سرايا أولياء الدم: ئێمە هێرشمان بۆ سەر هەولێر و کوەیت ئەنجام نەداوە
٢ ئاب ٢٠٢٦ - ٧:٠٩ پاش نیوەڕۆ
پەنجەرە
سەرپەرشتیاری سەربازیی "سرايا أولياء الدم" تێوەگلانی گروپەکەی لە هێرشەکانی سەر هەولێر و کوێت ڕەتدەکاتەوە.
ئەمڕۆ شەممە، ئەبو مەهدی جەعفەری، وتەبێژی سەربازیی گرووپی "سرايا أولياء الدم"ی سەر بە میلیشیا شیعەکان، ئەو هەواڵانەی ڕەتکردەوە کە باس لە تێوەگلانی گروپەکەی دەکەن لە ئەنجامدانی هێرش بۆ سەر هەولێر یان دەوڵەتی کوێت لە ڕۆژانی ڕابردوودا، کە هاوکاتە لەگەڵ هەڵکشانی گرژییە ئەمنییەکانی ناوچەکە.
لە ڕاگەیەندراوێکدا، جەعفەری ڕایگەیاند: "هێزەکانمان لە ڕۆژانی ڕابردوودا هیچ کردەوەیەکی سەربازییان دژ بە هەولێر یان کوێت یان هەر شوێنێکی تر ئەنجام نەداوە، ئەوەی هەندێک دەزگای ڕاگەیاندن لەم بارەیەوە بڵاوی دەکەنەوە دوورە لە ڕاستییەوە و پشت بە هیچ بەڵگەیەک نابەستێت".
ناوبراو ئاماژەی بەوەشکرد: "بڵاوکردنەوەی ئەم جۆرە پڕوپاگەندانە خزمەت بە ئەجێندایەک دەکات کە ئامانجی تێکەڵکردنی کارتەکان و دروستکردنی پشێوییە"، جەختیشی کردەوە: "ئێمە فەسيلێکی سەر بە هیچ لایەن و ناونیشانێکی تر نین، ڕووکار نین بۆ هیچ لایەنێک، تەنها پابەندین بەوەی کە ڕاسپاردەی شەرعی و نیشتمانی و مرۆیی پێمان دەسپێرێت".
وتەبێژی سەربازی، ڕاپۆرت و لێکۆڵینەوە بڵاوکراوەکانی دوایی وەک "تەنها دەرئەنجامگیرییەک کە فۆکەس، وردبینی و بابەتیبوونی کەمە و ڕەنگدانەوەی کورتهێنانی تێگەیشتن لەو واقیعەیە کە بانگەشەی شیکردنەوەی دەکەن" وەسف کرد.
ئەم هەڵوێستەی ناوبراو وەک وەڵامێکە بۆ ئەوەی کە کەناڵی "الحدث" لە سەرچاوەیەکەوە بڵاوی کردبۆوە، کە فەسيلێکی عێراقی بە ناوی "أولياء الدم" بەرپرسیارێتیی خۆی لە ئەنجامدانی هێرشەکان بۆ سەر ئوردن، کوێت و سعودیە ڕاگەیاندووە بە ناونیشانی بەئامانجگرتنی بنکە ئەمریکییەکان.