاوارەکان بگەڕێنەوە. هەروەها دانی پێدا دەنێت کە شارەکە (کە لە ساڵی ٢٠١٧وە لەژێر دەسەڵاتی ئاسایشی بەغدا و حەشددایە) زۆر گۆڕاوە بەراورد بە پێش ساڵی ٢٠١٤.
ئەو ڕوونی دەکاتەوە: "لە ڕابردوودا لە ناو شاردا هەمووان یەکترییان دەناسی، بەڵام ئێستا ئاوێتەبوونی دانیشتووان جیاوازە، چونکە گەڕاوەکان لە گوند و شوێنی جیاوازەوە هاتوونەتە ناو ناوەندی شار. بۆیە لە یەک شەقامدا خەڵکی سنوونێ، تەعلەزێر، سیبا شێخ خدر و شوێنەکانی تر دەبینیت".

شەنگال.. دوو ئیدارە، ئاڵۆزی و نەبوونی خزمەتگوزاری

عەبدولقادر دەخیل، پارێزگاری نەینەوا، بە ناڕاستەوخۆ دان بە شکستی هەوڵەکانی ئاوەدانکردنەوەدا دەنێت و دەڵێت شەنگال هێشتا باجێکی قورس دەدات بەهۆی هێرشی داعشەوە، و پێویستی بە "ئاسایش و ئیدارەیەکی ڕاستەقینە هەیە تا متمانە بۆ خەڵک بگەڕێتەوە و ئاوارەکان هان بدات بگەڕێنەوە".
ناوەڕۆکی قسەکانی پارێزگار جەخت لە نەبوونی ئاسایش، ئیدارە و زامنگەرایی دەکاتەوە کە خەڵک و ئێزدییەکان پێویستیان پێیەتی بۆ گەڕانەوە بۆ ژیانی ئاسایی.
نەبوونی ئاسایش بەهۆی بوونی هێزی چەکداری جیاوازەوە ترس لە لای هەموو پێکهاتەکان (ئێزدی، کورد و عەرەب) دروست دەکات. لەلایەکی ترەوە، نەبوونی ئیدارەیەکی یەکگرتوو کێشەیەکی گەورەترە؛ چونکە دوو ئیدارە لە سەر زەوی هەن: یەکێکیان سەر بە هەرێمی کوردستانە و ئەویتریان سەر بە حکومەتی بەغدایە.

ئەنجومەنی پارێزگای نەینەوا و پارێزگارەکەی نەیانتوانیوە ئەم کێشەیە چارەسەر بکەن، کە بووەتە هۆی پەککەوتنی خزمەتگوزاری، پڕۆژەکان و تەنانەت مامەڵەی فەرمیی هاووڵاتیان کە زۆر جار پێویست دەکات سەردانی هەرێمی کوردستان بکەن چونکە بارەگای قائمقامی دەستنیشانکراو لەوێیە.

عەرەبەکان نەگەڕاونەتەوە بۆ شوێنی خۆیان

نوری دەحل، کە سەرۆکی عەشیرەتی متەیوتە لە شەنگال، دەڵێت شەنگال هێشتا ڕووبەڕووی کێشەی ئەمنی و سیاسیی گەورە دەبێتەوە کە ڕێگرن لە سەقامگیری و گەڕانەوەی ئاوارەکان.
دەحل ئاماژە بەوە دەکات کە زۆریی لایەنە چەکدارەکان و بڕیاردەرەکان ئاڵۆزییەکی دروست کردووە کە نەیهێشتووە حکومەتی بەغدا بتوانێت دەسەڵاتی خۆی بسەپێنێت و خەڵک و ماڵەکانیان بپارێزێت.
ئەو دەڵێت هەزاران خێزانی عەرەبی ئاوارە هێشتا ناتوانن بگەڕێنەوە بۆ گوندەکانیان لە شەنگال، با ساڵانێکی زۆریش بەسەر شکستپێهێنانی داعشدا تێپەڕیبێت. ئاماژە بەوەش دەکات کە زۆرێک لە ماڵی هاووڵاتیانی عەرەب لەلایەن گرووپە چەکدارەکانەوە دەستیان بەسەردا گیراوە و ڕەتیدەکەنەوە چۆڵیان بکن.
ئەو پێیوایە چارەسەرکردنی ئەم بوارانە پێویستی بە بڕیاری بەهێزی حکومەت هەیە تا یاسا بسەپێنێت، کۆتایی بە دیاردەی چەکداری بهێنێت، مافەکان بۆ خاوەنەکانیان بگەڕێنێتەوە، و پڕۆژەی ئاوەدانکردنەوە دەستپێبکات تا پێکەوەژیان دروست بێتەوە.

بەڵام بۆ کوردەکان، نەگەڕانەوە تەنها ترسی ئەمنی نییە، بەڵکو هۆکاری تری هەیە. خەلیل ئەحمەد (٥٣ ساڵ) کە ئاوارەیەکی کوردە و لە کاتی ئاوارەیییەوە لە زاخۆ لە بواری خانوو دروستکردندا کار دەکات، وای دەبینێت.

خەلیل دەڵێت شکستی ئاوەدانکردنەوە هۆکاری یەکەمە: "ناوچە کۆنەکەی شارەکە کە کوردە موسڵمانەکانی تێدا دەژیا بە تەواوی وێران بووە. قەرەبووی حکومەتیش دوای دە ساڵ نەگەیشتووە یان زۆر کەمە و تەنانەت بەشی دروستکردنی ژوورێک ناکات نەک ماڵێک. ئابووریش خراپە و کاری وەرزیش کەمە".

خەلیل هۆکارێکی دیکەش زیاد دەکات: منداڵەکانیان لەگەڵ خەڵکی زاخۆ و دهۆک ڕاهاتوون. "لە سەرەتاوە کوردەکان چوونه ناو شار و گوندەکانی کوردستانەوە، بەهۆی نزیکی لە زمان، کلتور و ئاییندا، خێرا تێکەڵی ژینگە نوێکە بوون".
لەگەڵ ئەوەشدا، خەلیل ناتوانێت غەریبی بۆ زێدی خۆی بشارێتەوە و نەگەڕانەوەشی بە مانای وازهێنان لە شارەکەی دانانیێت. ئەو دەڵێت تەنانەت کاتێک لە قەیرانی دارایشدا بووە، ڕەتیکردووەتەوە ماڵ و زەوییەکەی لە شەنگال بفرۆشێت. ئەمەش ئاماژەیە بۆ ئەوەی هێشتا هیوای گەڕانەوەی هەیە یان دەیەوێت بەڵگەی بوونیان بپارێزێت.

"هێڤی"، کچە گەورەکەی خەلیل، لە قوتابخانەکانی زاخۆ خوێندوویەتی و دوو ساڵ پێشتر چووەتە زانکۆی دهۆک. ئەو لەگەڵ خوێندنەکەیدا لە دوکانێکدا کار دەکات. هێڤی دەڵێت ژیانیان تەواو گۆڕاوە و زەحمەت دەبێت بۆیان دووبارە بگەڕێنەوە بۆ ئەو ژینگەیەی جێیان هێشتووە.

دواتر دەربارەی گۆڕانی دیمۆگرافی لە شەنگال دەڵێت: "نازانم.. ئەوە شتێکی زۆر ناخۆشە.. لەدەستدانی شار، ژیان و زەویی خۆت زۆر قورسە، بەڵام ناکرێت کات ١٢ ساڵ بگەڕێندرێتەوە دواوە بۆ ئەوەی هەڵەکان ڕاست بگرێنەوە".

ئومێدێک لە گەڕانەوەدا

سەلاح (٤٢ ساڵ)، کوردێکی عەشیرەتی بباواتە لە شەنگال کە لەگەڵ خێزانەکەیدا ئاوارەی دهۆک بووە، دەڵێت: "ئێمە بووینە بەشێک لەم شوێنە". سەلاح شەش منداڵی هەیە، بچووکترینیان ناوی ئازادە (١١ ساڵ) کە یەک ساڵ دوای ئاوارەیی لە دهۆک لەدایکبووە.

ئەو دەڵێت: "جگە لە من و دایکی و برا گەورەکانی، ئازاد هیچ شوێنێک جگە لە دهۆک نازانێت. تەنانەت شێوەزاری قسەکردنی ڕێک وەک خەڵکی دهۆکە نەک شەنگال".
ئەو ئاماژە بەوەش دەکات کە ئەمەی لای ئەوان ڕوویداوە، لای هەموو کەسوکاریان بەو جۆرەیە: "ژمارەیەکی زۆر کەم لە عەشیرەتەکەمان گەڕاونەتەوە شەنگال. زۆربەی ئامۆزا و کەسەکانم هێشتا لێرەن. جێگیر بووین چونکە کار و بژێویمان کەوتووەتە ئێرە".
سەلاح جەخت دەکاتەوە کە گەڕانەوەیان بۆ شەنگال زۆر قورس بووە: "لە ساڵانی ئاوارەییدا، من و ئامۆزاکانم خانوو یان شققەمان لێرە کڕی یان دروستکرد تا لە یەکتری نزیک بێت و کۆمەڵەی بچووک دروست بکەین".
ئاوارەیی ژیانی سەلاح و زۆرێک لە خەڵکی شەنگالی گۆڕی کە جێگیربوونیان لە ناوچە نوێیەکاندا هەڵبژارد. وەک خۆی دەڵێت، ئەم گۆڕانکارییە تەنها لە ناوی شوێنەکەدا نەبوو، بەڵکو گەیشتە "زمان، یادگە، هەستی ئینتما و نەریتەکانیش".
 ئەو بەردەوام دەبێت: "هەموو ئەوەی منداڵەکانمان دەربارەی شەنگال دەیزانن، ئەوەیە کە ئێمە بۆیان دەگێڕینەوە. دەنا ئەوان بە تەواوی تێکەڵی کۆمەڵگەی دهۆک و زاخۆ بوون؛ بە شێوەزاری ئەوان قسە دەکەن، ڕەفتاری ئەوان دەکەن، لە بازاڕەکانیاندا کار دەکەن و تەواوی شارەکە دەناسن".
سەلاح کەمێک بیر دەکاتەوە و بە دەنگێکی لەرزیوەوە دەڵێت: "بۆ من بابەتەکە جیاوازە. یادگارییەکی زۆرم لە شەنگالدا هەیە و حەز دەکەم جارێکی تر تەماشای بکەمەوە تا بزانم ئایا شێوەی لەو شارە دەچێت کە تێیدا گەورە بووم، یان جیاوازە لەوەی لە مێشکمدا هەیە!".
لە کۆتاییدا سەلاح لەکاتێکدا تەماشای دوور دەکات دەڵێت: "بەداخەوە، دوای ١٢ ساڵ لە ئاوارەیی، گۆڕانی دیمۆگرافی بووەتە واقیعێک کە چارەسەر ناکرێت، بەتایبەت لەگەڵ چاوەڕوانیی خەیاڵیی هاوکاریی حکومەت کە هەرگیز نایەت".

تۆڕی عێراقی بۆ رۆژنامەوانی بنکۆڵکاریی


دواین پێشهات

زۆرترین خوێنراو