پەردە لەسەر نهێنیی بانزینە هەرزانەکەی بازاڕ لادەدرێت؛ سووتەمەنییەکە چی تێدایە؟

٢ ئاب ٢٠٢٦ - ٧:١٢ پاش نیوەڕۆ

پەردە لەسەر نهێنیی بانزینە هەرزانەکەی بازاڕ لادەدرێت؛ سووتەمەنییەکە چی تێدایە؟

پەنجەرە

سەرچاوەیەک لە حکومەتی هەرێمی کوردستان بە پەنجەرەی ڕاگەیاند، ئەو بانزینەی ئێستا لەبازاڕدا بە نرخێکی هەرزانتر بە شۆفێران دەفرۆشرێت، بەرهەمی تێکەڵکردنی سێ جۆری جیاوازی سووتەمەنییە.

بەپێی وتەی سەرچاوەکە، ئەم سووتەمەنییە تێکەڵەیەکە لە بانزینی هاوردەکراو لە کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە، لەگەڵ ئەو بانزینەی بە جلیکان دەهێنرێت و ئەو بانزینەی لە ناوچەکانی خوارووی عێراقەوە بەقاچاخ دەگاتە هەرێم.

سەرچاوەکە ڕوونیشیکردەوە کە تێکەڵکردنی ئەم جۆرانە دەبێتە هۆی کەمکردنەوەی تێچووەکەی لەسەر فرۆشیار، تاوەکو بتوانرێت بە نرخێکی گونجاوتر بفرۆشرێت.

لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، ئەو سەرچاوەیە ئاماژەی بە هەوڵەکانی دەزگا ئەمنییەکان کرد بۆ ڕێگری لە سووتەمەنیی خراپ و وتی: لە هەندێک ناوچە دەزگا ئەمنییەکان دەستیان بەسەر هەزاران لیتر بانزینی خراپدا گرتووە کە ئامادەکرابوون بۆ تێکەڵکردن؛ لەوانەش تەنها لە ناو باخێکدا دەست بەسەر ٣٠ هەزار لیتر بانزینی نەشیاودا گیراوە.»

دەربارەی هۆکاری پەنابردنی بازرگانی سوتەمەنی بۆ ئەم گیراوەیە، سەرچاوەکە جەختی لەوە کردەوە کە نرخی ماددەی MTBE (کە بۆ بەرزکردنەوەی ئۆکتانی نەفتا و دروستکردنی بانزین بەکاردێت) بە شێوەیەکی بەرچاو زیادی کردووە؛ بە جۆرێک پێشتر تۆنێکی بە ٥٠٠ دۆلار بووە، بەڵام ئێستا گەیشتووەتە ١,٥٠٠ دۆلار.

وتیشی: ئەو بانزینەی حکومەت بەهەرزانتر دەیدات بە شۆفێر بەرهەمی لاناز و کارە و جیاوازە لەوەی لەبازاڕ دەفرۆشرێت.


دواین پێشهات

زۆرترین خوێنراو