رۆژنامەیەکی ئیسرائیلی: کاتی ئەوە هاتووە ئیسرائیل ڕاستەوخۆ و ئاشکرا پشتگیری لە کورد بکات

٢ ئاب ٢٠٢٦ - ٧:٢٣ پاش نیوەڕۆ

رۆژنامەیەکی ئیسرائیلی: کاتی ئەوە هاتووە ئیسرائیل ڕاستەوخۆ و ئاشکرا پشتگیری لە کورد بکات

پەنجەرە

راپۆرتێک لە رۆژنامەی ئۆرشەلیم پۆستی ئیسرائیلیدا بڵاوکراوەتەوە، کە نووسەری راپۆرتەکە ڕۆژنامەنووسێکی کوردی-سویدییە و بڕوای وایە، کاتی ئەوە هاتووە ئیسرائیل ڕاستەوخۆ و ئاشکرا پشتگیری لە کورد بکات.

بەپێی وتەی نووسەرەکە، بۆ چەندین دەیەیە ئێران و تورکیا پارە و چەک دەدەنە گرووپە توندڕەوەکانی ناوچەکە تا لە دژی ئیسرائیل بەکاریان بهێنن، بۆیە باشترین وەڵام بۆ ئیسرائیل ئەوەیە هاوپەیمانی لەگەڵ کورد بباتە پێشەوە کە لەگەڵیدا هاوئامانجە و هەمان دوژمنی هاوبەشیان هەیە.

لە راپۆرتەکەدا، حسێن یەزدانپەنا سەرۆکی پارتی ئازادیی کوردستان - پاک)، جەخت لەوە دەکاتەوە کە ئاسایشی ئیسرائیل و کورد پێکەوە بەستراوەتەوە. 
یەزدانپەنا پێیوایە هاوکاریی سەربازیی ئیسرائیل بۆ کورد، نەک هەر لە بەرژەوەندیی گەلی کوردە، بەڵکو دەبێتە کارتێکی بەهێز بۆ ئیسرائیل تا کۆنتڕۆڵ و هەژموونی کۆماری ئیسلامیی ئێران لاواز بکات.

نووسەری راپۆرتەکە ئاماژە بەوە دەکات کە کورد و ئیسرائیل مێژوویەکی درێژی هاوکاریی نادیاریان لە شەستەکانی سەدەی ڕابردووەوە هەبووە و هەردوولایان لەلایەن ناوچەکەوە ڕووبەڕووی دژایەتیی هاوشێوە بوونەتەوە. سەرباری ئەوەی لە ڕیفراندۆمی ٢٠١٧دا ٩٣٪ی کوردی باشوور دەنگیان بە سەربەخۆیی دا و تەنیا ئیسرائیل پشتیوانی کرد، بەڵام تا ئێستاش وڵاتانی داگیرکەری کوردستان تۆمەتی "ئیسرائیلی دووەم" دەدەنە پاڵ کورد تا ڕەوایەتی لە خەباتەکەی بسەننەوە.

لە بەشێکی تری بابەتەکەدا باسی هەڵوێستەکانی تورکیا و سەرۆکەکەی (ئەردۆغان) کراوە کە دوای ڕووداوەکانی ٧ی ئۆکتۆبەر ڕاستەوخۆ پشتگیرییان لە حەم،ا،س کردووە و داوای تێکشکاندنی ئیسرائیل دەکەن. 
بەپێی نووسینەکە، نزیکەی ٢٠ ملیۆن کورد لە باکووری کوردستان و تورکیا دەژین کە دەکاتە چوارەیەکی دانیشتووانی ئەو وڵاتە، و ئەمەش هێزێکی گەورەیە.
لە کۆتاییدا نووسەر دەڵێت: پاڵپشتیی مەعنەویی ئیسرائیل بە تەنیایی بەس نییە و دەبێت ئیسرائیل بەکردار چەک و هاوکاری سەربازی بداتە بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی کورد. تەنیا ڕێگر لەم بڕیارەدا، سیاسەتەکانی ئەمریکایە کە تا ئێستاش جەخت لەسەر پاراستنی یەکێتیی خاکی ئەو وڵاتانە دەکاتەوە کە کوردستانیان دابەش کردووە، بەبێ ئەوەی گوێ بە ویستی گەلی کورد بدات.


دواین پێشهات

زۆرترین خوێنراو