تاران داوای ١١ ملیار دۆلار لە بەغدا دەکات و داواکارییەکی زەیدی لەسەر نەوت ڕەتدەکاتەوە

٢ ئاب ٢٠٢٦ - ٧:١٣ پاش نیوەڕۆ

تاران داوای ١١ ملیار دۆلار لە بەغدا دەکات و داواکارییەکی زەیدی لەسەر نەوت ڕەتدەکاتەوە

پەنجەرە

دوو سەرچاوەی عێراقی بۆ "الحرة" ئاشکرایانکردووە، لە کاتی سەردانەکەیدا بۆ تاران، ئێران داوای لە عەلی زەیدی، سەرۆک وەزیرانی عێراق کردووە 11 ملیار دۆلار قەرزی کەڵەکەبووی بەرامبەر هاوردەکردنی گازی ئێرانی لە ماوەی چەند ساڵی ڕابردوودا بداتەوە.

بەپێی وتەی دوو سەرچاوەکە، کە یەکێکیان لە زەیدییەوە نزیکە و ئەوی دیکەیان دیپلۆماتکارێکی عێراقییە، سەرۆکی حکومەتی عێراق وەڵامی داوەتەوە بەوەی کە لە ئێستادا ئەو بڕە پارە بەردەست نییە، لە بەرامبەردا پێشنیاریکردووە ملیارێک دۆلار بە عەرەبستانی سعودیە بدات لە حساباتی شایستە داراییەکانی حاجیانی ئێرانی، بەڵام تاران ئەو پێشنیارەی ڕەتکردووەتەوە و جەختی کردووەتەوە کە دەبێت شایستە داراییەکان ڕاستەوخۆ بە خۆی بدرێت.

ئەم زانیارییانە وێنەیەکی ئاڵۆزتر بۆ بەڕێوەچوونی دانوستانەکانی زەیدی لە تاران نیشان دەدەن بەبەراورد بەوەی لە بەیاننامە فەرمییەکاندا هاتبوو. ئاماژە بەوەش دەکەن کە بەغدا لە سەردانەکەدا بەبێ بەدیهێنانی گرنگترین ئەو ئامانجانەی هەوڵی بۆ دەدان هاتووەتە دەرەوە، بەتایبەتی لە دوو دۆسیەی قەرزە شایستەکان و تێپەڕبوونی کەشتییە نەوت هەڵگرەکانی عێراق بە گەرووی هورمزدا.

عێراق بەدەست ئاڵۆزییەکی زۆرەوە دەناڵێنێت لە دانەوەی قەرزەکانی بە ئێران بە شێوەی نەقد و بە دراوی ئەمریکی (دۆلار)، ئەوەش بەهۆی سیستەمی سزاکانی ئەمریکا کە بەسەر تاراندا سەپێنراون و ڕێکارە بانکییە پەیوەندیدارەکان بەوانەوە.
رێژەی قەرزەکە، بەپێی وتەی دوو سەرچاوەکە، لەگەڵ ئەوەدا دەگونجێت کە لە تۆماری گشتیدا بەڵگەدار کراوە؛ پێشتریش قەرزەکانی عێراق بۆ ئێران لە بەرامبەر گازدا بە نزیکەی 11 ملیار دۆلار خەمڵێنرابوو، کە بەهۆی ئەستەمبوونی حەواڵەکردنی لە سایەی سزاکاندا بلۆک کرابوون.

لە لایەکی ترەوە، میکانیزمی بەکارهێنانی سەرمایە بلۆکراوەکانی عێراق بۆ دانی خەرجییەکانی وەک شایستەی حاجیان شتێکی نوێ نییە، و لە ڕێککەوتنەکانی پێشتریشدا بەکار هێنراوە کە تێیاندا پاره ڕاگیراوەکانی ئێران لە بەغدا بۆ مەبەستی مرۆیی یان بازرگانی دیاریکراو ئازاد کرابوون، تاوەکو خۆ لە پێکدادانی ڕاستەوخۆ لەگەڵ سزاکاندا بپارێزن.
عێراق ساڵانێکە بۆ بەگەڕخستنی بەشێک لە وێستگەکانی پشتی بە گاز و کۆرنت (کارهەبا)ی ئێرانی بەستووە، لە کاتێکدا واشنتۆن گوشاری بەردەوام دەکات بۆ ئەوەی بەغدا بەرەو کەمکردنەوەی ئەم پشتبەستنە پاڵ پێوە بنێت.

سەبارەت بە دۆسیەی دووەم، کە بۆ بەغدا بەپەلەتر بوو، بریتیبوو لە داواکارییەکەی زەیدی بۆ پێدانی (استثناء) کە ڕێگە بە تێپەڕبوونی کەشتییە نەوت هەڵگرەکانی نەوتی خاوی عێراق بدات بە گەرووی هورمزدا، لە ناوەڕاستی ئەو ئاڵۆزییانەی بەرۆکی جوڵەی کەشتیوانییان لەم گەرووە ستراتیژییەدا گرتووە کە ڕێژەیەکی گرنگی هەناردەی نەوتی ناوچەکەی پێدا تێپەڕ دەبێت.

بەپێی وتەی ئەو سەرچاوەیەی لە زەیدییەوە نزیکە، مەسعود پزیشکیان سەرۆک کۆماری ئێران میوانەکەی ئاگادار کردووەتەوە کە ڕاسپاردەیەک هەیە تایبەت بە عێراق و پێویستی بەدەرهێنانی لە هەر ڕێکارێک. زەیدی هەوڵی داوە ئەم بەدەرهێنانە بە فەرمی جێگیر بکات لەڕێگەی داواکاری بۆ گواستنەوەی لە بەیاننامەی هاوبەشی سەردانەکەدا، بەڵام لایەنی ئێرانی ئەم داوایەی ڕەتکردووەتەوە.

ڕۆژی شەممە، بەها ئەلئەعرەجی، سەرۆکی کوتلەی ئاوەدانکردنەوە و گەشەپێدان لە پەرلەمان لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، عێراق هیچ هەڵوێستێکی ئەرێنی لە ئێرانەوە هەست پێنەکردووە سەبارەت بە هەناردەکردنی نەوتەکەی، کە سەرچاوەی سەرەکیی وڵاتەکەیە. ئاماژەی بەوەش کرد کە زیانەکانی عێراق لەم دۆسیەیەدا 120 ملیار دۆلاری تێپەڕاندووە، کە 48 ملیار دۆلاری لە سەرەتای دەستپێکردنی جەنگ لە دژی ئێرانەوە بووە.

مەزهەر محەمەد ساڵح، ڕاوێژکاری دارایی سەرۆکی حکومەتی عێراق ڕایگەیاند کە عێراق لە نێوان 40 بۆ 45 ملیار دۆلاری ئەمریکی زیانی بەرکەوتووە لە دوای هەڵگیرسانی جەنگ لە ناوچەکە لە کۆتایی شوباتی ڕابردووەوە.

داواکارییەکەی عێراق سەبارەت بە هورمز گرنگییەکی تایبەتی هەیە، چونکە بەغدا بۆ دابینکردنی زیاتر لە 90٪ی داهاتەکانی پشتی بە هەناردەی نەوت بەستووە، و بەشە هەرە گەورەکەشی لە ڕێگەی ئەو گەرووەوە تێپەڕ دەبێت. بەر لە جەنگ عێراق مانگانە نزیکەی 90 ملیۆن بەرمیل نەوتی لە ڕێگەی هورمزەوە هەناردە دەکرد، بەڵام ئەم ژمارەیە لە نیسانی ڕابردوودا بۆ نزیکەی 10 ملیۆن بەرمیل دابەزی.

بەپێی وتەی دوو سەرچاوەکە، دۆسیەی گرووپە چەکدارەکان پانتاییەکی بەرفراوانی لە کۆبوونەوە ڕاگەیەندراوەکاندا نەبووە، و ئەگەری هەیە لە کۆبوونەوەیەکی جیاوازدا باسکرا بێت کە زەیدی لەگەڵ محەمەد باقر قاليباف سەرۆکی ئەنجومەنی شۆرای ئێرانی ئەنجامی داوە، کە کۆبوونەوەیەک بوو هیچ زانیارییەک لەسەر ناوەڕۆکەکەی بەردەست نییە.


دواین پێشهات

زۆرترین خوێنراو