پارە لەبەرامبەر ئازادیدا؛ ڕێککەوتنی ژێر بەژێر لەگەڵ گەندەڵکارانی عێراق

٢ ئاب ٢٠٢٦ - ٧:١٦ پاش نیوەڕۆ

پارە لەبەرامبەر ئازادیدا؛ ڕێککەوتنی ژێر بەژێر لەگەڵ گەندەڵکارانی عێراق

پەنجەرە

لەگەڵ دەستپێکردنی هەنگاوەکانی حکومەتی عێراق بۆ ڕێککەوتنی "سیاسی و دارایی" لەگەڵ بەشێک لە گەندەڵکارانی ڕیزی دووەمی حزبەکان بە مەبەستی گەڕاندنەوەی بەشێک لە پارە دزراوەکان، کە بە دەیان ملیار دۆلار دەخەمڵێندرێن، شەپۆلێک لە ناڕەزایەتی سەریهەڵداوە.

لە کاردانەوەی ئەم هەنگاوانەدا، دەسیپێشخەری "عێراقییەکان"، کە دەیان کەسایەتی سیاسی، ئەکادیمی و چالاکوانی مەدەنی لەخۆدەگرێت، بەیاننامەیەکی توندی بڵاوکردەوە. دەستپێشخەرییەکە هۆشداری لە ڕێککەوتنی ژێر بەژێر دەدات و بنەمای لێخۆشبوون لە تۆمەتباران لەبەرامبەر گەڕاندنەوەی بەشێک لە پارە دزراوەکان بەیەکجاری ڕەتدەکاتەوە.

ئەم پێشهاتانە دوای ئەوە دێن کە دەستگیرکردنی ژمارەیەک ئەندامی پەرلەمان و بەرپرسی باڵا و دۆزینەوەی بڕێکی زۆر لە پارەی کەڵەکەکراو لە ناو ماڵان و ژێر زەویدا، ڕاستیی گومانەکانی هاووڵاتییانی سەلماند و دەریخست کە بایکۆتکردنی هەڵبژاردنەکان لەلایەن خەڵکەوە هۆشیارییەکی پێشوەختە بووە لە ئاست قووڵیی گەندەڵییەکاندا.

دەستپێشخەری "عێراقییەکان" جەخت دەکاتەوە کە گەندەڵی لە ڕەفتارێکی تاکەکەسییەوە گۆڕدراوە بۆ سیستەمێکی گشتگیر کە بە هەژموونی سیاسی و پشکپشکێنەی حزبییەوە بەستراوەتەوە و وڵاتی گەیاندووەتە لێواری داڕمانی ئابووریی.

داواکاری و هۆشدارییە سەرەکییەکانی "عێراقییەکان":
 
ڕەتکردنەوەی نمایش: دەستنیشانکردنی چەند دۆسیەیەکی دیاریکراوی وەک "نور زوهێر" یان "الجمیلی" بەس نییە؛ بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی دەبێت کارێکی ڕۆژانە و بەردەوام بێت، نەک بۆ پەردەپۆشکردنی کەسانی ڕۆڵگێڕی گەورەتر بێت.
 
پەیڕەوکردنی بنەمای "ئەمەت لەکوێ بوو؟": جێبەجێکردنی ئەم بنەمایە بەبێ جیاوازی بەسەر هەموو بەرپرساندا، لەگەڵ پەسەندکردنی یاسای مافی دەستگەیشتن بە زانیاری و دیجیتاڵکردنی دامەزراوەکانی دەوڵەت.

 ڕەتکردنەوەی لێخۆشبوون لەبەرامبەر پارەدا: داوا لە ئەنجومەنی  دادوەری دەکرێت ئەنجامی لێکۆڵینەوەکان بە ڕوونی ئاشکرا بکات و ڕێککەوتن لەسەر داماڵینی تۆمەت لە بەرامبەر گەڕاندنەوەی پارە ڕەت بکاتەوە.

 مەترسیی تەسفیەی حسابات: هۆشداری دەدرێت لەوەی کە دۆسیەکانی گەندەڵی بەکاربهێنرێن بۆ لێدانی نەیارە سیاسییەکان و یەکلاییکردنەوەی بەرژەوەندییە حزبییەکان.

لە کۆتاییدا، دەستپێشخەری "عێراقییەکان" ئاماژە بەوە دەکات کە جەنگی ڕاستەقینەی عێراق لەگەڵ تەواوی سیستەمی گەندەڵییە، نەک لەگەڵ چەند کەسێک یان ناوێکی کاتی. گەڕانەوەی سەروەری بۆ هاووڵاتییان تەنها بە هەڵوەشاندنەوەی ئەم سیستەمە و چەسپاندنی دەوڵەتی یاسا و دادپەروەری کۆمەڵایەتی دێتە دی.


دواین پێشهات

زۆرترین خوێنراو