لێدان یان دابەزینی کۆماندۆ؟ بژاردە مەترسیدارەکانی ترەمپ بۆ لەناوبردنی ئەتۆمی ئێران

٢ ئاب ٢٠٢٦ - ٧:١٧ پاش نیوەڕۆ

لێدان یان دابەزینی کۆماندۆ؟ بژاردە مەترسیدارەکانی ترەمپ بۆ لەناوبردنی ئەتۆمی ئێران

پەنجەرە

ڕۆژنامەی «نیویۆرک پۆست»ی ئەمریکی لە زاری سەرچاوە سەربازییەکانەوە ئاشکرایکردووە، واشنتۆن خەریکی پێداچوونەوە و پلاندانانە بۆ ئۆپەراسیۆنێکی سەربازیی زۆر ئاڵۆز، بە مەبەستی دەستبەسەرداگرتنی کۆگاکانی یۆرانیۆمی پیتێنراوی ئێران لەناو بنکە ئەتۆمییە قایمکراوەکانیدا.

بەپێی ڕاپۆرتەکە، ئۆپەراسیۆنەکە ڕەنگە هێرشکردنە سەر بنکە ئەتۆمییەکانی ئەسفەهان، فۆردۆ و «کێوی تەمەرپاس» لە نزیک نەتەنز بگرێتەوە.

پلانی ئۆپراسیۆنەکە چۆن دەبێت؟

شارەزایانی سەربازی ئاماژە بەوە دەکەن، ئەم بەشداریکردنە ڕەنگە بە یەکێک لە ئاڵۆزترین ئۆپراسیۆنە سەربازییەکانی مێژوو ئەژمار بکرێت، کە بەم شێوەیە دەبێت:
 * هێزێکی زەمینی گەورە: هەزاران سەرباز دەست بەسەر دەوروبەری بنکەکاندا دەگرن بۆ دوورخستنەوەی هێزەکانی ئێران و ڕێگری لە هەر هێرشێک.
 * تیمی ئەندازیاری: ڕێگاکان و دەروازە ڕووخاوەکانی بنکەکان پاک دەکەنەوە.
 * کۆماندۆ و هێزی تایبەت: پاش پاراستنی ناوچەکە، گرووپێکی تایبەت دەچنە ناو قووڵایی بنکەکان بۆ دەستبەسەرداگرتنی یۆرانیۆمەکە.
 * گواستنەوە: دروستکردنی ڕێڕەوێکی ئاسمانی و زەمینی کۆنترۆڵکراو بۆ گواستنەوەی ماددە ئەتۆمییەکان بۆ دەرەوەی ناوچەکە.

ئامادەکارییەکانی ئێران و قووڵایی بنکەکان

لە بەرامبەردا، ئێران بەرگرییەکانی لە دەوروبەری بنکەی ئەسفەهان بەهێزتر کردووە، لەناو تۆنێلەکاندا مینی چاندووە و هێزی زیاتری بڵاوکردۆتەوە، ئەمەش وایکردووە ئۆپراسیۆنەکە قورس بێت.

یەکێک لە ئاڵۆزترین بنکەکان کە بە «کێوی کۆلنگ»ناسراوە و کەوتووەتە ژێر قووڵایی ٨٠ تا ١٠٠ مەتر لەژێر زەوی، هێندە قووڵە کە تەنانەت بەهێزترین بۆمبە دژە-سەنگەرەکانی ئەمریکاش (کە تا ٦٠ مەتر دەچنە ژێر زەوی) ناتوانن بە تەواوی وێرانی بکەن.

پاشخان و بژاردەکانی تر

ئەم ئامادەکارییانە لە کاتێکدان کە ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆم خەمڵاندوویەتی کۆگاکانی یۆرانیۆمی ئێران ٢٠ هەزار پاوەندی تێپەڕاندووە. ڕاپۆرتەکان ئاماژە بەوەش دەکەن ئێران لە مانگی ڕابردوودا سەدان سەنتەرفیوجی نوێی بۆ ناو ئەو بنکە ژێرزەمینییانە گواستۆتەوە.
دۆناڵد ترەمپ پێشتر هەڕەشەی بۆردوومانکردنی چڕی ئەو بنکانەی کردبوو. لە ئێستاشدا بەرپرسانی ئەمریکا لە نێوان دوو بژاردەدان: ئایا چوونی هێزەکان بۆ هێنانەدەرەوەی یۆرانیۆمەکە مەترسیدارترە، یاخود بۆردوومانکردن و وێرانکردنی بنکەکان لە دوورەوە؟


دواین پێشهات

زۆرترین خوێنراو