هاوپەیمانیی ڕۆژهەڵات: ئێران لە هێرشەکانیدا فۆسفۆری سپی بەکارهێناوە
٢ ئاب ٢٠٢٦ - ٧:١١ پاش نیوەڕۆ
پەنجەرە
هاوپەیمانیی هێزە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە ڕاگەیەندراوێکدا ڕایگەیاند، شکستی دانوستانەکانی نێوان تاران و واشنتۆن ئاماژەیە بۆ بنبەستێکی سیاسی کە ڕژێمی ئێران تێیکەوتووە، ئەوەش بەهۆی لەدەستدانی متمانەی جەماوەریی، قەیرانی قووڵی ئابووریی و نەتوانینی چارەسەرکردنی کێشەکان لە ڕێگەی دیپلۆماسییەوە.
هاوپەیمانییەکە، کە شەش حزبی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لەخۆدەگرێت، ئاماژەی بەوە کردووە کە کۆماری ئیسلامی بۆ شاردنەوەی شکستە ناوخۆییەکانی، هێرشە ئاسمانی و زەمینییەکان و کردەوەی تیرۆرستی لە دژی حزبە کوردییەکان زیاد کردووە.
بەپێی ڕاگەیەندراوەکە، کە لەلایەن هەژماری فەرمیی حزبی دیموکراتی کوردستانی ئێرانەوە بڵاوکراوەتەوە، ئەم هێرشانەی کۆماری ئیسلامی وەک "تاوانی جەنگ" و "تاوان دژ بە مرۆڤایەتی" وەسف کراون. هەروەها ئاماژە بەوە کراوە کە بەپێی برینی هەندێک لە پێشمەرگەکان، ئەگەرێکی بەهێز هەیە لە یەکێک لە هێرشەکاندا چەکی قەدەغەکراوی فۆسفۆری سپی بەکارهێنرا بێت.
لە کۆتاییدا هاوپەیمانییەکە جەختی لەسەر گرنگیی یەکێتی و هەڵوێستی هاوبەشی کورد کردووەتەوە و ڕایگەیاندووە کە کێشەی کورد تەنیا لە ڕێگەی چارەسەری سیاسییەوە یەکلا دەبێتەوە، نه بە ڕێکاری سەربازیی.